-
- سیاسی
پێیدەوترێت موفتی بەرمیل
موفتییەكەی بەشار ئەسەد دەستگیركرا
2025-03-27
دیبلۆماتیک
لای خەڵكی سووریا وەكو یەكێك لە گەورە تاوانبارانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد تەماشا دەكرێت.
لە پاش بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانەوە لە ساڵی 2011 لە سووریا، پاڵپشتێكی بەهێزی بەشار ئەسەدبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی كە دژی ڕژێمی دیكتاتۆرو داپڵۆسێنەری بەشار ئەسەد ناڕەزایی دەردەبڕن.
شازدە ساڵی ڕێك، لە ساڵی 2005 وە تا 2021 موفتی بەشار ئەسەدو ڕژێمی كۆماری سووریا بوو.
لە ساتە هەرە سەخت و دژوارەكاندا، ئەوكاتەی كە خۆیشاندان زۆرینەی شارەكانی سووریای گرتبوویەوە، بە فتواكانی هێزو وزەی بە سوپاو پیاوانی بەشار ئەسەد دەدا بۆ كوشتن و گرتنی ئەوانەی كە ناڕەزایی دژی دەسەڵات و ڕژێمی سووریا دەردەبڕن.
فتواكانی هێندە دڕندانەو بێڕەحانە بوو، تا ئەو ئاستەی كە داوای لە سوپاو هێزە ئەمنییەكانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد دەكردو هانیدەدان كە بەرمیلی پڕ لە بارووت و تەقەمەنی دژی ئەوانە بەكاربێنن كە دژی ڕژێمی بەشار ئەسەدن، هەر لێرەوە بوو كە خەڵكی سووریا نازناوی " موفتی بەرمیل"یان لێنا.
" ئەحمەد بەدرەدین حەسون" موفتی پێشووی بەشار ئەسەدو ڕژێمی سووریا، دوێنێ لە فڕۆكەخانەی دیمەشق لەكاتی هەوڵدان بۆ جێهشتنی سووریا بەرەو وڵاتی ئەردەن دەستگیركرا.
ئەحمەد حەسوون، موفتییەكەی بەشار ئەسەد، لە ساڵی 1949 لە گوندێكی سەر بە پارێزگای حەلەب، لە خێزانێكی هەژار لە دایكبووە، باوكی یەكێك لە پیاوە ئاینییە ناودارەكانی شارەكەبووە.
لە ساڵی 1967 وەكو وتاربێژ لە مزگەوتەكانی حەلەبەوە دەركەوتووەو لەسەرەتای ساڵانی حەفتاكاندا پەیوەندی لەگەڵ حیزبی بەعسی سووریاو ئەمنی سووریا درووستكردووەو لە سەرەتای هەشتاكاندا بە مەیدانی دەستی بەجووڵەو كاركردن بۆ حیزبی بەعسی سووریا كردووە.
لە زانكۆی ئەزهەر خوێندوویەتی و لە زانكۆیەكی پاكستانی لە وڵاتی میسر بڕوانامەی دكتۆرای لە فیقهی ئیسلامیدا بەدەستهێناوە.
لە ساڵی 1990، بە ڕاسپاردەی حیزبی بەعسی سووریا، بە سەربەخۆیی خۆی بۆ ئەندامی مەجلیسی شەعب كاندیكردووەو دەنگێكی هێجگار زۆری وەدەستهێناوە.
" ئەحمەد بەدرەدین حەسون" لە ساڵی 2002 بووە بە موفتی شاری حەلەب و سێ ساڵ دوای ئەوەش بووە بە موفتی بەشار ئەسەدو ڕژێمی كۆماری سووریا.
ئەو، بەردەوام، بەشار ئەسەدی بە درووستكەری ئاشتی ناودەبردو كە بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011 سەریهەڵداو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان گەشتە سووریا، دەیووت دەستی دەرەكییەو لە سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكاندا ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕاو فەتوای بۆمبارانكردن و وێرانكردنی ئەو شوێنانەی دەردەكرد كە ئازاد كرابوون و لە دەستی ڕژێمی بەشار ئەسەددا نەمابوون.
موفتییەكەی بەشار ئەسەد دەیووت، ڕێگەی ڕاست و سەركەوتن لە ئێرانەوە دەستپێدەكات و لەوێوە دەگاتە بەغداو پاشان دەگاتە حەلەب و دیمەشق و دواتریش دەگاتە بەیروت و لەوێشەوە بە قودس دەگات.
لەپاش كەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، خەڵكی سووریا، بەتایبەت ئەوانەی كە كەس و كاریان لەلایەن ڕژێمی سووریاوە كوژرابوون، بەخۆپیشادان چوونە بەردەم ماڵی ئەحمەد حەسوون و داوایان لە حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع كرد كە زیندانی بكەن و دواتر لەسەر تاوانەكانی دادگایی بكەن.
لەگەڵ كەوتنی بەشار ئەسەددا، موفتی ڕژێمەكەی نەیتوانی هەڵبێت و سووریا بەجێبهێلێت و لە لایەن حكومەتی كاتی سووریاوە لە ماڵەكەی خۆیدا ئیقامەی جەبری بەسەردا سەپێنرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، موفتییەكەی بەشار ئەسەد بە ئاگاداری دەسەڵاتی نوێی سووریا ویستوویەتی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە فڕۆكەخانەی دیمەشقەوە بەرەو وڵاتی ئەردەن بڕوات، بەڵام پاش ئەوەی كە پاسپۆرتەكەشی مۆری لێدراوە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە.
ئەو موفتییەكەی كە دەیووت بەشار ئەسەد هەرگیز چۆك دانادات و سووریا ناكەوێت، ئێستا لە زیندانی ئەو كەسانەدایە كە پێشتر فەتوای دەدا بە ئاگرو ئاسن ڕووبەڕوویان ببنەوە، ئاخۆ بەو مێژووەوە چارەنووسی موفتییەكەی بەشار ئەسەد چۆن دەبێت و بەكوێ دەگات؟