مەترسیەكانی بەبازرگانی كردنی كەرتی تەندروستی

2022-05-25

ساڵح ژاژڵەیی


كەرتی تەندروستی یەكێكە لە هەرە كەرتە هەستیارەكان لە هەموو وڵاتێكدا . لەبەر ئەوەی ئەم كەرتە رۆِژانە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە . بە هۆكاری گرنگی كەرتی تەندروستی ، تا ئێستا لەوڵاتە پێشكەوتو و سەرمایە دارەكان ،ڕێگایان نەداوە ئەو كەرتە بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی نەبێتە ناوەندێكی بارزگانی تەنها لە پێناوی پارەدا . ئەگەر كەرتی تەندروستی بكەوێتە دەستی كەرتی تایبەت ،ئەوكات خەڵكانی فەقیر و هەژار و كەم دەرامەت ناتوانن بە باشی چارەسەری خۆیان بكەن و دواجار جیاوازی چینایەتی دروست دەبێت و كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر كۆمەڵگا.


بۆیە حكومەتەكان بۆ ئەوەی باشترین خزمەت بەهاوڵاتیان بكەن و تەندروستییان بپارێن دوو هەنگاوی زۆر باشیان ناوە . یەكەم : گرینگی تایبەتیان بە كەرتی تەندروستی داوە لەڕوی دابین كردنی بینای باش بۆ خەستەخانەكان ، خزمەتی باش ، دەرمان و پێداویستی باش . ژینگەی باش و گونجاو . بودجەی پێویست .


دووەم: گرینگی دان بە دابین كردنی ژیان و گوزەرانی پزیشك وكارمەندانی بواری تەندروستی لە ئاستێكی بەرزدا لە بەرامبەر بە گرینگی ئەوخزمەتە گەورەی ئەنجامی دەدەن . ئەگەر لەوڵاتێكی وەكو سوید بەگشتی ڕێژەی موچەی هاوڵاتیان لە نێوان 15_ 25 هەزار كڕۆنی سویدی بێت ، ئەوا موچەی پزیشكێك لە 50 هەزار كڕۆن كەمتر نییە . بۆیە پزیشك ژیانی مسوەگەر كراوەو پێویستی بە ئەوە نییە دوای دەوام كار بكات و هەڵپەی پەیداكردنی پارە بدات . كەواتە پزیشكەكان زوربەی كات لەناو خەستەخانەكان بەسەر دەبەن و بە چارەسەری نەخۆشەكانەوە خەریكن .


بابەتەكەی من باسی مەترسییەكانی بە بازرگانیكردنی كەرتی تەندروستییە لە هەریمی كوردستان . من لێرەدا نامەوێت بەراوردی كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان بكەم و بڵێم دەبێ ئێمەش وەكو ئەوان بین .گومانی تێدا نییە ئەوە بۆ ئێمە ناكرێت و ناگونجێت چونكە چەندین قۆناغ لە دوای ئەوانین . بەڵام زۆر هەنگاوی گرنگ هەیە دەتوانین بیان نێین و زۆر كار هەیە دەتوانین بیانكەین . پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، بۆچی ئەوكارانە ناكەین كە بۆمان دەكرێن ؟ئایا ڕێگری هەیە ، ئەگەر ڕێگری هەیە كامانن ؟ یان خۆمان نامانەوێت هەنگاوی باش لەو بوارەدا بنێین؟.


كێشەكانی بواری تەندروستی لەهەرێمی كوردستان ، ئەوەندەی لە بواری ئیدارە داندایە ، نیوەی ئەوە لە بواری دارایی و كەمی پزیشك و كارمەندی تەندروستیدا نییە . هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دەست تێوەردانی حیزب لەكاروباری حكومەت . واتە حیزب حكومەت بەڕیوە دەبات و ئیدارەی دەكات . ئەو كاتە بەرپرسانی باڵای حكومەت و ئەوانەی خاوەن بڕیارن لەسەر بنەمای پسپۆِری و شارەزایی دانانرێن ، بەڵكو پابەندبونیان بە حیزبەوە دەكرێتە پێوەر .


لە گەڵ ئەوەی كە كاری پزیشكی چەند گرنگەو كارێكی دەگمەنەو بە هەموو كەسێك ناكرێت و پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیەو شەونخونی زۆریشی پێویستە تا كەسێك دەبێت پزیشك ، بەڵام موچەی پزیشكێك ناگاتە ئاستی موچەی كارمەندێكی ئاسایش یان دژە تیرۆرێك .


سەیرەكە لەوەدایە ئاسایش و دژە تیرۆر شمولی پاشەكەوتی موچەشیان نەكرد ، بەڵام ئەو پزیشكەی ژیانی خەڵك لە مردن ڕزگار دەكات و لە خەستەخانەكان شەو نخونی دەكات ، شموڵی پاشەكەوتی موچەو لێبڕین و دواكەوتن دەكات . لەم كاتی كۆڕۆنایەدا كەپزیشكەكەكان زۆرترین خزمەتیان بە هاوڵاتیان كردوە . شەو رۆِژ لە خزمەتی هاوڵاتیاندان . ژیانیان لە مەترسیدایە . تا ئێستا چەندین پزیشك و كارمەندی بواری تەندروستی گیانیان لەدەست داوە یان توشی نەخۆشیەكە بون ، حكومەت لە كاتی خۆیدا موچەیان ناداتی . موچەی ئەوانە بەستراوەتەوە بە موچەی بندیوار و بەڵتەجیەكانی حیزبەوە .


سەیركەن تەنها لەشاری سلێمانی بە هەزاران پارچە زەوی تەنها بە فۆڕم دراوە بە كارمەندانی دژە تیرۆر و بە هەزاران پارچە زەوی تریش لە لایەن فەرمادەندەكانی هێزەكانی 70 لە ڕاپەڕین بەناوی شەهیدانی شەڕی داعشەوە دەدرێتە ئەم و ئەو . ئەگەر ئێمە خاوەنی حكومەتێك بوینایە كە لە خەمی خەڵكدا بوایە ، دەبو زەوی بدرایە بە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی وەكو ڕێز لێنانێك بەرامبەر بو هەموو خزمەتە گەورەیان و ئەگەر موچەش لە كاتی خۆیدا نەدرایە ، دەتوانرا لەم ڕێگایەوە بەسەریان بكەنەوە .


ئەم گرێنگی نەدانەی حكومەت بە كارمەندانی بواری تەندروستی و دابین نەكردنی ژیان و گوزرانیان ، هێواش هێواش ئەم كەرتەی لە بواری خزمەت گوزاریەوە برد بۆ بواری بازرگانی . لایەنە مرۆڤایەتیەكەی لەدەستداوە . لە ڕابوردودا هاوڵاتیان وەكو فریشتە سەیری پزیشكیان دەكرد ، بەڵام ئێستا خەڵك ڕقیان لەپزیشكان دەبێـتەوە و دەڵێن ئێستا پزیشكەكان بونە بازرگان و گیرفانمان بەتاڵ دەكەنەوە .


ئەگەر سەرنجی ناوشار بدەی و دیمەنی ئەوهەموو تابلۆیانەی پزیشك و دەرمانخانەو تاقیگەو سەنتەری تیشك و سۆنارە بكەی ، بە تەواوی سەرت سۆڕ دەمێنیت . ئەم بوارە مرۆڤایەتیە ، بەتەواوی بۆتە بواری بازرگانی و بارزرگانی بەژیانی مرۆڤەكانەوە دەكرێت . لە ئێستادا ژمارەی خەستەخانەی ئەهڵی زۆرتر بوە لە خەستەخانەی حكومی .


بەشێك لە پزیشكە شارەزاكان لە خەستەخانە ئەهلیەكان كار دەكەن . گومانی تێدا نییە ، خەستەخانە ئەهلیەكان پاك و خاوینترن و پزیشكەكانیش زیاتر گرنگی بە نەخۆش دەدەن چونكەبە پارەیە . ئەو پزیشكانەی لە خەستەخانە حكومیەكان كار دەكەن و موچەیان هەیە و لە هەمان كاتیشدا لە خەستەخانە ئەهلیەكانیش كاردەكەن، زیانی گەورە بە بواری تەندروستی دەگەیەنن .لە لایەك بڕوای نەخۆش بە خەستەخانە حكومیەكان نامێنێت و لە لایەكی تریشەوە ، بەشێك لەپزیشكەكانیش نیگەران دەبن و حەماسی كاركردنیان نامێنێت ، بە تایبەتی ئەوانەی موچەكەیان كەمە .

،،

بە هۆی ئەوەوە بایەخی خەستەخانە حكومیەكان كەم بۆتەوە . تەنها ئەوانە ڕویان تێدەكەن كە هەژارن و پارەیان نییە . كەواتە لێرەدا جیاوازی چینایەتی دروست دەبێت و كارەساتی كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دێنێـت .


زوربەی كۆمپانیاكانی دەرمان موڵكی بەرپرسە باڵاكانی دوو حیزبی دەسەڵاتدارن و بە ئارەزوی خۆیان نرخ دادەنین و ئەگەر دەرمانی ماوە بەسەرچوش بهێنن ، كەس ناتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكات . لە لایەكی تریشەوە هەمووئەو كۆمپانیانەی دەرمان هاوردە دەكەن لە رێگای نوێنەرەكانیانەوە پەیوەندییان بە پزیشكەكانەوە هەیەو بەرتیلیان پی َدەدەن بۆ ئەوەی دەرمانی ئەوان بنوسن .


لە سەردەمی مەرحوم سەدام حوسەیندا كە عەدنان عوسمان وەزیری تەندروستی بوو دەرمانێكی كڕیبو ، كوالێتی خراپ بوو. خێرا لە دەرمان خانەكان لایان بردن و وەزیرەكەی ئیعدام كرد . ئەی نەتان دی لە هەولێر دەرمانیان هێناو چاوی 20 كەسیشیان كوێر كرد؟ لە كییان پرسییەوە و كێیان ئیعدامكرد؟ ئەوە دەرمانی بەرپرسەكانەو موبارەكە . ئەوەتا لە هەولێر خەستەخانەیەكی مناڵان كە كاتی خۆی بە پارەی ڕێكخراوی خێرخوازی كۆمپانیاكان دروست كراوە ، پارتی دەستی بەسەردا گرتوەو كردویەتی بە كەرتی تایبەت . ئەمە گەورە بوەو نەتەوە یەكگرتوەكانیشی لێ‌ ئاگادار كراوە .


لە ماوەی پیشودا دكتۆر محمد كیانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڕاپۆرتێكی تیرو تەسەڵی نوسیوە لەسەر هەموو ئەو خەستەخانانەی لە لایەن حكومەتەوە دروست كراون و دەستیان بەسردا گرتون . باسی سەنتەرێكی تاقیكردنەوەی كردوە لە هەولێر كە هەمووكار مەندەكانی موچەی حكومەت وەردوگرن و پارەكەشی بۆ حكومەت نییە . خەستە خانەیەكی مناڵان دروست كرداوە هێشتا تەواو نەبوە ،خراوەتە سەر زانكۆی كوڕی بەرپرسێك كە قەقیرە لە وڵاتە وێرانەیەكی وەكو سویسرا دەخوێنێت . كەرتی تەندروستی هەر بەناو كەرتی حكومییەو بە تەواوی بۆتە كەرتی تایبەت و هەموو ئەوەش بە بەرنامەی بەرپرسانی حكومی خاوەن دەسەڵات كراوەو لە پێناوی دەسكەت و بەرژەوەندی خۆیاندا ئەوە دەكەن .بەرپرسی باڵای حیزبە هەیە 5 ملیۆن دۆلاری لە موڵكی گشتی بردوەو خەستەخانەی تایبەتی بۆ خۆی پێ دروست كردوە و لەولاشەوە فرمێسكی خوێنین بۆ میللەت هەڵ دەڕێژێت.


بونی كەرتی تایبەتی تەندروستی و پێشكەوتنی شان بەشانی كەرتی حكومی ، هەنگاوێكی باشە بەمەرجێك

یەكەم : لەسەر حسابی كەرتی گشتی گەشە نەكات ببێتە هۆكاری ئەوەی بایەخی خەستەخانەحكومیەكان كەم ببێتەوەو هەرچی پزیشكی باشە بچێتە خەستەخانە ئەهلیەكان .


دووەم: حكومەت ئەمە بەیاسا ڕێك بخات و بەردەوام لێپرسینەوەو بەدواداچون بكات ، نەك وەك ئێستا هەرچی بیەوێت خەستەخانە بكاتەوەو هەرچی بیەوێت دەرمانخانەبكاتەوەو دەرمانی كوالێتی خراپ و بەسەرچوو بفرۆشن .


لە ئێستادا كە ناو بەناو موچە دەدرێت پزیشكەكان بە گشتی و پزیشكەپسپۆر ِو شارەزاكان بەتایبەتی بەیانیان لە دوای سەعات 8ی بەیانی سەردانێكی سەرپێی نەخۆشخانە حكومیەكان دەكەن و بە خێرایی نەخۆشەكان بەسەر دەكەنەوە . هەر كە سەعات بوو بە دووی پاش نیوەڕۆ هەندێكیان زوتریش ، خەستەخانە چۆڵ دەكەن و بە پەلە بەرەو نورینگەكانیان یان خەستەخانە ئەهلیەكان دەرۆِن و خەستەخانە حكومیەكان پەپوی تییدا دەخوێنێت وچۆڵاَ دەبێت لەپزیشك .


بە وردی سەرنج بدەن كارەسات لێرەوە دەست پی َدەكات : پزیشكێكی پسپۆڕ بەیانی لانی كەم دوو تا سێ سەعاتێك دەچێتە خەستەخانەی حكومی . لەوانەشە نەشتەرگەریشی هەبێت . پاش نیوەرۆ دەچێتە نورینگەكەی خۆی یان خەستەخانەیەكی ئەهڵی . لەم بەینەدا لەوانەیە كارەساتی كتو پڕ ڕوبدات و داوا لە فڵان پزیشكی پسپۆڕ دەكەن فریاكەوێت . هەندێك لە پزیشكە پسپۆر و شارەزاو بەناوبانگەكان ، ڕۆژی وا هەیە 80 نەخۆش زیاتر دەبینێـت . بیر بكەرەوە چۆن بینێك دەبێت ؟


هەمان ئەو پزیشكە پسپۆڕە بەناو بانگە بۆ بەیانی وانەشی هەیە لە كۆلێجی پزیشكی . باشە پزیشكێك ڕۆژی پێشو ئەوەندە ماندو و هیلاك وسەرقاڵ و مێشك چەنجاڵ بوبێت، چۆن دەتوانێت وەكوپێویست وانەی ئاوا گرنگ بڵێتەوە و خوێندكار سودی باشی لێ وەرگرێت ؟ لە وڵاتانی پێشكەوتوی جیهاندا ئەوانەی وانەی پزیشكی دەڵێنەوە زوربەی كاتیان هەر بۆ ئەوە تەرخان دەكەن و بەردەوام لە ڕێگای ئینتەر نێتەوە ، بەدوای زانیاری نوێدا دەگەڕێن و نورینگەیان نییەو شەوی 80 نەخۆش نابینن .


ئەوپزیشكانەی تازە دەرچون موقیمن لە خەستەخانەكان ، زۆرترین ئەركیان لەسەرشانە .ئەوانە خەستەخانەكان بەڕێوە دەبەن و پزیشكە پسپۆڕەكان تەنها چەند سەعاتێك لە بەیانیاندا سەردانی خەستەخانەكان دەكەن و باقیاتی كارەكە دەكەوێتە ئەستۆی پزیشكە موقیمە تازە دەرچوەكان .

،،

بیر دەكەنەوە دوای ئەوهەموو ساڵانەی خوێندن و شەو نخونیە ، موچەكەیان ناگاتە موچەی كارمەندێكی ئاسایش . كەواتە چۆن حەماس و ئارەزوی كاریان بمێنێـت .

ئەوپزیشكانە دەبن بە زەرەرمەندی یەكەم و دەبنە قوربانی ئەو سیستمە خراپەی كە هەیە و هیچ حەماسێكیان بۆ كاركردن و خزمەتی نەخۆش نامێنێت. واتە ئەوانیش هەمیشە لە بیری ئەوەدان خێرا ببنە خاوەنی نورینگەو تاقیگەو دەرمانخانەو سەنتەری تیشك و سۆنار لە پێناوی دەسكەوتی ماددیدا .


كەواتە لێرەدا ئەوەندەی لایەنی دەسكەوت و بازرگانی گرینگی دەبێت ئەوەندە لایەنی مرۆڤایەتی گرینگی نامێنێـت و بەو هۆیەوە كەرتی تەندروستی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو وێرانەتر دەڕوات و هەمو حكومەت خۆی لێی بەرپرسیارە . مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە بایەخی باشتر بە پزیشكەكان بدرێت و ژیانیان مسوەگەر بكرێت بۆئەوەی ئەوانیش باشترین خزمەت بە نەخۆشەكان بكەن .كاری پزیشكی كارێكی تایبەتەو بە هەمووكەسێك ناكرێت .


حكومەت نابێ ڕێگا بدات ئەو كەرتە لەژێر كۆنترۆڵ دەرچێت و ببێتە بوارێكی بازرگانی لە ڕێگای ئەوەی ژیانی پزیشكان و كارمەندانی بواری پزیشكی باش بكات بە جۆرێك كە پێویستیان بەوهەموو هەڵپە هەڵاپە نەبێت بەدوای پارەداو ئەو كات حكومەت دەتوانێت هەموو كارمەندان پابەند بكات بە دەوامی تەواوەو كردنەوەی دەرمانخانەو تاقیگەو نورینەگەكانیش سنوور دار بكات و بیانخاتە ژێر چاودیری وردەوەو باجی تەواویشیان لێ‌ وەرگرێت .