وریا غەفوری ئەو یاریزانە كوردەی ئێرانی هەژاندووە

2022-05-29

وریا غەفوری
ئەو یاریزانە كوردەی ئێرانی هەژاندووە

وریا غەفوری،یاریزانە كوردە خۆشەویستەكەی کاپتنی یانەی ئیستقلالی تاران، چالاکوانێکی مەدەنیە لە شێوەی وەرزشوانێکی پیشەگەردا.
بەرپرسان لە قسەکانی دەترسن و لێدوانەکانیشی لەلایەن خودی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێرانەوە وەڵامدەدرێتەوە. به‌ڵام هه‌وڵی میدیاكانی حكومه‌ت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر شه‌قامی ئێرانی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.
هەتا زیاتر قەدەغە دەبێت، جەماوەری لە نێو هاووڵاتییانی ئێراندا زیاتر دەبێت.
لە ئێستادا وریا بەتەنها یاریزانێك نییە،بەڵكو قارەمانێکە کە لە کردەوەکانی ڕێژیم ناترسێت.
هەر کە فیکەی کۆتایی لە چوارگۆشە سەوزەکەدا لێدرا و کامێراکان گردبوونەوە و ڕۆژنامەنووسان بۆ دیداری یاریزانەکان ڕیزیان بەست، وریاغەفووری کاپتن لە ڕەخنەگرتن لە خراپ بەڕێوەبردنی وڵات و دۆخی ژیان درێغی ناکات و وەرزش و جیهانەکەی پشتگوێ دەخات و بایەخ بە نیگەرانییەکانی وڵات و ئازاری خەڵک دەدات
وریا هەموو پلاتفۆرمەكانی لە سۆشیال میدیا تەرخانکردوە بۆ چالاکییە مەدەنییەکانی خۆی، وەک لە چالاکییە وەرزشییەکانی.
"کاتێک هەندێک شت بەسەر هاوڵاتیاندا دێت، تۆپی پێ چیتر كاری له‌ پێشینه‌ی من نابێت‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگی پێده‌ده‌م به‌كارهێنانی پێگه‌ی خۆمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببم به‌ ده‌نگی ئه‌و هانده‌رانه‌ی له‌ كاتێكی سه‌ختی ژیاندا بلیت ده‌كڕن، بۆ ئه‌وه‌ی هانمان بده‌ن . ئێرانییەکان مافی ئەوەیان هەیە بە خۆشی بژین." بەم شێوەیە غەفوری هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەهۆی گرانی تێچووی ژیان کە هەموو وڵاتی هەژاندووە، ڕاگەیاند .
هاوشێوەی هەڵگرتنی یارمەتییە فەرمییەکانی خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخ و ڕوودانی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی هەفتەیەک لەمەوبەر لە شارەکانی ئێراندا، کە حکوومەت بە توندی ڕووبەڕووی بووەوە، میدیا ناوخۆییەکان ڤیدیۆ کلیپێکی غەفوورییان بڵاوکردەوە، کە باس لە خراپی بارودۆخی خەڵک و بێباکی بەرپرسان بەرامبەر بە دۆخی سەختی هاوڵاتیان دەکات، ئەمەش بووە هۆی ڕەزامەندی خەڵک و توڕەیی حکومەت لێی.
وریا غەفوری تەمەن 34 ساڵ شانازی بە ناسنامەی کوردایەتی خۆیەوە دەکات، خەڵکی شاری سنەی پایتەختی پارێزگای کوردستانی ڕۆژئاوای ئێران و دراوسێی کوردستانی عێراقە. ساڵانێکە وەک بەرگریکار لە یانەی ئیستقلال یاری دەکات، یەکێکە لە یانە گرنگ و سەرەکییەکانی ئێران، ڕەنگی شینە کە ڕکابەری پێرسپۆلیس ڕەنگ (سوور)ە.

وریا لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی تاران ناترسێت؛ خۆی لە سەرجەم وەرزشوانە گەنجەکان و تەنانەت دێرینەکانیش جیاکردۆتەوە، ئەویش بە بەرزکردنەوەی دەنگی خۆی لە هەموو قەیرانەکاندا کە وڵات پێیدا دەڕوات، وەک ئەوەی لە گۆڕەپانی تۆپی پێدا بێت، لە هەڵویستی بەرگریکردن لە خەڵکدا وەستاوە.

دوای لێدوانەکانی ئەم دواییەی، کەناڵی سێی حکومەت بەخێرایی وێنەی وریا لە نێو وێنەی یاریزانانی یانەکەدا سڕییەوە کە لەسەر شاشەی ستۆدیۆی بەرنامە وەرزشییەکەی دەرکەوتبوو. کە تایبەت بوو بە پاڵەوانبونی تیپی ئیستقلال لە تۆپی پێی یانە نایەبەکاندا، ئەمە لەکاتێکدایە غەفووری کاپتنی تیپەکە و یەکێک لە دیارترین یاریزانانی یانەکەیە.
بەهۆی کارلێکی بەرفراوانی جەماوەری لەگەڵ لێدوانەکانی وریادا، فیگەرەكانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیان لە کۆمپانیای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن گرت و سڕینەوەی وێنەکانی غەفوورییان بە کارێکی قبوڵنەکراو لەقەڵەمدا، و داوایان کرد ئەوانەی پەیوەندییان بەو کارەوە هەبووە، داوای لێبوردن بکەن.
لە ئەنجامی ئەو ڕەخنە و فشارانەی کە کەناڵە حکومیەکە ڕووبەڕووی بووەوە، لە زنجیرەیەکی نوێی بەرنامە وەرزشیەکەدا، وێنەی وریا لە پشت شاشەکانی ستۆدیۆوە گەڕێنرایەوە.
عەلی دایی ئەفسانەی تۆپی پێی ئێران، لە بەخێرهاتنی هاندەرانی هەردوو یانەی ئیستقلال و پێرسپۆلیسی تاران، وێنەیەکی وریای لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی "بێدەنگکردنی ڕەخنەگر، لادانی کێشەکەیە نەک چارەسەرکردنی. خەڵک لە خراپترین دۆخی ژیاندا دەژین و دەبێت چارەسەری ڕیشەیی هەبێت بۆ کێشەکانی خەڵک لەبری سنووردارکردنی".
پێشوازیکردنی ئێرانییەکان لە وریا غەفوری و لە قەڵەم دانی وەک قارەمانێکی ئازا کە لە ترساندن و دورخستنەوە و تەنانەت دەستگیركردنیشی ناترسێت.

كاتێك محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەو کاتە، کاتێک ڕایگەیاندبوو: "شانازی دەکەین بەوەی بەرگەی فشارەکان لەبەردەم بەرگریکردنمان لە فەلەستین و لوبنان بگرین." وریا غەفوری
لە ڕێگەی ئەکاونتەکەیەوە لە ئینستاگرام بۆی نوسیبوو: "ئەو کەسەی لە ژێر فشاردا دەژی بۆ بەرگریکردن لە گەلانی ستەملێکراو لە فەلەستین و یەمەن و لوبنان، ئەوە ئێوە نین، بەڵکو... گەلی ئێرانە".
ئەم لێدوانەی وریا بەسەرعەلی خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا تێنەپەڕی و بە تووڕەییەوە وەڵامی دایەوە و وتی: "هەندێک کەس سوود لە ئاسایشی وڵات وەردەگرن، سەرقاڵی کار و وەرزشی خۆیانن و نکۆڵی لەو نیعمەتە دەکەن، نازانن چۆن ئاسایش دابینکراوە".
غەفووری لە زۆر پرسی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیدا و لە دەربڕینی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو قەیرانانەی لە ساڵانی ڕابردوودا دروستبوون، درێغی نەکردووە.
هەرچەندە یاریزانێکی باشە و سەرکردایەتی یەکێک لە دیارترین یانە پلە نایابەکان دەکات، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بانگهێشتی کەمپی هەڵبژاردەی نیشتمانی ئێران نەکراوە.
چالاکوانە مەدەنی و وەرزشیەکان گومانیان هەیە ئەمە پەیوەندی بە هۆکاری ناوەرزشیەوە هەبێت و ڕێگریکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمنیەوە لەوەی بچێتە ناو لیستی هەڵبژاردەی ئێرانیەوە پەیوەندی بە لێدوانەکانی و سونی بوونیەوە هەیە.

کاتێک وریا لە یاریگادا بێت، لەناو یاریگاکاندا خەڵک هاوار دەکەن " وریای با غیرت، حرف ‏تو حرف ملت"، بە کوردی واتە: "وریای بەغیرەت، قسەی تۆ قسەی میلەت".
هەردوو هاندەرانی وەرزشی و نا وەرزشی ئەم هەڵوێستانەی دوایی وریا بە هەڵوێستێکی مرۆیی و بوێرانە دەزانن، ئەویش بەوەی کە پاڵپشتی خەڵک دەکات لەم دۆخە ئابووریە سەختەدا.