جەهەپەو پرسی کوردو مەسەلەی ئازادکردنی دەمیرتاش..!

2022-05-30

د. سەلام عەبدولکەریم

لێدوانەکانی کەمال کڵیچدار ئۆغڵۆی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا(جەهەپە) لەم قۆناغەدا، کەتورکیا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەنگاو دەنێت و ساڵی ئایندە بڕیارە ئەنجام بدرێت، جگە لەوەی گوتاری سیاسی کاتی هەڵبژاردنن، هاوکات تەنها هەوڵی فریودانی کوردە لەباکوری کوردستان و تورکیا، هاوکات بەشێکیشە لە گوتاری دیماگۆگی کاتی هەڵبژاردن، لەبەرئەوەی هیچ پارت و هێزێکی سیاسی تورک بەچەپ و نەتەوەپەرست و کەمالی و ئاینی و لیبراڵەوە بڕوایان بەچارەسەری پرسی کورد لەڕوانگە نەتەوەییەو دەستوورییەکەوە نییەو کورد وەک نەتەوەو کێشەی کورد وەک پرسی نەتەوایەتی و یاسایی و دەستووری لەدونیابینی ئەواندا نەک بوونی نییە بگرە بێبەشکردن و قڕکردنی کورد بوونی هەیە وەک بەشێک لەئەندێشەی ئاساییشی، کە بێبەشکردنی ئەوانیتر وەک یەکێک لەتێزەکانی بەرجەستەکردنی چەمکی ئاساییش تەماشا دەکەن.

هەروەک لەمبارەوە هەریەکە لە(بوث و ویلەر) بەوجۆرە پێناسەی چەمکی ئاساییش دەکەن، کە"تاکەکەس و گروپەکان ناتوانن ئاساییش و سەقامگیریی دەستەبەر بکەن، دەبێ ئەوانیتر بێبەش بکەن ئینجا دەتوانن، ئەوەش کاتێک بەدەست دێت، کەوا سەیری چەمکی ئاساییش کرا بریتییە لەپرۆسەی رزگاربوون".


بۆیە باشترە کورد لەم کاتە هەستیارەدا بەگوتاری سیاسی هیچ هێزێکی سیاسی تورکیا فریو نەخوات. هەروەک زیندانیکردنی دەمیڕتاشیش پرسێکی ئاساییشی و دادوەرییە بەبڕیاری سیاسی ئازاد نابێت، چونکە سەرباری ئەوەی دادگاکانی تورکیا دوای هەوڵی کودەتای (15 ی تەمموزی 2016) بەسیاسیکراون بەدیاریکراویش دوای گۆڕان و جێگێربوونی سیستەمی سیاسی لەپەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و بەپشتبەستن بەهەندێ لەدەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار لەسیستەمی نوێی سەرۆکایەتی تورکیادا، کەسەرۆک کۆمار هەندێ لەدادوەرەکانی دادگای تێهەڵچوونەوە دادەمەزرێنێت، بۆیە هێزو پارت و کەسایەتییە سیاسییەکان ناتوانن دەستوەردان لەکاروباری دادگاکانی ئەو وڵاتە بکەن و نەدەمیرتاش و نەهیچ کەسایەتییەکی سیاسی دیکەش ئازاد بکەن. دواجار سەرباری تۆتالیتاریبوونی سستەمی سیاسی و فەرمانڕەوایی لەتورکیا لەفۆرمە گشتییەکەیدا، هاوکات سیستەمی سیاسی تورکیا سیستەمێکی دیموکراسییە لەڕووی پرنسیپی جیایی دەسەڵاتەکان (مبدأ فصل السلطات)، کەپرەنسیپێکی بنەڕەتی هەر سیستەمێکی دیموکراسییە بۆیە بەو پێوەرانە و زۆری دیکەش نەجەهەپەو نەسەرۆکەکەشی کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ دەتوانن دەمیرتاش و هیچ سیاسییەکی دیکەی کورد بەبڕیاری سیاسی ئازاد بکەن.

سەرباری ئەوەی مێژووی سیاسی جەهەپە لەئەتاتورکەوە تاکۆتایی سەدەی بیستەم بریتییە لەمێژووی جینۆسایدو قڕکردنی کورد لەنموونەی کوشتوبڕی دێرسیم لەساڵانی سییەکان و کوشتاری مەرعەش لەکۆتایی ساڵانی حەفتاکان. سەرباری ئایدۆلۆجیا سیاسی و هزرییەکەی، کەکەمالیزم و نەتەوەپەرستی تورکە، بەڵام روپۆشکراوە بەتێزی دیموکراسیی و پێکەوەژیانی ساختە. باشترە بۆ کوردو هەدەپەش خۆی بەگوتاری دیماگۆگی و بەڵێنی فریودەرانەی جەهەپە و هیچ هێزێکی سیاسی تری تورکیا هەڵنەواسێت و دیواری ئومێدی چارەسەری کێشەی کوردو پرسی ئازادکردنی دەمیرتاش لەسەر بەڵێنە بێناوەڕۆکەکانیان هەڵنەچنێت.