محەمەد سالار " پاشا"
ئەم نووسینە قسەکردنە لەسەر سێ خاڵ. سێ خاڵ جیاوازی لە نێوان دوو یەکێتی، یەکێتی شاخ و یەکێتی شار.دوور و نزیک جیاوازی نییە لە نێوان لایەنی پرشنگدار و تاریک، ئەوەندە نەبێت باسە لە جیاوازی کاریگەری ئەو حیزبە لە ژمارەی یەکەمەوە بۆ دوای فاریزە!، لەنێوان ڕابردوو و ئێستا، هەوڵێکە بۆ بەیان کردنی ئەوەی: بۆچی یەکێتی کاریگەری نەما؟
یەکەم: فیکرمام جەلال دامەزرێنەری یەکێتی، لە بەیانی دامەزراندنەکەیدا کە بە خەتی خۆی نووسیوێتی و هەروەها نامیلکەی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆچی؟) کە (ئارام) وەرگێڕانی کردووە بۆ زمانی کوردی، بە ڕوونی باسی لە تەواوی هۆکارەکانی دامەزراندنی یەکێتی کردووە، شیکارییەکی وردی بۆ شکستی شۆرشی ئەیلول و بزوتنەوەی چەکداری کوردی کردووە، پاشان گرنگترین ئەو بنەما فکرییانەی دیاری کردووە کە یەکێتی لەسەر دامەزراندووە، ناوبراو یەکێتی لەسەر بنەما و تیۆرەکانی ماو سی تۆنگ (حیزبی پێشڕەو و بەرەی نیشتیمانی و سوپای گەل) دامەزراندبوو. بە وردی هەمان تیۆری ناوبراوی لەسەر ئەرزی واقیع و لە ناو بەرەی یەکێتی نیشتیمانی تەرجومە کردبوو. حیزبی پێشڕەو کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو، بەرەی نیشتیمانی خودی یەکێتی بوو کە لە هەر سێ ڕێکخراوی کۆمەڵە و سۆسیالست و هێڵی گشتی پێکهاتبوو، سوپاکەش هێزی پێشمەرگەی هەر سێکیان بوو.بۆ هەموو پرسەکان خاوەنی پرۆژە و روئیای ڕوون بوو، دەیزانی چ دەوێت و چی داوا دەکات و چۆن داواکارییەکانی ورد ئەکاتەوە بۆ جێبەجێکردن.هاوڵاتییەک کە دەچووە ڕیزەکانی ئەو حیزبە دەیزانی بۆچی چووە و چارەنووسی چییە «هەیئەی خاسە و پەتی سێدارە»؟!. کەچی دەچوو، لە دوای هەکاری لە ماوەیەکی کەم لە چەند سەد کەسێکەوە چوونەوە خانەی هەزاران!
ئەمڕۆ دەبێت پرسیار لە نەوەی دووەمی تاڵەبانی - برایم ئەحمەد بکەین:- چ فیکرێک ئەم حیزبە ئاراستە دەکات؟ «پارە»- خاوەنی چ پڕۆژەیەکە بۆ حکومڕانی؟ «نەمانی پارە لە بانکەکان»- خاوەنی چ ڕوئیایەیەکە بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی و هەرێمی و کێشەکان لەگەڵ بەغدا؟ «بەریدی سەرۆکی حکومەت و گوێگری دراوسێ»- ئەرێ بە ڕاست هاوڵاتییەک لەبەرچی ببێت بە یەکێتی؟ یان بە زمانی هەڵبژاردن؛ لەبەرچی دەنگ بدەین بە یەکێتی؟ «نازانم»
دووەم: کاریزمالە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، هەموو ئینقلابێک، شۆڕشێک، پرۆژەیەک، حیزبێک، لە بنەمادا پڕۆژەی یەک کەسە، ئەویش سەرۆک و کەسی یەکەم، تورکیای کەمالی، ئێرانی خومەینی، میسری عەبدولناسر، لیبیای قەزافی، پارتی بارزانی، دواجار یەکێتی تاڵەبانیش.تاڵەبانی باوک لە گوندی کەلکانەوە بۆ کۆلێژی حقوق لە بەغدا، لە حوجرەی تاڵەبانییەوە بۆ دەرگای عەبدولناسر و بن بێلا، لە تێکدەرێکی بەرچاوی ڕژێم بۆ سەرۆک کۆماری عێراق. دەگێڕنەوە بارزانی باوک وتویەتی: بۆیە جەلالم خۆشئەوێ کاتێ ئەچێ بۆ بەغدا بە شەق لە دەرگای وەزیری دیفاع ئەدات».ئەمڕۆ گەنجێک سەروکاری ئەو حیزبەی گرتوەتە دەست نە لە کوردستان ژیاوە و نە ئەزموونی ڕابردووی هەیە و نە خاوەنی پرۆژەیە و نە روئیای هەیە بۆ ئاریشەکان و نە ئەکادیمییە و نە نووسەر و نە وتاربێژێکی باش! «بە لایەنی کەم لە ماوەی ئەم نۆ مانگەدا کە میری یەکەمی ئەم ناوچەیەیە»
سێیەم: ڕاگەیاندنلە سەرەتای دامەزراندنی ئەو حیزبە تا ڕووخانی رژێمی بەغدا، یەکێتی خاوەنی دەزگای جیاواز جیاواز بووە لە ڕاگەیاندن، هەر لە گۆڤار و وەرزنامە و بڵاوکراوە و نامیلکە و کتێب بۆ ڕۆژنامەی رۆژانە و کەناڵی ناوخۆیی، پاشان کەناڵی ئاسمانی. ڕاگەیاندنەکەی لە ئاستێکدا بوو بە ئاسانی «ڕای گشتی» کۆنترۆڵ دەکرد، وە دەیتوانی چۆنی بوێت ئاڕاستەی بکات، بە جۆرێک کادیری وەهای هەبوو بە تەنها بارتەقای مەکتەبی ڕاگەیاندنی حیزبی بەرامبەر کاریگەری هەبوو.ئەمڕۆ یەکێتی خاوەنی زیاتر لە سەد و هەشتا دەزگای بینراو و بیستراو و نووسراوە، بە هەر هەمووی نەیانتوانی بە قەد کەناڵی «ڕوداو» ڕووماڵی هێنانەوەی تەرمی ڕابەر و سەرکردەکەیان «مام جەلال» بکەن لە کاتی وەفاتکردنی! نە گوێ لێ گیراون، نە دەخوێنرێنەوە و نە دەبیسترێن و نە دەتوانن کاریگەری دروست بکەن لە ڕای گشتی، یەک لەشکری گەورەش مووچە وەردەگرن!