د. كامەران مەنتك
سەرباری بوونی كێشەی گەندەڵی وچەندین قەیرانی سیاسی ترسناك لە هەرێمی كوردستان، دەتوانین بڵێین یەكێك لەقەیرانە بنەڕەتیەكانی هەرێم قەیرانی هزری سیاسیە، نەبوونی بیركردنەوەیەكی سیاسی وستراتیژی روون فەوزایەكی گەڕەلاوژەو گێرەشێوێنیەكی ترسناكی دروست كردووە، لەجیاتی ئەوەی بەرەو بیر كردنەوە وگەڕان بەدوای چارەسەریەكاندا بگەڕێت، گرێكوێرەی قەیرانەكان قووڵتر دەكاتەوە ودۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، ئەمەیە وای كردووە تاكی كورد لەهەرێمی كوردستان هێندەی لەچاوەڕوانی شكست وكەوتنێكی تردا بێت، هێندە كار بۆمانەوە وسەركەوتن ورزگاربوون لەو دۆخە نەكات. زۆربەی كات ئەو كێشە دەگەڕێنرێتەوە ونەزانین وساویلكەیی خەڵكی كوردستان وكۆمەڵگەی كوردی بەهۆكاری سەرەكی ئەم دۆخە وێنا دەكرێت، كار گەیشتووە ئەوەی ئیلیتی كوردی لەجیاتی ئەوەی بیر لەچارەسەری بكاتەوە، هەمیشە بیر لەوە دەكاتەوە چۆن كەموكوڕیە هزریەكانی خۆی بخاتە ئەستۆی خەڵكی هەرێم، لەهەموو شكستەكاندا خەڵك بكرێتە باشترین ئەستوندە بۆئەوەی نەزانی وراكردن لە بەرپرسیاریەتی خۆیانی پێهەڵبواسن، لەكاتێكدا ئەوەی توانیویەتی لەهەموو لایەنەكانی تر رۆڵی خۆی بگیڕێت وبەئەركی مێژوویی خۆی هەڵسێت خەلكی هەرێمی كوردستانە!.
زیاتر لە 70 ساڵە كۆمەڵگەی كوردی لەباشوور بەرگەی هەموو قوربانیدانێكی گرتووە وهەمیشە رەنج وماندووبوونەكەی لەلایەن ئیلیت وبەناو حیزب وسەركردە سیاسیەكانەوە بازرگانی پێوە كراوە ولە تاریكترین چركە ساتەكاندا بە تەنیا لەگۆڕەپانەكە جێهێڵراوە! پێم وانیە هیچ میللەتێك لەهەموو دنیا هەبووبێت هێندە كورد قوربانی دابێت وئامادەی قوربانیدان بوو بێت، تاوەكو گەیشتە قۆناغی مت بوون وبەخۆ داچوونەوە، كە ئەمە قۆناعێكی ئیجگار گرنگەو بنەمایەكی تەندروستە بۆ دەستپێكی قۆناغێكی تر، كە زۆر جیاواز لەو مێژووە پڕ شەرمەزارییەی تیایدا ژیاوە، قۆناغێك، كە خۆی خاوەنی ئیرادەی خۆی بێت، ئەمەش زینددوویی ئەو كۆمەلگەیە نیشان دەدات، نەك پێچەوانەكەی، وەك بانگەشەی بۆ دەكرێت، ئەگەر بێت ودوای ئەو هەموو نەهامەتی و نسكۆیەی بەسەری هاتووەو بەسەریاندا هێناوە، هەر بەهەمان شێوەی رابردوو وەك دەڵێن بەگۆلمە ئاوێك بكەوێتەوە مەلە، واتای ئەوەیە كۆمەڵگەی كوردی نەیتوانیوە دەرس لەرابردوو وەربگرێت.
لای هەمووان روونە، كە زیاتر لەحەفتا ساڵە لەرووی چەكداریەوە ئەو كۆمەڵگەیە پشتی حیزبە بەناو كوردیەكانی گرتووە، لە ئەیلوول 14 ساڵ چەكی هەڵگرت وخوێنی رشت، كەچی بەیەك وتە سەركردایەتی شۆڕش دەست بەرداری هەموو شتێك بوو، خەڵك ئاوارەی وڵاتان بوو لەماڵی خۆیدا ریسوا كرا، سەركردەكانیش بەپارەی دزراوی شۆڕش بوونە بازرگان وسەرمایەداری گەورەو كەوتنە ژیانێكی شاهانە، كاتێك راپەڕین سەری هەڵدا، هەمدیس جارێكی تر خەڵك دەستی كردەوە چەك ورووبەڕووی دڕەندەترین رژێم، رژێمی بەعس بووە، كەچی دوای ئەوەی راپەڕین تێكشكاو كۆڕەو دەستی پێكرد، حیزبەكان بەماشێنی دزراو ماڵ ومناڵی خۆیان رزگار كردوو لە ئێران وتوران ئاغایانە ژیان، كەچی خەڵك بەپیادە وبەرەزالەت سنوورەكانی بڕی ولەرێگەی راكرندا ئازیزو خۆشەویستانی خۆی لەدەست دا، دوای راپەڕین وبەناوی كوردایەتی وحیزبایەتیەوە، وەك دەسكەلای داگیركەران شەڕی ناوەخۆیان داگیرساند، جارێكی تر خەڵكی كوردستانیان كردەوە قوربانی، بەرپرسەكان میوانداری یەكتریان دەكرد ومنداڵی خەڵكیشیان بەدیلی وبەدڕەندانەترین شێوە لەناو دەبرد، لەكۆتایشدا هەردوو سەركردەی شەڕكەر، راشكاوانە گوتیان :" ئەگەر دادگایەك هەبیت من ومام جەلال بێ تاوان دەردەچین" وهەموو تۆمەتی شەڕەكەیان خستە ئەستۆی خەڵك، لەقۆناغی ئارامی دوای روخانی رژێمدا، خەڵك جارێكی تر كرایەوە سواڵكەرو ئەوانیش بەناوی كوردایەتیەوە بوونە بازرگان وداروبەردی ئەو وڵاتەیان حەپەلووش كرد، ئەمجارەیان لەپەنای خەباتی مەدەنیەوە گۆڕان هات ودەنگی خەڵكی هەموو دزی ولەكۆشی دەسەڵاتی كردەوە، ئەمە وایكردە، ئەو خەباتە مەدەنیە فریودەرەی خەڵكیان پێ فریودا، ئەویش باوی نەمێنێت وئیتر خەڵكی كوردستان چیتر بەئاسانی بەدەهۆڵ وزوڕنای كەس هەلنەپەڕێت! ئێستا لەقۆناغێكداین، خەڵك مت بووەو چاوەڕوانی دۆخێكی نوێ دەكات، بەرامبەر ئەمەش هێزەكان، هەموو هێزەكانەوە، دەسەڵات، ئۆپۆزسۆن، هێزی مەعریفی، واتە بەناو رۆشنبیران، خۆریان ئاوا بووە، بەمەش قۆناغی ساویلكەیی وفریوخواردنی خەڵك بەكۆتا هاتووە ودەبێت ئەو میكانیزمەش تووڕ هەڵبدرێت، كە سەد ساڵە كوردی پێ فریو دەدرێت!.