پیرەڕێوی ئامۆژگاری ئۆکراینا دەکات!

2022-06-04

محمد خۆشناو


مەبەستم هێنری کیسنجەر-ی وەزیری پێشووتر و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەیەکگرتووەکانە ، کە بە ڕێوی پیر و میکاڤیللی نوێ و پادشای گەمەکان ناوی دەهێنن ، کە بەردەوام دووچاری هێرشی تووند و ستایشی لەڕادەبەدەر بووە…ئێمەی کوردیش یادەوەری تاڵمان لەگەڵیدا هەیە و ، زۆربە بە تووشبووی نەخۆشی شێتی مەزنایەتی و تاوانباری جەنگ تۆمەتباری دەکەن کە سەبەبکاری بەکوشدانی سەدان هەزار کەس بووە لە جەنگی ڤیەتنام کە سەرپەرشتیاری فراوانکردنی جەنگی ڤیەتنام بۆ کەمبۆدیای کردووە ، بەڵام هەندێکی دیکە بەنموونەی دەگمەنی بلیمەتی سیاسی دادەنێن ، ئایا ئەو کارەساتانەی کە کیسنجەر سەبەبکاری بووە شان بەشان لەگەڵ بەهرە سیاسی و تەفاوزیەکانی بەرگە دەگرن؟


ئەمجارەیان کیسنجەر لە کۆنگرەی «داڤۆس» داوا لە ئۆکراینەکان دەکات کە دانوستاندن لەگەڵ ڕوسیا بکەن و دەڵێت : پێویستە ئۆکراینا واز لە بەشێک لە خاکەکەی بێنێت و ، بگەنە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕوسیا و کۆتایی بە جەنگی سێ مانگە بێنن ، هەروەها کیسنجەر ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی هان دەدات و دەڵێت : بەردەوام داواکردنی ڕوسیا و شکاندنی شکۆی پۆتین هەڵەیە و ئەنجامی خەراپی بەدوادادێت و لە دوور مەودادا سەقامگیری ئەوروپا بەرەو خەراپی دەبات ، بەتایبەتی کە ڕوسیا هەر لە «400» ساڵەوە بەشێکی بنچینەیی ئەوروپا بووە و ڕۆلی هەبووە لە هاوسەنگی هێزەکان لەو کاتە هەستیار و تەنگانەیەی کە بەسەر ئەوروپا تێپەڕیوە ، کیسینجەر وای دەبینێت کە پێویستە وڵاتانی ئەوروپا بایەخی ڕوسیا بزانن و ، هۆشیار و ئاگاداربن « نەخزێنە ناو میزاجی چرکەسات » و پێشتریش ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە ئۆکراینا ببێتە ناوچەیەکی دابڕاو لەنێوان ڕوسیا و خۆرئاوا و ، ئەگەر ئۆکراینا ببێتە وڵاتێکی بێلایەن وەک پردێک لەنێوان ڕوسیا و ئەوروپا ئەنجامێکی نموونەیی دەبێت و ، لە لێدوانەکەی بۆ کۆنگرەی داڤۆس تەئکیدی لەوەش کردەوە کە پێویستە لە دوو مانگی دادێ دانوستاندن دەستپێبکات بەر لەوەی دۆخەکە بەرەو گرژی و پشێوی بڕوات کە نەتوانرێت بەئاسانی بەسەریدا زاڵ بن ، ئەم لێدوانانەی کیسنجەر ئۆکراینیەکانی تووڕەکرد و هێرشی تووندیان کردە سەری ، بەڵام بە بەکرێگیرا و ناپاک و بوکەڵەی پۆتین- یان دانەنا وەک ئەوەی لەو ناوچەیەی ئێمە ئەو تۆمەتانە هەڵدەبەسترێن ، هەندێکی دیکەش دەستخۆشیان لەو لێدوانەی ناوبراو کرد بەتایبەتی لە ژوورە داخراوەکانی ئیدارە و دەسەڵات ئەو ڕاوبۆچوونەیان بە هەند وەرگرتووە و دبێتە جێی لێکۆڵینەوەی دائیرەکانی بڕیار دروستکەران لە ئەمەریکا .


پێم وایە بایەخی کیسنجەر هەر تەنها شارەزایی دوورودرێژیەکەی «99» ساڵ لە بواری دبلۆماسی و سیاسەتی دەرەوە نیە ، بەڵکو لەبەر ئەوەشە کە هیچ وەزیفەیەکی حکومی نیە و ، بیر لە بەرژەوەندی کەسی و ئاسۆی ئایندی سیاسی ناکاتەوە بۆیە دەتوانێت بیروبۆچوونی بوێرانە و سەربەخۆیانە بخاتەڕوو ، ئەو گەیشتۆتە بڕوایەک کە بەردوامی دۆخی قەیرانی ئۆکراینا وەک خۆی ، بەرژەوەندی وڵاتەکەی ناهێنێتەدی و ، هێز لەسەر زەوی لەبەرژەوەندی ڕوسیایە بەتایبەتی چڕکردنەوەی پڕۆسەی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە بەسنووری ڕوسیا وەنووساوە ، جگە لەمە ڕوسیا توانی زۆربەی کاریگەری سزا ئابووریەکان هەڵمژێت و ڕۆبل بەهێز بکات ، هەر ئەوە نا ئێستا وڵاتانی ئەوروپا هەست بە هەڕەشەی غازی ڕوسیا دەکەن و ، ڕوسیا چاوەڕێی زستانی دادێ دەکات ئەوسا دۆخی ئەوروپا دەگاتە حالەتێکی وا کە ناچار بن مامڵەی لەگەڵدا بکەن و دابەشبوونی زیاتر بەسەر پەیمانی ناتۆ بهێنێت کە ئەمە ئامانجی پۆتینە.


بێگومان ئەوەی کیسنجر داوای دەکات ئەوەیە کە دانوستاندن باشترە لە جەنگ و ، واپێدەچێت چارەنووسی قەیرانەکەش بەرەو دانوستاندن بڕوات و ، ئۆکراینا هەرێمەکانی خۆرئاوا«کریمە ، دونباس ، لۆگاتسک» لەدەست دەدات و وەرناگرێتەوە ، زەمەنی ئەم کێشەیە لە مەلەفەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و داڵانە تاریک و پێچوپەنایەکانی تەفاوز هەڵدەدرێتەوە کە هیجی لێبەدی نایەت.