فریای خەڵك بكەون

2022-06-06

ساڵح ڕەحمان

لە بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی و ناوچەكانی دیكەش، رۆژانە و لە دوای نوێژی عەسر، دەیان تۆن مەوادی خراپبوو و بێكەڵك بە نرخی هەرزان بەسەر هاووڵاتیاندا ساخ دەكرێنەوە، بەشێكی زۆری ئەو خۆراك ‌و كاڵایانە ماوەی بەسەرچوونیان لەسەر نییە ‌و نازانرێت چۆن بەرهەمهێنراون ‌و لە كوێوە هێنراونەتە ناو هەرێمی كوردستان، بەشێكی دیكەشیان چەند رۆژێكیان ماوە بۆ بەسەرچوون.


سەیر لەوەدایە زۆربەی ئەو كەلوپەلانە خۆراكن و له كاتێكدا نابێ‌ لە پلەی گەرمیی بەرزدا دابنرێن، بەڵام لەبەر خۆرەتاو و لەم گەرمایەدا بەبەرچاوی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانەوە هەڕاج دەكرێن.

،،

هاووڵاتیانیش بەهۆی قەیرانی دارایی ‌و گرانیی نرخەكانەوە، لە كەلوپەل و خۆراكەكان دەوروكێن و دەیانكڕن، بەبێ‌ ئەوەی هەست بكەن كە ئەو خۆراكانە زۆر مەترسیدارن بۆ سەر تەندروستیی خۆیان ‌و خێزانەكانیان.


چاودێریی تەندروستی ‌و بازرگانیی و لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەت، بەردەوام دەگەڕێن بەسەر ماركێت و مۆڵ ‌و شوێنەكانی خواردندا و ئەگەر سەرپێچییەكی بچووك هەبێت سزای دەدەن، بەڵام بەبەرچاویانەوە رۆژانە دەیان تۆن خۆراكی ماوەبەسەرچوو بەشێوەیەكی ئاشكرا دەرخواردی خەڵكی ئەم شارە دەدرێت و كەسیش نییە لێپێچینەوەیەك بكات.


كار وا بڕوات و ئەگەر هەنگاوی بەپەلە نەنرێت، ماوەیەكی دیكە بازرگانە چاوچنۆكەكان هەرچی خواردەمەنیی ئێكسپایەری وڵاتانە، هاوردەی دەكەن و لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەسەر هاووڵاتیانی بەشمەینەتدا ساخیان دەكەنەوە.


هەرچەندە دڵنیا نییم، بەڵام وەكو لە هەندێك سەرچاوەوە بیستوومە، ئێستا چەندین كەس كاریان ئەوەیە، هەر جۆرە خواردەمەنیی ‌و كاڵایەك كە ماوەی بەسەرچوونی نزیك دەبێتەوە، بەنرخی هەرزان لە ماركێت ‌و دوكانەكان كۆیان دەكەنەوە و رادەستی ژمارەیەك گەنجی بێكاریان دەكەن، بۆ ئەوەی لەسەر عەرەبانە و ئێواران بە هەڕاج بیانفرۆشن، بەو شێوەیەش خاوەن ماركێتەكان خۆیان لە غەرامەكردن دەپارێزن ،كاڵا و خۆراكەكانیش سوودێكی زۆر بەو كەسانە دەگەیەنێت كە لەپشت ئەو كارەوەن، هەروەها چەند كەسێك فێربوون لە وڵاتانی دەوروبەریشەوە ئەو كاڵا و خۆراكانە بەنرخی زۆر هەرزان دەكڕنەوە، كە ماوەی بەسەرچوونیان نزیكە و بە شێوەی هەڕاج دەیخەنە بازاڕەوە.


ئەركی رۆژنامەنووسان ‌و دەزگاكانی راگەیاندنە لە جیاتی هەوڵدان بۆ زیادكردنی ژمارەی ڤییووەر و لایك ‌و كۆمێنت، كار لەسەر ئەو پرسە نیشتمانییە بكەن، دامودەزگا دەوڵەتییەكانیش بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستن ‌و رێگریی بكەن لەو مەترسییە گەورەیە كە بەرۆكی خەڵكی گرتووە.