د. كامەران مەنتک
جۆن پێركنز، یەكێكبوو لە كارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا(CIA) بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ لەبەشی ئابووری ئەو دەزگایەدا كاری كردووە، دوای ئەوەی خانەنشین بوو كتێبێكی دەربارەی ئەزموونی خۆی لەو بەشەدا لەژێرناوی(Economic Hit Man) بڵاوكردەوە، كە وەرگێڕدراوەتە سەر زۆر زمان لەجیهاندا، لەعەرەبیەكەیدا بە(الاغتیال الاقتصادی للامم) وەرگێڕدراوە، بەكوردیەكەی دەكاتە بكوژی ئابووری.
،،
پێركنز لەپێشەكی كتێبەكەیدا باس لەوەدا دەكات، كە بڵاوكردنەوەی ئەو كتێبە سەرەتا مەترسیەكی گەورە بووە لەسەر ژیانی وتەنانەت كچەكەی خۆی ئامۆژگاری كردووە، كە بڵاوینەكاتەوە!.
خوێندنەوەی ئەو كتێبە زۆر گرنگە بۆئەوەی بتوانیت لە سیاسەتی ئەمریكاو تەنانەت بەشێك لەرووداوەكانی جیهان تێبگەیت، لەبەرئەوەی پێركنز خۆی لەناو رووداوەكاندا بووەو سەرۆكی وڵاتانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەمریكای لاتین ووڵاتانی ئەفریقا و.... هتد بینیوەو مامەڵەی لەگەڵ كردوون!. ل
ەو كتێبەدا باسی سیاسەتی ئەمریكا دەربارەی تەواوكردنی خولی ئابووری وڵاتەكەی و گەڕاندنەوەی ئەو دۆلارانەی، كە لە ئەنجامی كڕینی نەوت وكەل وپەلدا لەوڵاتەكەی چۆتە دەرەوە دەكات، بۆئەم مەبەستەش ئەوە روون دەكاتەوە، كە چۆن دەبێت ئابووری ئەو وڵاتان بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە ولەو رێگەیەشەوە بیانخاتە ژێر چەتری سیاسی وسەربازی خۆیەوە،
پێركنز كرۆكی ئەو سیاسەتە لە سێ خاڵدا كۆدەكاتەوە:
1-مامەڵە كردنی راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆكی وڵاتەكاندا: لەو خاڵەدا باس لەوە دەكات، كە چۆن چۆنە لای سەرۆكی دەوڵەتان و دەیان پڕۆژەی ئابووری خستوونەتە بەردەم، بۆ نمونە دەڵێت سەرەتا باسی پڕۆژەكەم دەكرد، دواتر دەمگوت ئەوەندە ملیۆن دۆلارە بۆ تۆ دەبێت، لەبەرئەوەی كوڕەكەشت كەسێكی بەتوانایە دەیكەینە بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە، ئیدی بەو شێوەیە خزم وكەس وكارەكەیمان لەكۆمپانیاكە دادەمەزراندو دەستمان بەسەر ئابووری وڵاتەكە دادەگرت!.
2- هاندانی خەڵك بۆ هاتنە سەرشەقام و ئەنجامدانی خۆپیشاندان: ئەگەر سەرۆكەكە بەو داواكاریە رازی نەبوایەو نەهاتبوایەتە ژێر بار، ئەوا شەقامیان لێهان دەدا، واتە كەموكوڕیەكانیان دەردەخست و تۆمەتیان بۆ دروست دەكردو لەپنای ئازادی بیروراوە خەڵكیان دەهێنایە سەرشەقام وئاژاوەیان لە وڵاتەكەدا بڵاو دەكردەوە، تاوەكو ناچاریان دەكرد چۆك دابدات!.
3- بەكارهێنانی هێزی سەربازی: ئەگەر لەدوو خاڵەكەی یەكەمدا سەركەوتنیان بەدەست نەهێنابوایە، ئەوا راستەوخۆ لەرێگای هێزی سەربازیەوە خۆیان لەوڵاتەكە هەڵدەقورتاندو رژێمەكەیان دەگۆڕی، بۆ ئەو خاڵە نمونە بە (سەدام حوسێن)ی سەرۆكی ئێراق دەهێنێتەوە، كە دوای ئەوەی لە دوو رێگاكەی سەرەتایی سەرنەكەوتن، هێزی سەربازییان هاناردە سەری!
ئەم پوختەیەم بۆ ئەوە باس كرد تاوەكو بەوردی لەئابووری سەربەخۆی هەرێم و ئەو قەیرانە ئابووریە تێبگەین، كە ئەمڕۆ باشووری كوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێت! ئەگەر سەیری كۆمپانیاكانی كوردستان بكەیت، بەروونی بۆت دەردەكەوێت، كە كۆمپانیا سەرەكیەكان هی حیزبە، كە لەراستیدا نوێنەرایەتی بنەماڵە سیاسیەكانی كوردستان دەكەن و لەرووی ئەكادیمی و زانستیەوە دوورو نزیك لە حیزب ناكەن، ئەو كۆمپانیایانە دەستیان بەسەر هەموو كایە ئابووریەكاندا گرتووە، چەندەی ئەوان دەوڵەمەند دەبن وداهات زۆرتر دەبێت خەڵك هەژارتر دەبێت! تەنانەت لەرێگەی سیاسەتی برسیكردنەوە درێژە بە دەسەڵاتەكانیان دەدەن، هەروەك چۆن دەوڵەتانی داگیركاری كوردستانیش لەرێگای ئەو حیزبانەوە دەیانەوێت بەهاكانی نەتەوەی كورد بێبەها بكەن و ئیرادەی تێكبشكێنن!
لەو ڕوانگەیەوە تێدەگەین، كە ئابووری كوردستان لەدەست كورد خۆی نەماوەو لەپێناو مانەوەی خۆیان ودرێژەدان بە دادۆشینی وڵات، جڵەوی ئابووریەكەی باشوور تەسلیمی هێزە هەرێمی وداگیركەرەكانی كوردستان كراوە، ئەوە هەمان ئەو دۆخەیە، كە لەزۆربەی ولاتە نەوتیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، بۆیە بەوردبوونەوە لەو دۆخە، ئێستا نە نەوت و نەئابووری هەرێم لەبەردەستی كورددا نەماوە، ئەو ململانێیەی لەنێوان هەرێم و بەغداش دا هەیە بەشێكە لەململانێیەكی هەرێمی لەسەر نەوتی كوردستان لەنێوان تاران و ئەنقەرە!. ئەو دوو بنەماڵەیە تەنیا وەك دەڵالێك، نەوت و ئابووری كوردستایان تەسلیم بە توركیاو ئێران كردووە، بۆ نمونە ئەو رێككەوتنە پەنجا ساڵەی لەنێوان توركیا وهەرێم باسی لێوە دەكرێت، زۆر لەو رێككەوتنامەیە دەچێت، كە لەنێوان شای سعودیەو ئیزنهاوەری سەرۆكی ئەمریكا لەساڵی 1945 بەسترا، كە بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە نەوت وئابووری ئەو وڵاتە خرایە ژێر دەستی ئەمریكاو بەرامبەر ئەمەش ئەركی پاراستنی ئەو بنەماڵەیە لە مەترسیە دەرەكی و ناوەخۆییەكان، واتە لەهەڕەشەی گەلەكەی خۆی! خرایە ئەستۆی ئەمریكا، سەیركە لە سایەی ئەو رێككەوتنامەیەوە بنەماڵەی شاهانە لە سعودیە چۆن دەژین وگەلی سعودیەش چۆن دەژیت، كەزیاتر 50% لەژێر هێڵی هەژاری دایە! بۆیە ئەوانەی ئەو جۆرە مامەڵانە دەكەن، گەلەكەی خۆیان بە گەورەترین مەترسی لەسەر خۆیان تێدەگەن وهەمیشە چارەنووسی خۆیان دەدەنە دەست دوژمن وداگیركرانی گەلەكانیان ودەكەونە بەرەی ئەوانەوە!.