چی لە مێشکی لاهور شێخ جەنگیدا دەگوزەرێت؟

2022-06-08

تەنها یەک مانگ ماوە بۆ ساڵیادی ٨ی تەموز، لاهور شێخ جەنگی هێشتا بێدەنگە، لەو لاشەوە بافڵ تاڵەبانی ڕۆژ بەڕۆژ جوڵەی توندتر دەکات دەژی،

ئایا لاهور شێخ جەنگی دەتوانێت گۆمەكە بشڵەقێنێت، ئەمڕۆ بۆچی فەرماندە نزیکەکەی وتی هەستانەوەیەک هەڵدەستینەوە یارو نەیار توشی شۆک بن؟ ئایا لاهور شێخ جەنگی هەمووان شۆک دەکات؟ بۆچی چاوەڕوانی یەکی ئاب دەكات، چی لە مێشکی لاهور شێخ جەنگیدا دەگوزەرێت؟

ئەوەی لاهور شێخ جەنگی دەبینێت، تەنها پێیان دەڵێت چاوەڕوان بن، ئەوەی کە ڕوویدا بەسەرمدا ڕوودەداتەوە، کەس نازانێت بە دیاریکراوی چی ڕوودەدات، بەڵام هەمیشە هیوای ئەوە دەدات کە دەبێتەوە شەخسی یەکەمی یەکێتی

ئەو دەڵێت ئامادە نییە دەستبەرداری یەکێتی ببێت، هەر هەمان زمانی پەیام ئەمڕۆ لە زاری سالار ڕەواندزی،فەرماندەو پێشمەرگەی دێرینی یەكێتی وترا کە ڕایگەیاند:لەهەر ئان و ساتێکدا هەستانەوەیەک هەڵدەستینەوە یارو نەیار توشی شۆک بن.
ئەو فەرماندە نزیکەی لاهور شێخ جەنگی وتیشی: کەوتنمان کەوتنی پەرداخێك ئاو نیە بشکێین و برۆین بە زەویدا بەڵکو هەستانەوەمان زەمین دەلەرزێنێت
لاهور کە تا ئێوارەی ٨ی تەموزی ٢٠٢١ کەسی یەکەمی یەکێتی بوو، لە ئێستادا بە تەواوی کۆنتڕۆڵ و کاریگەری لە ناو یەکێتیدا لەدەستداوە، یەکەمجار دەزگای زانیاری و دژەتیرۆریان لێسەندەوە و دواتر دەسەڵاتەکانیان لێسەندەوە و دواتریش لە حزب دەریانکرد، بەڵام ئەو یەکەمجار وتی حزبەکەی بەو پلانگێڕییە ڕازی نابێت، دواتر هەر خۆی دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی بوو، دواتر بێدەنگ بوو، تا ئێستاش ڕستەیەکی توندی دژی بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی نەوتووە، لە ماوەی ڕابردووشدا زنجیرەیەک سەردانی بۆ ناوچە جیاوازەکان ئەنجامدا و تێیدا جگە لەوەی پێشوازییەکی گەورەی جەماوەی لێکرا باسی لە ڕاپەڕینی جەماوەری دەکرد، بەڵام دواتر بێدەنگ بوو، تا ئەو کاتەی لە سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا دەرکەوتەوە، تا ئەو کات سیناریۆکان بۆ ئەوە دەچوون کە حزب دروست بکات بۆ هەڵبژاردنی کوردستان، بەڵام وتی کە ئامادە نییە حزب دروست بکات و باوەڕیشی بە خەباتی پەرلەمانی نەماوە.

 

لە دوای ئەم قسانە بە تەواوی ناڕوونە لاهور شێخ جەنگی بە تەمای چییە، بەڵام سیاسییەک کە حزبی نەبێت و باوەڕی بە خەباتی پەرلەمانی نەبێت، یان دەبێت واز لە سیاسەت بهێنێت و دوربکەوێتەوە، یاخود دەبێت بە تەمای شۆڕش بێت، هەر ئەوەش ئەو بابەتەیە کە مێشکی لاهور شێخ جەنگی سەرقاڵکردووە، کە ئایا دەتوانێت بە پاڵپشتی جەماوەر و وەک ئەوەی پێشترلە ناو خەڵکدا دەیوت دۆخەکە قبوڵ ناکرێت و دەتوانێت ڕاپەڕین بکات.
بە گوێرەی وتەی کەسە نزیکەکانی لاهور شیخ جەنگی، ئەو بە جۆرێک قسە دەکات کە پێی وایە دۆخەکە بەم شێوەیە نامێنیتەوە، ئەگەر ڕاپەڕینێک یاخود خۆپیشاندانێکی گەورە ئەنجام بدرێت، ئەوە یەکێتی ناتوانێت کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات و ئەویش ئامادەکاری دەکات لەو کاتەدا دەست بەسەر یەکێتیدا بگرێتەوە

هەروەها چاوەڕێی ئەوەیە لە ڕێگەی دادگاوە کە بڕیارە لە ١ی ئابدا کۆتا بڕیار بدات، شەرعیەتی خۆی لە حزبەکەیدا بەدەستبهێنێت، بە کورتی و پوختی لاهور شێخ جەنگی چاوەڕێی ئەوەیە دۆخێکی نائاسایی بێتە ئاراوە تا دەست بە جوڵە بکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی یەکێتی، ئەگەر دۆخەکەش نەبێت، ئەوە بتوانێت دروستی بکات لە ڕێگەی میدیاوە و خۆی وەک سەرکردەیەکی نزیک لە خەڵک نیشان بدات و بەردەوامیش بێت لە بینینی دەنگە ناڕازییەکان.

بەڵام ئەوەی ئەم کارەی بۆ لاهور شێخ جەنگی قورسکردوە، ئەوەیە کە بافڵ تاڵەبانی بە تەواوی لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی و سەرکردە نزیکەکانی لە قاوغ داوە و لە کۆبوونەوەی داهاتووی سەرکردایەتیدا بە فەرمی دەبێتە سەرۆک و سیستمی هاوسەرۆکی نامێنێت و سەرجەم ئەو سەرکردانەشی لە لاهور نزیکن دەوری ڕاوێژکاریان دەدرێتێ و هیچ دەسەڵاتێکیان نامێنێت، جگە لەمانەش ڕۆژ بەڕۆژ لالەزار چۆڵتر دەبێت و لاهور شێخ جەنگی بە تەنها دەمێنێتەوە

کەواتە ئێستا لاهور لە بەردەم دوو بژاردەدایە بۆ ئایندەی سیاسی خۆی ئایا دەتوانێت ڕاپەڕین و شۆڕش بکات یاخود دەتوانێت کودەتا بکات، یان ئەوەی ماویشیەتی بە تێپەڕبوونی کات دەکوژێتەوە.