سەبارەت بە نەوتی کوردستان، مەلا مستەفا چی بە ئەمەریکا وتووە؟

2022-06-12

لە ساڵی ۱۹٦٥داو پاش هەگیرساندنەوەی شەڕ لە نێوان حکومەتی عێراقی و شۆڕشی کوردیدا، لە ڕێگەی باڵوێزخانەی ئەمەریکاوە لە تاران، سەرەڕای داوای هاوکاری و چەک و چۆڵ، مەلا مستەفای بارزانی، داوا لە ئەمەریکا دەکات کە بێنە ناوچەکەیان و وەک ویلایەتێکی دیکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کوردستانی عێراق بڕوانن و کۆمپانیا ئەمەریکییەکانیش نەوتەکەی دەربهێنن.

ڕاستەوخۆ لە پاش کۆتاییهاتنی گفتوگۆی حکومەتەکەی عەبدولسەلام عارف و شۆڕشی کوردی، مەسعود بارزانی و شەمسەدین موفتی، بە نامەیەکی مەلا مستەفاوە دەگەنە باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران و داوای هاوکاری ڕاستەوخۆ لە ئەمەریکا دەکەن.

،،

لە ۱۲ی نیسانی ساڵی ۱۹٦٥دا، باڵوێزخای ئەمەریکا لە تاران بە نامەیەک وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە لە ڕێگەی ئەوانەوە مەلا مستەفای بارزانی داوای هاوکاری لە ئەمەریکا دەکات.

لە ناوەرۆکی ئەو نامەیەدا کە لە کتێبی " شۆڕشی ئەیلوول لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمەریکا"دا بڵاوکراوەتەوەو " وریا ڕەحمانی" هێناویەتییە سەر زمای کوردی، هاتووە کە " پیاوێک بەناوی " شەمسەدین موفتی" و هاوڕێیەکی بەناوی مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ هاتن بۆ بۆ باڵوێزخانە کە نامەیەکی ناساندنیان لە لایەن مەلا مستەفای بارزانییەوە پێبوو، هەروەها پەیامێکی زارەکییان لە لایەن مەلا مستەفاوە پێبوو کە بە توندی داوای یارمەتی ڕاستەوخۆی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کردبوو".

لەنامەکەدا ئەوە هاتووە کە شەمسەدین موفتی وتوویەتی، کوردەکانی عێراق پێوویستیان بە یارمەتی دارایی و سەربازی هەیە، بە تایبەتی چەکی گران و دەیانەوێت کاربەدەستانی ئەمەریکا بێنە ناوچەکەیان و وەک " ویلایەتێکی دیکە"ی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تەماشای ناوچەکەیان بکەن.

شەمسەدین موفتی، نوێنەری شۆڕشی ئەیلوول بووە لە تاران و ئەو بە باڵوێزخانەی ئەمەریکای لە تاران وتووە، کە کاربەدەستانی ئێران لەم سەردانەیان بۆ لای ئەوان ئاگادار نین.
وەکو لەنامەکەی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاراندا هاتووە، شەمسەدین موفتی بە کاربەدەستانی باڵوێزخانەکەی وتووە، کە مەلا مستەفا وتوویەتی، دەبێت سەرچاوەکانی نەوتی کوردستان لە لایەن کۆمپانیایەکی ئەمەریکاییەوە بە ڕێکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کوردەکانی عێراق بەرهەم بهێنرێت.

لە نامەکەیاندا بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران وتوویانە کە ئەوان لە بەرانبەر قسەکانی شەمسەدین موفتی دا، هیچ لێدوانێکی هاندەرانەیان نەهاتووەتە سەر زمان.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە کە شەمسەدین موفتی داوای کردووە پەیامەکەی بنێردرێت بۆ واشنتۆن و لەوەو بەدوا باڵوێزخانەی دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تاران، وەک خاڵی پەیوەندی لەگەڵ بارزانی کەڵکی لێوەربگیرێت، چونکە بەهۆی جموجوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای عێراق، زۆر زەحمەتە بارزانی بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئەمەریکا بتوانێت کەڵک لە باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد وەربگرێت.

وەک لە نامەکەدا هاتووە، شەمسەدین موفتی بە کاربەدەستانی باڵوێزخانەی ئەمەریکای لە تاران وتووە کە مەلا مستەفای بارزانی نایەوێت لە ڕێگەی ئێرانەوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا هەبێت و دەیەوێت خۆی ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەبێت

،،

چونکە متمانەی ئەوەی بە ئێران نییە کە بیرو بۆچوونەکانی بارزانی بە ڕاستی وەکو خۆی بگوازێتەوە بۆ ئەمەریکا.

لەناوەرۆکی نامەکەشدا ئەوە هاتووە کە سەبارەت بە داواکارییەکانی نوێنەرەکانی مەلا مستەفا، بەرپرسانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان نووسیوە کە ئەوان ئاماژەیان بە سیاسەتی نەگۆڕی ئەمەریکا کردووە سەبارەت بە کێشەی کوردەکانی عێراق و پێیان وتوون کە پەیامەکەیان دەگەیەنن بە واشنتۆن، بەڵام بەرپرسیار نین لە وەڵامدانەوەی پەیامەکەیان.


بەپێی بەڵگەنامە نهێنیەکانی ئەمەریکا تایبەت بە شۆڕشی ئەیلوول، لە ۱٤ی نیسانی ساڵی ۱۹٦٥دا، بە بروسکەی ژمارە " ۹٨۳" وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تاران ئاگادار کردووەتەوەو ڕێنووێنی کردووە کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ نوێنەرەکانی بارزانی وتووێژ نەکات و جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە سیاسەتی خۆتێوەنەگلاندنی ئەمەریکا لە کێشەی کوردەکان و حکومەتی عێراق نەگۆڕاوەو دەبێت درێژە بەو سیاسەتە بدەن کە شۆڕشی کورد کێشەیەکی ناوخۆیی عێراقە.