بەرائە زیمەکەی سەدر

2022-06-13

کشانەوەی پارلەمانتارەکانی کوتلەی سەدر ، هاوپێچە بە نامەکەی موقەتەدا کە لە کۆتاییەکەیدا بەرائە زیمە ( ئەستۆ پاکی) خۆی لەهەموو ئەگەرەکانی داهاتوو نیشان دەدات .
کشانەوە کتوپڕەکانی سەدر نەیەکەم جار و نەدواجاریش دەبێت . ئەو لەناکاودا سوپای مەهدی هەڵوەشاندەوە و بۆ چەند ساڵێک بەتەواوی دوورکەوتەوە .

چووەپاڵ بزوتنەوەی تشرین و بێ هۆکار کشایەوە . لە بەشداریکردنی هەڵبژاردن کشایەوە و دواتر گوتی لەسەر داواکاری لایەنە شیعیەکان بەشداری دەکەم .

تەنانەت لە وتارەکانیدا بۆ جەماوەرەکەی زوو زوو توڕە دەبێت و دەکشێتەوە . بۆیە ئەم کشانەوەیەشی دەچێتەوە ناو ژمارەی زیزبوونەکانی پێشووتری .

،،

بەڵام ئەمجارەیان چارەنوسی هاوپەیمانەکانی ( سونەی حەلبوسی و پارتی ) بە نادیاری هێشتەوە !!


لەڕووی یاسایی و پەیڕەوی ناوخۆی پارلەمانەوە کشانەوە کوتلەکەی سەدر ناکاتە هەڵوەشاندنەوەی پارلەمان . کاندیدە دەرنەچووەکان شوێنیان پڕ دەکەنەوە . بەوەش ژمارەی کورسیەکانی کاندیدە دەرنەچووەکانی ئیتاری تەنسیقی زیاد دەکات . ئەگەرێکی بەهێزە ئەم بەرائەت زیمەیەی موقتەدا سەدر جێهێشتنی حکومەت بێت بۆ مالکی و خۆی تەرخان بکات بۆ گرنگیدان بەسیاسەتی شەقام و جەماوەر . بەڵام بەرانبەرەکەی کە مالیکی یە ، نەیارێکی سەرسەختە و تەنیا کەسێکە لەناو تەواوی عێراقیەکاندا ڕووبەڕوو بەرامبەر سەدر جەنگاوەو دەجەنگێت . مالیکی بە نیوەی ژمارەی کورسیەکانی سەدرەوە ، موقتەدای لە گۆشەیەکدا گیرکرد کە نە ئۆپۆزسیۆن بوونی لێ قبوڵکرد و نە پێدانی حکومەتیش . یان هاوبەشی کردن یان کشانەوەی بۆ سەدریەکان هێشتەوە .

موقتەدا ئیختیاری دووەمی پەسەندکرد و ئەستۆ پاکیەکەی لەیەک کاتدا هەم هەڕەشەیە و هەم کشانەوە . چیتر چاوەڕێ ی توانا ئەکرۆپاتیکەی مالیکیە لەبۆشایی نەبوونی سەدردا چۆن نمایشە سیاسیەکانی دەستپێدەکات . ئەو بەرائە زیمەیە لەڕاستیدا دۆڕاندنە بەتامی بردنەوە و موقتەدا زیزبوونەکەی پێ داپۆشیوە .