سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر
قه‌یرانی ئاو له‌كوردستان ده‌مێكه ده‌ستی پێكردووه، به‌ڵام تائێستا وه‌كو پێویست كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌كراوه. ساڵ دواى ساڵیش قه‌باره‌ى ئه‌و گرفته گه‌وره‌تر ده‌بێت و چاره‌سه‌ركردنیشی زه‌حمه‌تتر ده‌بێت. ساڵانه ئاوی سه‌رزه‌وی كوردستان به نزیكه‌ى 47 ملیار مه‌تر سێجا ئاو ده‌خه‌مڵێندرێت، له‌و رێژه‌یه زیاتر له 17 ملیار مه‌تر سێجا پێویستی خه‌ڵكی كوردستانه و سودی لێوه‌رده‌گیرێت، ئه‌ویدیكه‌ی كه نزیكه‌ى 30 ملیار مه‌تر سێجایه‌و ده‌كاته یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئاوی سه‌ر زه‌وی له كوردستان، به‌فیڕۆ ده‌ڕوات و هیچ سودی لێوه‌رناگیرێت كه رێژه‌یه‌كی ئێجگار به‌رزه، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه مه‌ترسی گه‌وره‌ى وشكبونی زه‌وی یان به‌بیابانبونی كوردستان ساڵ دواى ساڵ له‌كوردستان نزیكده‌بێته‌وه‌و ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه بڕوات، رۆژێك دێت ناتوانرێت چاره‌سه‌ر بكرێت.
بێگومان هۆكاره‌كانی كه‌مبونه‌وه‌ی ئاو زۆرن، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین هۆكاره‌كانی كه‌مبونه‌وه‌ى ئاو، یان گرفتی ئاو له‌كوردستن ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: گۆڕانی كه‌شوهه‌واو سروشت به‌گشتیی.
دووه‌م: نه‌بوونی پرۆژه‌ى گلدانه‌وه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی وه‌ك به‌نداو و پرۆژه‌ى ئاودێریی..تد.
سێیه‌م: خراپ به‌كارهێنانی ئاو و به‌فیرۆدانی ئاو.
چواره‌م: زیاتر بوونی پێداویستیه‌كانی ئاو به‌هۆی دروستكردنی پرۆژه‌ى نیشته‌جێبوونی و پرۆژه‌ى دیكه كه پێویستیان به‌ئاوی پاكه.
،،
زیاتر له 50 هه‌زار بیری ئاو له‌كوردستان لێدراوه، نیوه زیاتری قاچاخ و نایاساییه
سه‌باره‌ت به‌گۆڕانی سروشت و پله‌كانی گه‌رما، ئه‌مه گرفتێكی جیهانیه‌و هه‌موو وڵاتانی گرتۆته‌وه. به‌قسه‌ى كاپتن هاى له‌كتێبی (دوو ساڵ له‌كوردستان) له‌ساڵی 1920 به‌رزترین پله‌ی گه‌رما له‌شارێكی وه‌كو هه‌ولێر 42 پله‌ى سیلیلیزی بووه، به‌ڵام ئێستا‌و دواى 100 ساڵ، پله‌ى گه‌رما له‌هه‌ولێر له‌هه‌ندێك كاتدا ده‌گاته 50 پله‌ى سیلیلیزیی! كه‌واته 8 پله زیادی كردووه. بێگومان ئه‌و زیاتر بوونه‌ى پله‌ى گه‌رمی كاریگه‌رى راسته‌وخۆ ده‌كاته سه‌ر كۆی سروشت ژیانی مرۆڤ له‌كوردستان.
پرسی خراپ به‌كارهێنانی ئاو، یه‌كێكی دیكه‌یه له‌گه‌وره‌تربوونی قه‌یرانی ئاو. ئینجا چ به‌فیڕۆدانی ئاو بێت له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه یاخود لێدانی ده‌یان هه‌زار بیری ناقانونی له‌ناو شار‌و ده‌شت و ده‌ر بۆ باخ و پرۆژه‌ى تایبه‌ت كه كاریگه‌رى راسته‌وخۆی كردۆته سه‌ر پرسی ئاو له‌كوردستان به‌تایبه‌ت له‌شارو شارۆچكه‌كان ئاوی ژێر زه‌وی به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر بیری ئاو وشك بوون و سه‌رئه‌نجام بێئاویی زیاتر بووه.
،،
ئه‌گه‌ر به‌نداوی بێخمه ته‌واوكرابا، نه‌وه‌كانی ئێستا‌و داهاتوو ده‌حه‌سانه‌وه
به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى بڵاوده‌كرێنه‌وه له‌هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌روو 50 هه‌زار بیری ئاوی ژێر زه‌وی هه‌یه. له‌و رێژه‌یه، زیاتر له 27 هه‌زار بیر به‌ناقانونی و نازانستی له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه بۆ ئاوی ماڵان یاخود پرۆژه‌ى تایبه‌ت و باخ لێدراو‌ن. ئه‌م رێژه به‌رزه‌ى بیری ئاوی خاوێن، مه‌ترسی كه‌مبونه‌وه‌ی ئاوی له‌كوردستان گه‌لێك گه‌وره‌تر كردووه، چونكه له‌لایه‌ك ئاستی بیری ئاوی شاره‌كان به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر دابه‌زیوه‌و له‌لایه‌كی دیكه ئاوی ژێر زه‌وی سامانی سروشتیی نه‌وه‌كانی داهاتووه، ناكرێت به‌مشێوه‌یه ده‌ستدرێژی بكرێته‌سه‌رو مه‌ترسی بخرێته سه‌ر ئاینده‌ى نه‌وه‌كانی داهاتوو.
به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى به‌رده‌ستن، به‌هۆی زیاتركردنی ده‌رهێنانی ئاوی ژێر زه‌وی و نه‌بوونی پرۆژه‌ى ئاوی سه‌رزه‌وی، ساڵانه له‌نێوان 8 بۆ 15 مه‌تر ئاوی ژێر زه‌وی كه‌مده‌كات. به‌نمونه شارێكی وه‌كو هه‌ولێر له‌هه‌ندێ ناوچه بیری ئاوی ژێر زه‌وی گه‌یشتۆته نزیكه‌ى 700 مه‌تر! ئه‌مه له‌كاتێكدا به‌ر له 35 ساڵ له‌هه‌ندێ ناوچه‌ى ناوه‌ندی قه‌زاى شاری هه‌ولێر چه‌ندین كارێزی ناسراو هه‌بوون كه ته‌نها چه‌ند مه‌ترێك له‌ژێر زه‌وی بوون به‌رده‌وام رووبارێك ئاویان له‌به‌ر ده‌ڕۆیشت. ئێستاش شوێنه‌واری هه‌ندێك له‌و كارێزانه ماوه.
،،
سه‌دان هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون دروستده‌كرێت بێ پلان و ته‌نها بۆ فرۆشتن، هه‌مووی پێویستی به‌دابینكردنی ئاوه
هۆكارێكی دیكه‌ى قه‌یرانی ئاو له‌كوردستان، په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی پرۆژه‌ى ئاوی سه‌ر زه‌وی و نه‌بوونی تێگه‌یشتنی ستراتیژییه بۆ پرسی ئاو له كوردستان. به‌پێى زانیاریی تائێستا 15 به‌نداو له‌كوردستان هه‌ن، دووان له‌و پرۆژانه ستراتیژیین و دروستكردنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می پاشایه‌تی له‌عیراق. ئه‌وانی دیكه پرۆژه‌ى بچوكن و كاریگه‌ریی ئه‌وتۆیان نییه. كۆی تواناى گلدانه‌وه‌ی هه‌موو پرۆژه‌كان ده‌گاته سه‌رو 10 ملیار مه‌تر سێجا ئاو.
حكومه‌تی هه‌رێم باس له‌دروستكردنی 11 به‌نداوی دیكه ده‌كات، به‌ڵام تائێستا باسی ته‌واوكردنی به‌نداوی بێخمه ناكات كه ستراتیژیترین پرۆژه‌ى گلدانه‌وه‌ى ئاوی سه‌ر زه‌ویه له‌كوردستان. به‌نداوی بێخمه به‌گه‌وره‌ترین به‌نداو له‌عیراق داده‌نرێت ساڵی 1979 له‌لایه‌ن به‌غداوه ده‌ست به‌دروستكردنی كراوه‌و له 35% ته‌واوكراوه. ئه‌گه‌ر به‌پێى ئه‌و توانایه‌ى بۆی دانراوه ته‌واو بكرێت ئه‌وا تواناى گلدانه‌وه‌ى 14 بۆ 17 ملیار مه‌تر سێجا ئاوی ده‌بێت به‌پێى ئاستی به‌رزیه‌كه‌ى كه ده‌كاته له 150% بۆ له160% كۆی ئه‌و به‌نداوانه‌ى ئێستا له‌كوردستان هه‌ن.
له‌ساڵی 2006 و 2007 حكومه‌تی عیراق زۆری هه‌وڵدا ئه‌و به‌نداوه ته‌واو بكات، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان گرفتی بۆ دروستكراو پرۆژه‌كه وه‌كوخۆی مایه‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر دروستكرابا ئه‌وا ده‌توانین بڵێین ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی ده‌بوو بۆ نه‌وه‌كانی ئێستا‌و داهاتوو. چونكه كاریگه‌ریی زۆر گه‌وره‌ى ده‌بوو له‌سه‌ر ئاوی ژێر زه‌وی و كه‌شوهه‌وای كوردستان و زیاتركردنی باران و ژینگه‌ى ناوچه‌كه.
هۆكارێكی دیكه كه كاریگه‌رى گه‌وره‌ی كردۆته سه‌ر كه‌مبونی ئاو یان قه‌یرانی ئاوی خواردنه‌وه له‌كوردستان، دروستكردنی ده‌یان هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون به‌بێ ره‌چاوكردنی تواناى دابینكردنی ئاو بۆیان. ده‌بینین له‌ماوه‌ى دوو ساڵی رابردوو به‌پێى ئه‌و ژمارانه‌ى له‌لایه‌ن كۆمپانیاكان و حكومه‌ت بڵاوده‌كرێنه‌وه، سه‌دان هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون چ خانوو یاخود باڵه‌خانه‌ى نیشته‌جێبوون دروستكراون یان له‌دروستكردندان، بێئه‌وه‌ى پلان هه‌بێت یاخود پێویست بێت دروستكردنیان، ئه‌مانه هه‌مووی پێویستیان به‌دابینكردنی ئاو هه‌یه. ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى دروستیان ده‌كه‌ن، سه‌دان بیریان بۆ پرۆژه‌كانیان هه‌ڵكه‌ندووه‌و زیانێكی ئێجگار گه‌وه‌ره‌یان به‌ئاوی ژێرزه‌وی گه‌یاندووه. گرفتی گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و یه‌كه نیشته‌جێیانه‌ى دروستده‌كرێن زۆربنه‌ى ره‌هاى دانیشتوانه‌كانیان خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمی كوردستانن. كێشه گه‌روه‌كه له‌وێوه ده‌ستپێده‌كات كه ژماره‌ى دانیشتوانی هه‌رێم زۆر به‌خێرایی زیاد ده‌كات و تواناى دابینكردنی ئاو و خزمه‌تگوزاریش زۆر لاوازه.
،،
دوو له‌سه‌ر سێى ئاوی سه‌رزه‌وی كوردستان، سودی لێوه‌رناگیرێت
به‌پێى ئه‌و پێشهاتانه‌ى پسپۆرانی ژینگه ده‌یخه‌نه روو، له‌دواى 2025 عیراق ده‌چێته قۆناغێكی مه‌ترسیداری كه‌مبونه‌وه‌ى ئاو و به‌بیابانبوون. روبارى دیجله‌و فورات به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مده‌كه‌ن و به‌ره‌و وشكبوونی زیاتر ده‌چن. پێشبینی ده‌كرێت تا ساڵی 2040 هه‌ردوو رووبار به‌رێژه‌یه‌ك كه‌م بكه‌ن، به‌كه‌ڵكی هیچ نه‌یه‌ت و یه‌ك له‌سه‌ر سێى خاكی عیراق به‌كه‌ڵكی ژیان نه‌یه‌ت. بێگومان دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه به‌شێكیان روو له‌كوردستان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ئێستا سه‌دان هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوونیان كڕیوه‌و دێن له‌كوردستان نیشته‌جێ ده‌بن.
قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسی ئاو لێى هاسانتر نییه. ئێمه گرفته‌كان ده‌زانین، كه‌وایه چاره‌سه‌ره‌سه‌ركردنیشیان زه‌حمه‌ت نییه، به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌رى گرفته‌كانی به‌رده‌م وشكه‌ساڵیی و كه‌مبونه‌وه‌ى ئاو له‌كوردستان به‌گشتیی پێویستده‌كات تێگه‌یشتنی ستراتیژیی هه‌بێت ئه‌ویش بریتیه له دروستكردنی به‌نداوی گه‌وره‌و ئاودێریكردنی ئاو و كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌كارهێنانی ئاوی ژێر زه‌ویه، نه‌ك چاره‌سه‌رى كاتیی و لێدانی بیری ئاوی ژێر زه‌وی و قوڵتركردنی ئه‌و بیرانه‌ى هه‌ن. ئه‌و چاره‌سه‌ره نه‌ك چاره‌سه‌ر نییه، به‌ڵكو ئاڵۆزتركردنی قه‌یرانی ئاوه كه بۆ خۆی گرفتێكی گه‌وره‌ى ئێستای كوردستانه.