شێخی چوارچێوەی هەماهەنگی

2022-08-13

پیاوێکی ڕەش، هەمیشە وادەردەکەوێت بەفر بە سەریدا باریبێت، هەم سەدر قبوڵیەتی، هەم خەزعەلیش پێی دەڵێت ئەوە شێخی ئێمەیە، بەهێزترین پیاوی حەشدی شەعبییە و ترسناکترین هێزی چەکداری هەیە، کەچی تاکەکەسە لەم دۆخەشدا داوای ئاشتی دەکات، ئەگەر دوور نەڕۆین دەتوانین بڵێین متمانەپێکراوترین پیاوی ئێرانە لە عێراق، لەبەر کوڕەکەشی ناهێڵێت فڕۆکەیەکی گەورە و گران لە فڕۆکەخانەی عێراقدا بنیشێتەوە،  باسی هادی عامریتان بۆ دەکەم، ئەو پیاوەی بە نهێنی سەرقاڵی پڕۆژەیەکە کە کەس لێی تێ ناگات.
لە هەڵبژاردندا کورسییەکی کەمی هێنا، کەچی توانی دەمی سەدر لە هەستیارترین قۆناغدا دابخات و کاتێک تۆمارەکانی مالیکی بڵاوبوونەوە، بە سەدری وت بێدەنگ بە و هیچ لەسەر ئەوە مەڵێ.
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحە ١٧ کورسی بەدەستهێنا و دوای کشانەوەی سەدر  بۆی بوو بە ٢٨ کورسی، کەچی هەر دوێنێ خەزعلی وتی هادی عامری شێخی ئێمەیە و هەموان گوێی لێ دەگرین.
ئەو کاتێک لایەنگرانی سەدر لە پەرلەمان و لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگیش خەریکبوو بگەن بە پێکدادان و عێراق لە گۆمی خوێندا نوقم بکەن، بە خێرایی هاتە دەنگ و هۆشداری بەپەلەی دا و وتی 
"جارێکی دیکە داوا لە سەرکردەکانی چوارچیوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر دەکەم لۆژیکی عەقڵ و ژیری و دانبەخۆداگرتن و لەسەر خۆیی هەڵبژێرن".


ئەوەش وەک پەیامی ئێران بینرا و خێرا سەدر خۆپیشاندەرانی لایەنگری خۆی لە پەرلەمان کشاندەوە.
هادی عامری کە بەهێزترین پیاوی حەشدی شەعبییە و دەتوانێت هەزاران کەس لە هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی تا ئەو پەڕی دڕندایەتی بەرێت، کەچی دێت و دەڵێت شەو نییە لە ترسی دروستبوونی شەڕی شیعە خەوم نەزڕێت.
ئەبو حەسەن هادی فەرحان عەبدوڵڵا عامری تەمەنی ٦٨ ساڵە، بەکالۆریۆسی لە ئاماردا بە دەستهێنا و لە دوای لە سێدارەدانی محەمەد باقر سەدر، عێراقی بۆ سوریا جێهێشت، کەچی لەوێ پەیوەندی بە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی کرد بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر حەکیم، کاتێکیش شەڕی ئێران و عێراق سەری هەڵدا ئەو بەشداریکرد، بەڵام وەک عێراقییەک نا، بەڵکو لە بەرەی ئێرانەوە شەڕی کرد.
لە کابینەکەی نوری مالکیدا بوو بە وەزیری گواستنەوە و لەو کاتەشدا سەیرترین دۆخ ڕویدا، ئەویش ئەوە بوو فڕۆکەیەک لە لوبنانەوە کوڕەکەی ئەم سەرکردەیە جێدەهێڵن و بەرەو عێراق دێن، کەچی کە دەگەنە بەغدا، ئەم کە وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بوو ڕێگە بە نیشتنەوەی فڕۆکەکە نادات و فڕۆکەکە دەنێرێتەوە لوبنان.
ئەو کە سەرۆکی ڕێکخراوی بەدرە، پیاوێکە بە ئەستەم بێزاری یان پێکەنین لەسەر ڕووخساری دەردەکەوێت، بەڵام پێدەچێت سەرۆک وەزیرانی سێبەری ئێران بێت و ئەوەی ئەو بیڵێت هەر وەک ئەوەوایە ئێران بیڵیت، ئێستاش دەیەوێت لە دەرەوەی شەڕی هێزە شیعیەکان بمێنێتەوە و لەو ڕێگەیەشەوە ببێتە ئەو کەسەی کە هەموان کۆبکاتەوە و ڕێگری لە ڕوودانی شەڕی شیعە بکات، کە ئێران بە هەموو هێزییەوە لە هەوڵدایە تا ئەو شەڕە ڕوونەدات.