دیدارى لوتکەى تاران... چى لە هەگبەى سێ سەرەکەدایە بۆ سوریا؟

ئەمڕۆ دیدارى لوتکە لە تاران، لەنێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکى روسیا، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکى تورکیا و ئیراهیم رەئیسى، سەرۆک کۆمارى ئێراندا بەڕێوە دەچێت. تەوەرى زۆر هەیە بۆ ئەوەى سەرۆکانى ئەو سێ وڵاتە گفتوگۆى لەسەر بکەن، بەڵام تەوەرى سەرەکى دیدارەکە، بڕیاردانە لەبارەى سوریاوە.
2022-08-13

ئەمڕۆ دیدارى لوتکە لە تاران، لەنێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکى روسیا، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکى تورکیا و ئیراهیم رەئیسى، سەرۆک کۆمارى ئێراندا بەڕێوە دەچێت.
تەوەرى زۆر هەیە بۆ ئەوەى سەرۆکانى ئەو سێ وڵاتە گفتوگۆى لەسەر بکەن، بەڵام تەوەرى سەرەکى دیدارەکە، بڕیاردانە لەبارەى سوریاوە.
دۆسیەى سوریا و بەرەوپێشچونە سیاسى و سەربازى و مەیدانیەکانى، بابەتێکە بایەخى هەرێمى و نێودەوڵەتى هەیە، بەتایبەت کە لەم کاتەدا کە روسیا سەرقاڵى شەڕى ئۆکرانیایە.
دواین دیدارى ئەم سێ سەرۆکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ٢٠١٩ ، لە ئەستانە، لە ئێستاشدا بەوتەى سەرۆکایەتى روسیا، دۆسیەى سوریا تەوەرى سەرکى دیدارى ئەمجارەیە.
مەحمود علوش، چاودێرى سیاسى، لەبارەى دیدارى لوتکەى تارانەوە دەڵێت، تەوەرى سەرەکى لەسەر مێزى سێ سەرۆکەکە، پرسى دەستپێکردنى هێرشى سەربازى تورکیایە لە باکورى سوریا (رۆژئاواى کوردستان)، کە لەسەر ئەم پرسە تاران و مۆسکۆ رازى نین و نیگەرانن لەوەى جێگاى نفوسى تورکیا لەوەى هەیە زیاتر بکرێت.
علوش ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌پێچه‌وانه‌ی قۆناغی پێشوو كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسكۆ توانیان چه‌ند لێكتێگه‌یشتنێك له‌ سووریا به‌بێ ئێران به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌مڕۆ دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌. لەکاتێکدا مۆسکۆ سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیایە، تاران ئەمە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لە باکووری سووریا، بێگومان هەوڵدانى ئێران بۆ فراوانکردنى نفوسى خۆى لە باکورى سوریا (رۆژئاواى کوردستان)، بابەتێکە تورکیا هەروا بە ئاسانى بۆ هەزم ناکرێت و دەبێت حساباتى خۆى لەسەر بکات.
بەم پێیە ئالووش پێی وایە کە پاراستنی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا لە سووریا بۆ تاران و مۆسکۆ گرنگە. لە لایەکەوە ڕووسیا هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەنقەرە لە بەرەى ئەوروپا دوربخاتەوە و رکابەرى نەکات، لە لایەکی دیکەشەوە تاران دەیەوێت پەیوەندى باشى خۆى لە ئیدارەدانى عێراق و سوریا، لەگەڵ تورکیا تێک نەدات، ئەمەش داواکارییەکە کە تورکەکانیش خوازیارى ئەو لێک تێگەیشتنەن.
چاودێران پێیانوایە، هەرسێ وڵات، خوازیارى ئەوەن ئارامى لە سوریا بەرقەرار بێت و یەکێتى خاکى ئەو وڵاتە پارێزراو بێت و جارێکى تر ژیان بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتە، ئەوەش لەپێناو ئەوەى هەرسێ وڵات چاویان لەوەیە سوریا ببێتە بازاڕێکى باش بۆ کاڵا و شمەک و دەستى بازرگانى ئەوان.
ئەگەرچى دۆسیەى سەرەکى لوتکەى دیدارى تاران، سوریایە، بەڵام چاودێران پێشبینى دەکەن، پرسى ئەندامێتى هەردوو وڵاتى سوید و فینلەند لە ناتۆ و پیشاندانى رەزامەندى تورکیا، ئەو بابەتە بێت کە لەم دیدارەدا پوتن روبەروى ئەردۆگانى بکاتەوە، بەتایبەت کە روسەکان توڕەن لەو هەنگاوەى تورکیا و هەر لە کاردانەوەى ئەوەشدا لەماوەى چەند رۆژى رابردودا روسەکان چەندین ناوچەیان لە ئیدلیب بۆردومان کرد.
هەرچەندە ئەم پێشهاتە ئاماژەیە بۆ هەندێک گرژی لە پەیوەندییەکانی ڕووسیا و تورکیا لەناو فایلی سووریادا، بەڵام ڕەنگە ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە مانای پچڕانی کۆتایی نێوان ئەو دوو لایەنە نەبێت.
هەرچى لە دیدارى لوتکەى تاران ئەمڕۆ رووبدات، یەک مانا هەڵدەگرێت، کە ئەم دیدارە کاریگەرى لەسەر داهاتوى سوریا بۆ چەندین ساڵ دەبێت.