نهێنى و کۆدەکانى دیدارى یەکێتى...

کوڕانى تاڵەبانى چیان وت؟ دیدارى یەکێتى یان کۆنگرەى یەکێتى؟ دیدارى یەکێتى چى دەگۆڕێت؟ ئایا دیدارى یەکێتى شوێنى کۆنگرە دەگرێتەوە؟
2022-08-13

دیدارى یەکێتى کە بەسەرپەرشتى قوباد تاڵەبانى، مانگێک لەمەوبەر لە دهۆکەوە دەستیپێکرد، لە سلێمانى کۆتایی بە کارەکانى دەهێنێت.
ئەگەرچى لەناوەرۆکدا وەها دەردەکەوێت، کە دیدارێکە بۆ چاکسازى و بەخۆداچونەوەى حیزبى، بەڵام لە هەمان کاتدا دیدارێکە، بۆ دانانى نوقتەى کۆتایی لەسەر ئەو دێڕانەى لە هەشتى تەموزەوە دەستیپێکردوە، بەمانایەکى تر لێدانى دواین بزمارە لە تابوتى لاهور شێخ جەنگى لەناو یەکێتیدا، دیدارى یەکێتى یەکەم شت کە گۆڕى، دانانى بافڵ تاڵەبانى بوو بە سەرۆکى یەکێتىن، ئەوەش پەیامێکى روون بوو کە چیتر نە پۆستێک هەیە بەناوى هاوسەرۆکى و نە شوێنێک هەیە بۆ گەڕانەوەى لاهور شێخ جەنگى.
شاڵاو عەلى عەسکەرى، ئەندامى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەکێتى، لەوبارەیەوە وتى، ئەوە رونە، وەک ئەو کۆمپانیایەى دوو بەڕێوەبەرى هەیە، کاتێک یەکێکیان دەروات، ئەوەى دەمێنێتەوە ئۆتۆماتیکى دەبێت بە سەرۆک، کەواتە ئێستا بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى یە.
وا دەردەکەوێت، ئەگەر بافڵ تاڵەبانیش ئەوەى بەرامبەرى کراوە لە پێش هەشتى تەموز لەبیرى کردبێت، چەند جارێک دیدارى لەگەڵ لاهور شێخ جەنگى هەبوبێت، بەڵام قوباد تاڵەبانى، هیچى لەبیر نەکردوە، ئەو ئەمڕۆ بە زمانێکى روون وتى، لەدواى کۆنگرەى چوار هەوڵى کوشتنى، سەرۆکەکەمان، بافڵ تاڵەبانى دراوە، ئەوەش تەئکیدکردنەوە و بیرهێنانەوەیەکە، کە چیرۆکى گەڕانەوەى، لاهور شێخ جەنگى، لاى قوباد تاڵەبانى، بابەتێک نیە بۆ گفتوگۆ.


دیپلۆماتیک زانیویەتى، هەر لەم دیدارەدا، سەرکردایەتى یەکێتى کە ژمارەیان ١٢٠ کەسە، رۆڵیان دابەش دەکرێت بەسەر دوو ستوندا، ستونى یەکەم ئەو سەرکردانە دەبن کە بەرپرسیارێتیان دەبێت و سەرپەرشتى ئۆرگانەکانى یەکێتى دەکەن و ژمارەیان ٧٠ کەسە و زیاتر لە ماڵى تاڵەبانیەوە نزیکن، لەبەرامبەردا ٥٠ ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى رۆڵى راوێژکارییان دەبێت، کە ئەمانە زیاتر ئەو سەرکردایەتیانەن کە لە لاهور شێخ جەنگیەوە نزیک بون.
دیدارى یەکێتى، بەتەواوەتى یەکێتى ساخکردەوە بۆ کوڕانى تاڵەبانى و ئەوەى لە روخساریشدا دەردەکەوێت، لە ئەمڕۆوە، بافڵ تاڵەبانى کەسى یەکەمى یەکێتى و قوباد تاڵەبانى کەسى دووەمى یەکێتى دەبن، ئەمەش بەپێچەوانەى ئەو قسەیەیە کە ئەمڕۆ شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ وتى، یەکێتى حیزبى بنەماڵە نیە.
لەم دیدارەدا، بافڵ تاڵەبانى، دواى ناوهێنانى وەک سەرۆکى یەکێتى و پێشوازى گەرم و چەپڵە رێزانى ئامادەبوانى دیدارەکە، روى قسەى کردە پارتى و وتى، لێرە بەدواوە، یەکێتى ئەزبەنى ئەزبەنى بۆ کەس ناکات، لە ئەمڕۆە، یەکێتى هەوڵ دەدات ببێتە حیزبى ژمارە یەک و بۆ سەرجەم پۆستەکانى کوردستانیش، سەرۆکى حکومەت و هەرێم کاندیدى دەبێت.
ئەو باسى لەوەشکرد کە دەیانەوێت یەکێتى نوێنەرایەتى کوردى هەر چوار پارچەى کوردستان بکات.