مانۆڕی سیاسی سەلاحەدین بەهادین لە بەغدا

2022-08-13

سەردانی ئەم سێ‌ رۆژەی سەلاحەدین بەهادین،ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی بۆ بەغدا سەرنجی زۆریك لە میدیاكاران وو چاودێرانی سیاسی بۆخۆی راكێشاوە.

 لیستی سەردانە چڕو پڕەكانی و ئەو كەسانەی لەبەغدا دەیانبینێت لە نوخبەی سیاسیی دەستەڵاتداریی بەغدا و بالیۆزی وڵاتە گەورەكان جوڵەیەكە كە نەپێشتر یەكگرتوو كردویەتی و نە لە هیچ هێزێكی دەرەوەی دەسەڵاتیش بینراوە.

سەلاحەدین بەهادینن لەوانەیە یەكەمین سەركردەی سیاسی كوردی بوبێت كە بەفەرمی كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی دادوەر جاسمم عەبود كردبێت كە لە دۆخی ئێستای عێراقدا وەك مەرجەعی دەستوری و یاسایی عێراق سەیر دەكرێت.

بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەكەی سەلاحەدین بەهادین لەو كۆبونەوەیەدا ئەمینداری یەكگرتوو داوای لە سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە موچە و بودجەی خەڵكی كوردستان پارێزگاری لێبكرێت و دوربخرێتەوە لە ململانێ‌ سیاسییەكان.

ئەو كەسایەتییە سیاسیانەی لەم سەفەرەیدا سەلاحەدین بەهادین دیداری لەگەڵ كردون بریتی بووون لە هادی عامری سەرۆكی فەتح و نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا و عەمار حەكیمی سەرۆكی رەوتی حیكمە و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو،د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و دادوەر فایەق زێدان،سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری عێراق و ئەیاد سامەڕایی سەرۆكی حیزبی ئیسلامی، لە بالێۆزەكانیش كۆبونەوەی لەگەڵ هەریەكە لە باڵیۆزی بەریتانیا و روسیا و ئێران و ئیسپانیا كردو دوێنێش كۆبونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ جنین پلاسخارتی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان هەبوو.


هەرچەندە هەندێ‌ میدیا وا بڵاویانكردوە كە سەلاحەدین بەهادین نامەیەكی هاوبەشی یەكێتی و پارتی پێ بوبێت بۆ بەغدا لەسەر دۆخی هەرێم و كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم،بەڵام بەرپرسێكی بڵای یەكگرتوو ئەو بۆچونەی رەتكردەوە و رایگەیاند ئەو بۆچونە بەتەواوی دورە لە راستی و ئەوانەی دەیانەوێت لە بایەخی ئەو سەردانە كەمبكەنەوە هەم لە دەسەڵات و هەم لە دەرەوەی دەسەڵاتن.
هەروەها ووتی: بەلامانەوە گرنگ بوو ناوەندە سیاسی و دیپلۆماسیەكانی بەغدا تەنها لە چاو و زمانی پارتی و یەكێتیەوە شتەكان نەبینن بەڵكو ئاگایان لە روانگە و ئاراستەی ئۆپۆزسیۆنیش بێت لە هەرێمی كوردستان