نابیولینا... ئەو ژنەی پاسەوانی گەنجینەی روسیا دەكات

2022-08-13

ئیلڤێرا نابیولینا، پارێزەر و دڵسۆزی پوتین، ئەو پاسەوانەی گەنجینەی ڕووسیا کە تەختی دۆلاری هەژاند.
لە ناو ئەو گەمارۆ ئابوریەی کە روسیا پێیدا تێپەڕدەبێت لەوکاتەوەی کە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێكردووە،ئەوەی سەرنجی بەرپرسان و چاودێرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی ڕاکێشاوە، سەرۆکی بانکی ناوەندی روسی، ئیلڤێرا نابیولینایە
 لەبەر ئەو توانایانەی لە قەیرانە دارایەكانی وڵاتدا پیشانیداوە و دڵسۆزی لە رادەبەدەری بۆ پۆتن. 
وەک یەکێک لە بەتواناترین و باشترین بڕیاردەرانی سیاسەتی دارایی لە جیهاندا دادەنرێت.
 بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا وڵاتەكەی لە نێو جەنگێکی توندی ئابوریدایە. نابیولینا هەوڵیدا دەست لەکاربکێشێتەوە بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی  کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە، بەڵام سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پۆتین داواکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی ڕەتکردەوە و داوای لێکرد لە پۆستەکەی بمێنێتەوە و پێشنیاریشی بۆ ئەنجومەنی دۆما کرد بۆ جاری سێیەم ماوەكەی وەك سەرۆكی بانكی ناوەندی بۆ درێژبکەنەوە. ئەم ژنە لە ئێستادا دۆسیەی دارایی روسیا بەڕێوەدەبات کە قورسترین دۆسیەیە.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا  نابیولینا ئەم جارەش دەتوانێت ئابوری روسیا لەداڕمان ڕزگاربکات؟ 
پۆتین لە مەزەندەکردنەکەیدا بەهەڵەدا نەچووە و باش دەزانێت نابیولینا کێیە. شارەزایەکی ئابوری روسی و جێ متمانەی زۆری پۆتینه. 


کام لە ئێمە ئەو بڕیارەی روسیای نەبیستووە بۆ فرۆشتنی نەوت و غاز تەنها بە رۆبلی روسی ، ئەو بڕیارەی کە عەرشی دۆلاری ئەمریکی هەژاند و سەری لە بڕیاربەدەستانی  کۆشکی سپی و یەکێتی ئەوروپی شێواند و وای لێکردن خۆیان باجی گەمارۆکانیان بەدەستی خۆیان بدەن. نابیولینا خاوەنی بیرۆکەی ئەو بڕیارە بوو کەهەرگیز کەس پێشبینی نەدەکرد.
 ئیلڤێرا نابیولینا، تەمەن ٥٨ ساڵ لە خێزانێکی روسی ساکارەوە لە شاری ئوفای پایتەختی باشکورستانەوە هاتووە، کە کەوتوەتە ڕۆژئاوای روسیاوە.
 نابیولینا دەرچوی کۆلیژی ئابوریە و لە تەمەنی گەنجیەوە پەیوەندی دەکات بە پارتی كۆمۆنیستەوە.
لەساڵی ٢٠٠٠ دا وەک وەزیری پەرەپێدانی ئابوری دادەمەزرێت. لە ساڵی ٢٠١٣ دا دەبێتە سەرۆکی بانکی ناوەندی روسیا و  بۆ ماوەی 9 ساڵە لەو پۆستەدا ماوەتەوە، بەمەش دەبێتە یەکەم ژن سەرۆکایەتی بانکی ناوەندی بکات لەناو گروپی جی هەشتدا . 
نابیولینا لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٧دا بووە مانشێتی هەموو ڕۆژنامە داراییە نێودەوڵەتییەکان، گۆڤاری فۆربس چەندین جار ناوی خستۆتە ڕیزبەندی 100 ژنە بەهێزەکەی جیهان و بە یەكێك لە کاریگەرترین ژنەكانی جیهان وەسف کراوە. 

شارەزایانی دارایی پێیان وایە ڕووسیا تا رادەیەكی زۆر قەرزاری ناپۆلینایە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە داراییەی کە تووشی بووە،
 ئەو ژنە سەرکەوتوو بوو لە کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان بۆ ئاستێکی نزم لە مێژوودا و داخستنی ئەو بانکانەی بەشداربوون لە سپیکردنەوەی پارەدا.
لە 28ی شوباتی ڕابردوودا، چەند ڕۆژێک دوای سەپاندنی سزاکانی ڕۆژئاوا بەسەر مۆسکۆدا، نابیولینا بڕیارێکی دەرکرد بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی سەرەکی لە 9.5% بۆ 20%. هەروەها ڕێوشوێنی توندیشی سەپاند بەسەر کڕینی دراوی بیانیدا بۆئەوەی رۆبل لە کەوتن بوەستێنێت و بۆرسەی مۆسکۆشی داخست بۆ ڕیگرتن لە داڕمان. 
هەرچەندە زۆر لە چاودێران پێیان وایە ئەم قەیرانەی ئێستای روسیا ڕەنگە دەستکەوتەکانی نابیولینا تێکبدات و پاشەکشە بەو کاروانە پڕ لەسەرکەوتنانەی بکات.