وەزیری بەرگری ئیسرائیل: خامنەیی هەمان چارەنوسی سەدامی دەبێت

2025-06-17
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لە عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران کرد و ووتی: چارەنووسی هاوشێوەی سەدام حسێن دەبێت.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتیشی: هۆشداری دەدەم بە خامنەیی لە بەردەوامبوونی لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و هەڵدانی موشەک بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل چارەنوسێكی خراپ چاوەروانی دەكات

کاتز وتیشی: پێویستە خامنەیی،لەبیری بێت کە چی بەسەر ئەو دیکتاتۆرەی وڵاتی دراوسێی ئێراندا هات کە ئەم ڕێگایەی لە دژی ئیسرائیل گرتەبەر.

لە کاتی شەڕی دووەمی کەنداو ٣٠ ساڵ لەمەوبەر، هێزە عێراقییەکان بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن شارەکانی ئیسرائیلیان بە دەیان موشەك بۆردومان کرد، لەوانە تەلئەبیب و حەیفا  
لە ساڵی ٢٠٠٣ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕژێمی سەدامی ڕووخاند بە بیانووی ئەوەی کە سەدام خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژە و عێراق پەیوەندی بە قاعیدەەوە هەیە،
سەدام بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تۆمەتبار کرا و لە بەرەبەیانی ڕۆژی جەژنی قوربان ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ لە سێدارە درا، 

کاتز لە بەیاننامەکەی ئەمڕۆی خۆیدا وتی: ئێمە بە هێزێکی یەکجار زۆرەوە لە هەموو بەرەکانەوە لە ئێران دەدەین،بەپێی ئەو ئامانجانەی کە دیاریمان کردووە.
وتیشی هەر ئەمشەو، عەلی شەدمانی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێرانمان كوشت

کاتز بە ئاماژەدان بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران زیادی کرد: ئەمڕۆش لە دژی ڕێژیم و ئامانجە سەربازییەکانی تاران بەردەوام دەبین، هەروەک چۆن دوێنێ لە دژی ڕێکخراوی پەخشی پڕوپاگەندە و هاندانمان کرد.