ئۆپەراسیۆنی زەماوەندی سوور... چۆن ئیسرائیل هێرشە لەناکاوەکەی بۆ سەر تاران ئەنجامدا؟

2025-06-27
لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئیسرائیل یەکێک لە بوێرترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەنجامدا و دڵی تارانی پایتەختی ئێرانی کردە ئامانج. 

لە هێرشێکی  وردی پلان بۆداڕێژراودا بە کۆدی "زەماوەندی سوور"، کە ئاماژەیە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە بەناوبانگەی لە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکەی "یاری عەرشەکاندا" ئەنجامدرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە قۆناغی یەکەمی ئۆپراسیۆنەکەدا کۆبوونەوەیەکی نهێنی ئەمنی لە تاران کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە فەرماندە باڵاکانی ئێران کوژراون. لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوتەریبدا بە  کۆدی "نارنیا"، نۆ زانای باڵای ئەتۆمی لە ماڵەکانیاندا تیرۆرکران لە هێرشێکی ورد و کاریگەردا،کە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزە تایبەتەکانەوە لەناو تاران ئەنجامدرا.

سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپراسیۆنەکە لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستیپێکردووە و ئاماژەکان بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی سەربازی ئێران زیاتر بوون. لەو کاتەوە ئیسرائیل کار دەکات بۆ دروستکردنی تۆڕێکی سیخوڕی ئاڵۆز لە ناوخۆی ئێراندا، لەوانە تیرۆرکردن، تێکدان و ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی، بەڵام نەیتوانی ئامانجی کۆتایی خۆی بگات.

 جەنەڕاڵ ئۆدێد باسۆک، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسڕائیل، کە یەکێکە لە پلانداڕێژەرەکانی هێرشەکە دەڵێت:
"ئێمە پێویستمان بە زیاتر بوو لە تێکدان. ئێمە ئۆپەراسیۆنێک دەویست کە ژێرخانی ئەتۆمی و عەقڵی ئەتۆمی ئێران لەناو ببات".

یەکێک لە گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم ئۆپەراسیۆنەکە، مەودای بەرچاو بوو. چونکە شوێنە ئامانجدارەکانی ئێران زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورن، پێویستی بە ڕاهێنانی پێشکەوتوو هەبوو لەسەر پڕکردنەوەی سووتەمەنی ئاسمانی و فڕینی وردی فڕۆکەکان.

لە ساڵی ٢٠٠٨ ئیسرائیل مەشقێکی بە ناوی "سپارتانی شکۆمەند" ئەنجامدا، کە زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی تێیدا بەشداربوون، لە ھاوشێوەی هێرشە پێشبینیکراوەکە. فڕۆکەکان مەودایەکی دووری بەرەو یۆنان بڕیووە.

تا ساڵی ٢٠٢٣ ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکە چڕتر کردبووەوە، ئەمەش بەشداریکرد لە لاوازبوونی بەرگری ئاسمانی دوژمن بەتایبەت لە سوریا و لوبنان. لە هەمان کاتدا سەرکەوتوو بوو لە هێنانی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووکی تەقینەوە بۆ ناو ئێران، بە نهێنی لە نزیک شوێنە هەستیارەکانی وەک مووشەکهاوێژ و ناوەندەکانی فەرماندەیی کۆکرایەوە.

لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ زیاتر لە ١٢٠ ئەفسەری هەواڵگری ئیسرائیل کۆبوونەوە بۆ کۆتاییهێنان بە لیستی ئامانجەکان. زیاتر لە 250 ئامانج کراونەتە ئامانج کە بریتین لە زانا و ناوەندەکانی توێژینەوە و دامەزراوە سەربازییە هەستیارەکان.

بۆ خۆدزینەوە لە هێرشەکە و دڵنیابوون لە توخمە سەرسوڕهێنەرەکەکان، ئیسرائیل پەنای بۆ فێڵێکی میدیایی برد. نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە پشووی خێزانی وەردەگرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەڤنەری کوڕی، لەکاتێکدا لە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی ژێرزەمینییەوە چاودێری ئۆپەراسیۆنەکە دەکات. تەنانەت خێزانەکە ئاگاداری دواخستنی بە ئەنقەستی ئاهەنگەکە نەبوون.

لەهەمان کاتدا ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان لەسەر ناکۆکی نێوان ناتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەو کردەوە سەربازییە سەریان هەڵدا. ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث  پۆستێکی بڵاوکردەوە و پابەندبوونی خۆی بە چارەسەری دیپلۆماسی پشتڕاستکردەوە و رايگەیاند ئیسرائیل بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکی مامەڵە ناکات، ئەمەش بەشداربوو لە چەواشەکردنی ئێرانییەکان.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی فڕۆکە جەنگییەکان لە تاران، گرژییەکان لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل بەرزبوونەوە دوای ئەوەی جووڵەیەکی لەناکاو لەلایەن فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی ئێرانەوە بینرا، ئەمەش گومانەکانی دروستکرد کە ئەو پلانە ئاشکرابووە.

 ئەوەی جێی سەرسوڕمانی ئیسرائیلیەکان بوو ئەوە بوو کە هەموو فەرماندە باڵاکانی ئێران لە شوێنێکدا کۆبووبوونەوە و شوێنەکە بووە "تەڵەی مردن".

لە هەمان ساتدا ماڵی زانا ئەتۆمییەکان وێران بوون. بەهۆی تتەقینەوە هاوکاتەکانەوە، کە بە وردبینییەکی بێ وێنە ئەنجامدرا، کە ژیانی دیارترین ئەقڵەکانی بەڕێوەبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان کردە ئامانج. 

هەڵمەتی ئاسمانیی ئیسرائیل ١٢ ڕۆژی خایاند و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و ژێرخانی سەربازیی گرنگیان کردە ئامانج. دواتر ئەمریکا بە بەکارهێنانی بۆمبی حەشارگەشکێن بە لێدانی وردەوە بەشداری کرد.

ئیسرائیل ئاگربەستی ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەی کرد کە "ئامانجە سەرەکییەکانی بەدەستهێناوە"، بەڵام چاودێران هۆشدارییاندا لەوەی ئێران دەتوانێت بە خێرایی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بنیات بنێتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوسەنگی هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕی.