ماڵپەری گڵۆباڵ تایمی چینی: قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگری کارەساتێکی جیهانییە کە دووڕەویی ئەمریکا خۆشی دەکات

2025-07-20
شین پینگ

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەک کە بەهۆی ململانێی دەیان ساڵەوە گیریخواردووە، جارێکی دیکە لە لێواری کارەساتدا وەستاوە. لە کاتێکدا غەززە لە ژێر بۆردومانی ئیسرائیلدایە و ئێران ڕووبەڕووی هەڕەشەی زیاتر دەبێتەوە، هاوبەشی ئەمریکا لەم خوێنڕشتنەدا، مفارەقەیەکی ترسناک لە نێو کارنامەی جیهانی ئەمریکادا ئاشکرا دەکات.

قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا کارەساتێکی ناوچەیی نییە؛ بەڵکو هەڕەشەیەکی جیهانیشە و ژیانی بێشوماری خەڵکەکەی دەخاتە مەترسییەوە و ئابووریی وڵاتان ناسەقامگیر دەکات و بنەما سەرەکییەکانی ئاشتی تێکدەدات.

سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردی بناغەی ئابووری جیهانە، ئەویش لەبەرئەوەی بە یەدەگی بەرفراوانی نەوت و هەناردەکردنی وزە دادەنرێت.   گەرووی هورمز، کە کەنداوی فارس بە زەریای هیندی دەبەستێتەوە، گرینگترین خاڵی خنکاندنی وزەی جیهانە، لەبەرئەوەی ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت تێیدا تێدەپەڕێت- کە یەکسانە بە نزیکەی ٢٠%ی بازرگانی نەوتی جیهانی.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا، گێژاوی ناوچەکە، بەتایبەتی هێرشە هاوبەشەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، نرخی نەوتی بەرزکردەوە و بازاڕەکانی پەکخست و بووە ئاستەنگ بۆ بوژانەوەی ئابووری جیهانی لە پەتای کۆڤید-١٩ دا. بەڵام توندوتیژی بەردەوام کە بەهۆی دەستدرێژی ئیسرائیلەوە بە پشتیوانی ئەمریکا ئاگری پێخۆش دەکرێت، هەڕەشەی گۆڕینی گەرووی هورمز دەکاتە گۆڕەپانی شەڕێکی جیۆپۆلەتیکی و کە ئەگەر گواستنەوەی کەشتیوانی پەک بخرێت، ئەوا بازاڕەکانی وزەی جیهانی دەڕووخێن و هەڵاوسان زیاتر دەبێت و هێڵەکانی دابینکردنی جیهانی ئیفلیج دەبن.

تێچووی ئەم ئاژاوەگێڕییە ڕەهەندی ئابووری تێدەپەڕێنێت و مەترسی لەسەر مانەوەی تەواوی گەلان دروست دەکات. پشتیوانی ئەمریکا بۆ دڕندەییەکانی لە غەززە ڕوودەدەن دەرخەری خیانەتێکی ئاشکرایە لە ئیدیعاکانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی. لە کاتێکدا واشنتۆن بانگەشەی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بۆ جیهان دەکات، بەڵام بێ شەرمانە گڵۆپی سەوز بۆ سەرکوتکردنی ئیسرائیل لە غەززە دادەگیرسێنێت. تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەمریکا ٣.٨ ملیار دۆلاری وەک هاوکاری سەربازی پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە کە خۆی لە فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ و مووشەکی ڕێنمایی ورد و چەکی دیکەی پێشکەوتوو دەبینێتەوە. 

لە کاتی هێرشە بەردەوامەکانی سەر غەززە بۆ زیاتر لە ساڵێک، لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل نەخۆشخانە و قوتابخانە و ماڵەکانیان دەگرتەوە- ژنان و منداڵانی فەلەستینییان بەبێ جیاوازی دەکوشت- واشنتۆن ڕێگری لە هەموو بڕیارنامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئەم کارانە ئیدانە بکات. ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە تاکتیکەکانی ئیسرائیلی بە "تاوانی جەنگ" وەسف دەکات، دەنگدانەوەی ناڕەزایەتییەکی جیهانی بوو.

ئەمەش سروشتی ڕاستەقینەی ئەمریکای بەناو "دیموکراسی" ئاشکرا دەکات: سیستەمێک کە هاوپەیمانییە ستراتیژییەکان بە لە پێشینەی ژیانی مرۆڤایەتی دادەنێت، ڤیتۆی دادپەروەری لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و لە هەمان کاتدا بانگەشەی بنەما ئەخلاقییەکان بۆ جیهان دەکات. ئەم دووڕووییە زۆر قێزەونە.

قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی چەندین کەناڵەوە بەرەو ئەوروپا درێژدەبێتەوە. لەدوای شەڕی سوریا و پەرەسەندنی توندوتیژی لە غەززە، یەکێتی ئەوروپا ملیۆنان پەنابەری وەرگرتووە  و ئەمەش سیستەمی کۆمەڵایەتییانی خراپ کردووە و بودجەیانی زیاد کردووە و گرژی لە ناو کۆمەڵگاکانیدا زیادکردووە.

ئەڵمانیا کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٢٠ ملیار یۆرۆ (٢٣.٤ ملیار دۆلار)ی بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەران خەرج کردووە، ئێستا ڕووبەڕووی هەڵکشانی هەستی دژە کۆچبەران بووەتەوە. ئیتالیا کە بەدەست هاتنی کۆچبەرانەوە لە لیبیا دەناڵێنێت، لە خەباتدایە بۆ هاوسەنگکردنی پابەندبوونە مرۆییەکانی لەگەڵ بارگرانییە ئابوورییەکانیدا. پشتبەستنی ئەوروپا بە وزە- بەشێکی بەرچاو لە گازی سروشتی ئیتاڵیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دێت- یەکێکی دیکەیە لە لاوازییەکان. لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پێدەچێت هەڵاوسان لە ئەوروپا لە بەرزبوونەوە بەردەوام بێت، و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ماڵ و پیشەسازییەکانی دەبێت.

لە ڕووی سیاسییەوە مەترسییەکانی ڕادیکاڵبوون لەناو هەندێک لە پێکهاتەی پەنابەرەکاندا و کاردانەوە پۆپۆلیستیەکان، هەڕەشە لە یەکێتی ئەوروپا دەکات. ئەوروپا کە لە نێوان ئیمتیازاتی ئەخلاقی و بێتوانایی جیۆپۆلەتیکی خۆیدا گیرۆدە بووە، باجێکی قورس دەدات بە هۆی ناسەقامگیریی سیاسەتەکانی ئەمریکاوە. 

قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ململانێیەکی سادە نییە بەڵکو حاڵەتێکی نائاسایی جیهانییە و جیهان دەبێت دەستبەجێ مامەڵەی لەگەڵ بکات. هەموو ڕۆژێک بەهۆی ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل سزانادرێن، ئازارەکانی مرۆڤ زیاد دەکات و مەترسیە ناوچەییەکان زیاتر دەبن. 

کاتی قسەی پووچ سەبارەت بە "دیموکراسی" کۆتایی هاتووە و کردەوەی کۆنکرێتی پیویستە. لەوانەش پابەندبوونی ڕاستەقینە بەپەلە بۆ ئاشتی تا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بتوانێت لەگەڵ ئەندازیارەکانی ئەم وێرانکارییەدا لێپرسینەوە بکات. ملیۆنان کەسی بێتاوان بەردەوام باجی ئەمە دەدەن و ئازارەکانیان بەڕاستی برینێکی جیهانییە. بۆیە یان دەبێت چاک بکرێتەوە، یان مەترسی خوێنبەربوونێکی جیهانی دەکەین تا مردن.