-
- سیاسی
تا ئێستا حكومەتی هەرێم یەك قەترە نەوتی تەسلیمی بەغدا نەكردووە
كۆمپانیا بیانیەكان ناهێڵن رێكەوتنەكە سەر بگرێت
2025-07-30
هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا لە مانگی رابردوو رێكەوتنێكیان واژوو كرد بۆ چارەسەری ناكۆكیەكانی نێوانیان و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.بەڵام هەتا ئێستا رێكەوتنەكە نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و حكومەتی هەرێم یەك دڵۆپ نەوتی رادەستی بەغدا نەكردووە.
بەپێی رێكەوتنەكە حكومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەو داواكاریەی لە بەغداوە خراوەتە بەردەستی بۆ تەسلیمكردنی 130 هەزار بەرمیلە نەوتی رۆژانە بە سۆمۆ و ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگانە بۆ عێراق،لەبەرامبەر ناردنی 974 ملیار دیناری مانگانەوە لەلایەن بەغدا بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
بۆ مانگی 5 حكومەتی هەرێم 120 ملیار دیناری رەوانەكردوو بەغداش 974 ملیار دیناری رەوانە كرد.بەبێ ئەوەی حكومەتی هەرێم یەك دڵۆپ نەوت رادەستی بەغدا بكات.بە icn ئەوەی كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم كەوتنە بەر پەلاماری زنجیرەیەك هێرشی درۆنی.
بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەفتەی یەكەم و دووەمی رێكەوتنە بۆ 80 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزی و لە ئێستاشدا بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتۆتە 125 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
لێرەدا راستیەك هەیە،ئەویش ئەوەیە كۆمپانیا نەوتیەكان زیانی زۆریان بەرنەكەوتووە،بەڵام نەبونی سەلامەتی و ئاسایشیان كردۆتە بیانوو نایانەوێت كاربكەن،لەم بابەتەشدا هەموو راستیەكە هەر هێرشی درۆنی نییە،بەڵكو ئەو كۆمپانیا بیانیانەی كە لەبواری نەوت كاردەكەن لەهەرێم رازی نین بە ناوەرۆكی رێكەوتنەكەی بەغدا و هەولێر و دیاریكردنی 16 دۆلار بۆیان،بۆیە بەهەموو شێوەیەك دەیانەوێت لەمپەر بۆ پرۆسەكە دروست بكەن و هەرچیان كردووە رێكەوتنەكە هەڵوەشێتەوە و ئەو نەوتەی دەریدەهێنن بە قاچاخ بیفرۆشن.
هەروەها كێشەیەكی دیكەیان ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم بڕی 1 ملیار دۆلار قەرزاری ئەو كۆمپانیایانەیە و بەغدا نایەوێت بچێتە ژێر باری ئەو قەرزەوە. بۆیە لەئێستادا چارەنوسی بیرە نەوتەكانی هەرێم هەر بەدەست حكومەتەوە نییە،بەڵكو كۆمپانیاكانی نەوت دەستیان بەسەردا گرتووە و خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی دەزانن.
مووچەی خەڵكی كوردستان كە لەلایەن بەغداوە بەستراوەتەوە بە قوماری رادەستكردنی نەوتەوە،لە ئێستادا نەوتەكە لەژێر رەحمی كۆمپانیاكاندایە و ئەوان كۆنترۆڵیان كردووە،هەر بۆیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش كەوتۆتە قوڕگی شێرەوە و چارەنوسی دیار نییە