دیبلۆماتیک
٣٥ ساڵ لەمەوبەرو لە ڕۆژی 2 ی ئابی 1990دا، لە لایەن حکومەتی عێراقییەوەو بەسەرۆکایەتی خودی سەددام حسێن وڵاتی " کوەیت"ی داگیرکراو کرا بە نۆزدەهەمین پارێزگا لە عێراق.
وەک هێمایەک بۆ دەستپێکردنی هێرش و داگیرکردنی ئەو وڵاتە، ئێوارەی ڕۆژی بەر لە پەلامارەکە، واتە ڕۆژی ١ی ئابی ساڵی ١٩٩٠، سەددام حسێن، پەیامێکی بۆ شێخ سەباح، ئەمیری کوەیت ناردو پێیووت:" سبەینێ بۆ نانی بەیانی دەعوەتی تۆم".
کاتژمێر ٥ی بەیانی، رۆژی٢ی ئابی١٩٩٠ ، بەفەرمانی سەددام حسێن، سوپای عێراق، هێڕشی کردە سەر کوەیت، ئەمیر هەڵات و لەماوەی کەمتر لە شەو و ڕۆژێکیشدا تەواوی خاکی ئەو وڵاتە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراقەوە.
هەر لە سەرەتای هێرشی سوپای عێراق بۆسەر کوەیت، ئەمەریکاو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هۆشدارییان دایە عێراق بۆ کشانەوەی سوپاکەی، بەڵام سەددام گوێی بە پەیام و هۆشدارییەکانی ئەمەریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەداو لە کوەیت نەکشایەوە، هەر بۆیە ئەمەریکاو زیاتر لە سی وڵات دژی داگیرکردنی کوەیت لە لایەن عێراقەوە وەستانەوەو بەرەی هاوپەیمانانیان دژی عێراق پێکهێناو لە ڕۆژی ١٧ـی کانوونی دووەمی ١٩٩١، بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و سعودیە، ئۆپەراسیۆنی " گەردەلولی بیابان" دژی عێراق دەستپێکرد و لە ٢٨ـی شوباتدا کوەیت لە دەستی سوپاکەی سەددام دەرهێنرا.
لە قۆناغی یەکەمی جەنگەکەدا کە بە شەڕی کوەیت، یان شەڕی کەنداو ناسراوە، ئەمەریکاو وڵاتانی هاوپەیمان هێزەکانیان لە وڵاتی سعودیە کۆکردەوە، چونکە ئەوێ نزیکترین خاڵ بوو بۆ جەنگەکە.
ئەم قۆناغە لە سەرەتای داگیرکردنی کوەیت لە لایەن عێراقەوە تا ١٧ کانوونی دووەمی ١٩٩١ دەستپێدەکات.
قۆناغی دووەمی جەنگەکە کە بە " گەردەلوولی بیابان" ناسراوە، لە ۱۷ ــ ۱ ــ ۱۹۹۱ تا ۲٨ ــ ۲ ــ ۱۹۹۱ دەستپێدەکات و لەم قۆناغەدا، ئەمەریکاو وڵاتانی ناو هاوپەیمانێتییەکە، هێرشی گەورەو فراوانیان کردە سەر سوپای عێراق.
لە ۲٦ ــ ۲ ـ ۱۹۹۱ دا، فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکاو بەریتانیاو وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکە کە زۆربەیان لە وڵاتانی هاوپەیمانێتی " ناتۆ" بوون، هێرشی سەختیان کردە سەر سوپای عێراق و ئەو ڕۆژە ناوی ڕۆژی " کۆمەڵکوژی ڕێگای مەرگ"ی لێنرا.
ئەمە دیمەنی ئەو ڕۆژەیە کە سوپای عێراق لە ۲٦ ــ ۲ ــ ۱۹۹۱ دا، بە فەرمانی سەددام حسێن لە وڵاتی کوەیت پاشەکشە دەکەن و لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە کوەیتەوە بۆ عێراق، دەکەونە بەر هێرشی سەخت و فراوانی فڕۆکەی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکان.
بەپێی ئامارەکانی جەنگەکە، تەنها لەم ڕۆژەدا، 11 هەزار سەربازو پلەداری سەربازی سوپای عێراق کوژراون و سەدان ئامێرو کەرەستەی جەنگیش لەناوبران.