د. سەلام عبدالقادر عبدالرحمن
مەترسیەکی گەورەترو بەردەوامتر لەسەر ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگاو ژینگەکەمان و نەوەکانی داهاتوومان بریتیە لە کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاوو وشکبوونی زۆرێک لە سەرچاوە ئاویەکانی هەرێمی کوردستان. بەمانایەکی تر، نەمانی ئاسایشی ئاو؛ ئەو هۆکارانەی بوونەتە مایەی کەمبوونەوەو نەمانی ئاو.
'ئاسایشی ئاو' واتا بوون و فەراهەمبوونی ئاو بۆ خواردنەوەو پێداویستیە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ. مەترسیەکانی سەر ئاسایشی ئاو واتا ئەو فاکتەرە مرۆیی و ژینگەییانەی کە دەبنە مایەی کەمبوونەوەو لەناوچوونی ئاو. پاراستنی ئاسایشی ئاو واتا خستنەگەڕی هەموو توانایەک لەسەر ئاستی تاک و دەوڵەت بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی ئاوو کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لەهەموو ئاستەکاندا، فەراهەمکردنی ئاو بۆ پێداویستی و کارو چالاکیەکانی مرۆڤ، بۆ نەوەکانی ئێستاو داهاتوو.
کاتێک کە وشەی 'ئاسایش' وەکو پێشگرێک لەگەڵ هەر شتێک بەکاربهێنین، واتا پەیوەنداریی راستەوخۆی ئەو شتە لەسەر ژیانی مرۆڤ، و هەروەها پێدانی ئەولەویەت پێی. بەمانایەکی تر، لەکاتی بوونی مەترسیدا، حکومەت دەبێت بەخێرایی وەڵامبداتەوەو کاری لەسەربکات و گەورەترین سەرچاوەی دارایی و مرۆیی تەرخان بکات بۆ نەهێشتنی یان کەمکردنەوەو دورخستنەوەی مەترسیەکان. واتا دەبێت گەورەترین بودجەو توانای مرۆیی بۆ تەرخان بکرێت چونکە بابەتەکە راستەوخۆ پەیوەندیی بە مان و نەمانی مرۆڤەوە هەیە.
ئاسایشی ئاوی کوردستان لەژێر مەترسیەکی گەورەدایە. سەرچاوەکانی ئاو زۆربەیان یان وشکبوون یان ئاو تێیاندا زۆر کەمبووەتەوە. هۆکاری ئەمەش تەنها گۆڕانکاری کەشوهەوای جیهانی نیە، بەڵکو بەشێکی گەورەی پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە؛ چەند ئاو کۆدەکەینەوە، چۆن بەکاریدەهێنین و لەچیدا بەکاریدەهێنین.
ئاو ژیانە. نەمانی ئاو واتا نەمانی ژیان و داڕمانی وڵات.
کەمبوونەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان بەتەنها پەیوەندی بە کەم داباراینی بەفر و بارانی ئەمساڵەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە زۆر-بەکارهێنان و خراپ-بەکارهێنانی ئاوەوە هەیە لە چەندین ساڵی رابردوودا.
ئێمە ئاو زۆر بەفیڕۆ دەدەین، و کارەساتی گەورەمان خوڵقاندووە بۆ سەرچاوەکانی ئاو. بۆ نموونە: ئاوی ژێرزەوی کە ساڵانێکی زۆری دەوێت تا کۆدەبێتەوە، ئێمە لەکوردستان بەشێوەیەکی زۆر نازانستی و هەڕەمەکی دەستمان بۆ بردووە. دەیان هەزار بیری ئیرتیوازیمان لێداوە لەناو شارو دەرەوەی شاردا و بەبێ هیچ سنوورێک ئاوەکەی رادەکێشین. ئەم کارە بێسەروبەرەمان بووەتە مایەی نزیک-لە-لەناوچوونی سامانی ئاوی ژێرزەوی لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان.
ئێمە لە وڵاتێکداو لە سەردەمێکدا دەژین تادێت داخوازی لەسەر بەکارهێنانی ئاو زیاد دەبێت بەهۆی زیادبوونی دانیشتوان و چالاکیە هەمەچەشنە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان، وە تادێ ئاو کەم دەکات بەهۆی کەمبوونەوەی دابارین و گلدانەوەی ئاو لە وڵاتە دراوسێکانمان. ئەمەش بەرەو کارەساتی گەورەمان دەبات ئەگەر لەسەر هەردوو ئاستی سەرچاوەکان و بەکارهێنانی ئاو هەنگاوی خێراو جدی نەگرینەبەر.
هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاو بەشێکیان گۆڕانکاری کەشوهەوای جیهانە کە لەبەرانبەردا توانایەکی ئەوتۆمان نیە. بەڵام ئەندازەو زۆری و خراپ بەکارهێنانی ئاو فاکتەرێکی گەورەی وشکبوونی سەرچاوەکان و کەمبوونەوەی ئاوی هەرێمی کوردستانە.
لەساڵانی رابردووداو ئێستاشی لەگەڵ بێت، لەکوردستان بەشێوەیەکی هەرەمەکی و نازانستی دەیان هەزار بیری قوڵی ئیرتیوازی و جۆرەکانی دیکەی بیر هەڵکەنراون و بەبێ میتەر و بڕی دیاریکراو زۆرترین ئاویان لێدەرهێنراوە، بەشێوەیەک کە ئاوی ژێرزەوی لە قوڵی چەند مەترێکەوە دابەزیوە بۆ 600-500 مەترو زیاتریش لەهەندێک ناوچە، وەکو هەولێر. ئەم کارەش نەک تەنها بووەتە مایەی وشکبوون و دابەزینی ئاو لە چینەکانی ژێرەوەی زەوی، بەڵکو وشکبوونی دەیان هەزار کانی و کارێزی لێ کەوتووەتەوە.
ئاوی ژێرزەوی دەبێت زۆر بە وریاییەوە دەستی بۆ ببرێت. دەبێت تەنها ئەوەندەی لێ رابکێشرێت کە لە ساڵێکدا جێی پڕدەبێتەوەو هەروەها دەبێت ئاوی راکێشراو یان دەرهێنراو لەکاری زۆر پێویستدا بەکاربهێنرێت، نەک لە شۆرینی تۆتۆمبیل یان ئاودانی سەوزایی تەنیشت جادەکان، بۆ نموونە.
ئاوی ژێرزەوی لە نەوت و غاز بەنرخترە. دەبێت بزانین.
لەسەر ئاستی کشتوکاڵ ئاوێکی زۆر بۆ ئاودێری بەفیڕۆ دەچێت. جوتیاران دەبێت سیستەمی دڵۆپاندن بەکاربهێنین، هەروەها دەبێت ئەو رووەک و دانەوێڵانە بچێنن کە ئاوی کەمیان دەوێت یان بە باراناو دەژین.
لەبواری پاراستن و دەستپێوەگرتنی ئاو، بابەتێکمان هەیە بەناوی ئاوی هاوردە. ئەویش بریتیە لە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی کە ئاوی زۆریان دەوێت بۆ سەوزبوون و گەورەبوونیان. واتا پێویست ناکات هەموو جۆرە بەرهەمێکی کشتوکاڵی لە وڵاتی خۆمان بچێنین، ئەویش لەپێناو پاراستنی سەروەتی ئاویمان.
لەسەر ئاستی کارگەو شوێنە پیشەسازیەکان و دامودەزگاکان و شوێنی کشتوکاڵ و مزگەوت و ماڵان، دەبێت تەوافە لەناو تانکیەکان دابنرێت و رێگەنەدرێت هیچ ئاوێكی زیادە سەرڕێژ بکات. هەروەها هاووڵاتیش دەبێت هۆشیاربێت و هەستی بەرپرسیارێتی تێدابێت لەبەکارهێنانی ئاو: بەکارهێنانی ئاو تەنها بەبڕی پێویست و لە شتی پێویستدا.
لەسەر ئاستی خەزانات و تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو، پێویستە سەرڕێژی و لێچوون و هەموو جۆرە بەفیرۆدانێک بنەبڕ بکرێت، ئەمەش هەندێ جار واتا نوێکردنەوەی خەزانەکان و دانانی ئامێری نوێ و نوێکردنەوەی بۆریەکان.
ئەو رێکارانەی سەرەوە دەبنە مایەی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاوو زیادکردنی سەرمایەی ئاو. بەڵام لە دوو ئاستی دیکەشدا دەبێت کاری خێرا و جدی بکرێت:
1- زیادکردن و پەرەپێدانی بەنداوەکان و پۆندەکان: پێویستە ساڵانە زۆرترین ئاوی باراناوو بەفر کۆبکرێتەوە (خەزن بکرێت). بەمانایەکی تر، دروستکردنی بەنداوی قەبارە گەورەو بچووک و مامناوەند و هەروەها پۆندو بەربەست لە هەر ناوچەیەک کە تۆپۆگرافیاکەی یارمەتیدەربێت.
2- پاکژکردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆکان و بەکارهێنانەوەیان بۆ ئاودانی رووبەرە سەوزەکان و کشتوکاڵ و هتد، واتا دروستکردنی وێستگەی پاکژکردنەوەی ئاوی بەکارهاتوو لە شار و شارۆچکەکان و دامەزراندنی ئیدارەیەکی پێویست بۆ بەکارهێنانەوەی ئاوەکە. بەشێوەیەکی تر بیڵێین: پاکژنەکردنەوەی ئاوی بەکارهاتوو زیانی زۆر گەورە لە سامانی ئاوی وڵات دەدات و دەبێتە مایەی پیسبوونی رووبار و دەریاچەکان و ئاوی ژێرزەوی و داخورانی زەویە کشتوکاڵیەکان. دەبێت بڵێن تاوانێکی ژینگەیی گەورەیە کە ئاوی پاکی خواردنەوە لە ئاودانی چیمەنی نێو جادە و شۆستەکان و پارک و شوێنە سەوزاییەکانی دیکە بەکاربهێنرێت. دەبێت ئاوی بەکارهاتوو دوای پاکژکردنەوە لەئاودانی ئەو شوێنانەدا بەکاربهێنرێت.
هەرێمی کوردستان بەتەواوی پشتی بە دابارین بەستووە (بێگومان رووبارە نێوخۆیی و دەرەکیەکان و کانی و کارێزو تاڤگەو ئاوی ژێرزەویش، هەموویان پەیوەستن بە دابارینەوە). ناوچەکەمان بەشێوەیەکی گشتی بەرەو کەم-بارانی و کەم-بەفری دەڕوات. ئەگەرچی ساڵێکیش باران زۆربێت، بەشێوەیکی گشتنی بڕەکەی کەم بووەتەوە ئەگەر لەسەر ئاستی چەند ساڵێک داتا وەربگرین. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ژمارەی دانیشوان زیاد دەبێت و پێویستی بۆ ئاو لە هەڵکشاندایە. ئەم بارودۆخەش دەخوازێت کاری بەپەلە و پلانی درێژخایەن دابنرێت بۆ پاراستی ئاو لە ئاستی سەرچاوەکان و ئاستی بەکارهێنان. ئەم کارەش ببێتە ئەرکی بەردەوامی تاک و دەوڵەت.
وڵاتەکانی نیوەدورگەی عەرەبی، بۆ نموونە ئیمارات، یان شارێکی وەکو دوبەی، پشت بە پاکژکردنەوەی ئاوی سوێری دەریاکان دەبەستن. بەڵام هەرێمی کوردستان دەرفەتی دەریایی نیە. واتا تەنها سەرچاوەیەکمان هەبێت بریتیە لە دابارین. ئەمەش لەکاتێکدایە کە دابارین لە کەمبوونەوەیەکی مەترسیداردایەو وڵاتانی دراوسێش بەرپرسیارێتی یاسایی و مرۆیی خۆیان لە هاوبەشیکردنی ئاوی رووبارەکان بەجێناهێنن. ئاسایشی ئاوی هەرێمی کوردستان لە مەترسیەکی زۆر گەورەدایە.
ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە پاراستنی ئاسایشی ئاو بکاتە ئەولەویەتی کارەکانی و زۆرترین سەرچاوەی دارایی و مرۆیی بۆ تەرخان بکات، نەوەکانی ئێستا و داهاتوو لە مەترسیەکانی سەر ئاو لەهەرێمی کوردستان دووربخاتەوە. هەروەها ئەرکی راگەیاندنەکانە کە رۆڵی سەرەکی لەم بوارەدا بگێڕن و بە ئەرکی نیشتمانی و مرۆیی خۆیانی بزانن. تاکیش بەپرسیارێتی هەنووکەیی و مێژوویی هەیە کە رۆڵی گەورە ببینێت لە دەستپێوەگرتنی ئاوو بەفیڕۆنەدانی.