حكومەتی هەرێم نایەوێت ناوی ئەو لایەنە ئاشكرا بكات كە بەدرۆن هێرشیان كردە سەر هەرێم

2025-08-04
هەرچەندەحكومەتی هەرێم چەند جارێكە  دەڵێت دەزانین كێ‌ هێرشی درۆنی كردوینەتە سەر،بەڵام تائێستا ئامادە نییە ناوی ئەو لایەنە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكات.

ڕێبەر ئەحمەد،وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لەبارەی ئەو درۆنانەی ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان كراون، ڕایگەیاند: لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقدا دروست بووە، ئێستە لیژنەكە لە كاردایە، لیژنەیەكی تەكنیكییە، بۆ ئەوەیە یەكلای بكاتەوە ئەو جۆرە درۆنانە سەر بە كام گرووپن كە لە عێراق هەیە.

وتیشی:بۆ ئێمە ودامەزراوەكانی حكوومەتی فیدراڵیش دیارە كە كام گرووپ ئەو جۆرە درۆنانەیان هەیە و پێشتریش ئاڕاستەی كوردستان كراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد ئێمە دەزانین لە كوێ دروست كراوە و چۆن هاویشتراوە و ئامانجیش چی بووە، بە هیواین لیژنە هاوبەشەكە بگاتە ڕاپۆرتێكی دادگەرانە و دەرئەنجامی ڕاپۆرتەكە ڕابگەیەندرێ و ئەو لایەن و كەسانەی لە پشت ئەو كارەوەن، سزا بدرێن.