-
- سیاسی
باوكی ریفراندۆم جارێكی دیكە كەتنی نایەوە
پۆلیسی هەولێر بە تۆمەتی هەرەشەكردن دەستگیریكرد
2025-08-04
میدیاكانی هەرێم بڵاویان كردەوە پۆلیسی هەولێر لەسەر سكاڵای كەسێك، دابان ئەحمەدیان دەستگیر كردووە كە ناسراوە بە باوكی ریفراندۆم.
بەپێی هەواڵی میدیاكان دابان هەرەشەی كوشتنی لەكەسێك كردووە و بەو هۆیەوە دەستگیر كراوە.
چیرۆكی ژیانی ئەم كوڕە پڕە لەكاری سەیر و سەرشێتانە.
زیاتریش لەو كاتەوە لای خەڵك ناسرا كەساڵی 2017 منداڵە تازە لەدایك بوەكەی لەژنی یەكەم ناونا ریفراندۆم و بەو هۆیەشەوە نازناوی باوكی ریفراندۆمی بەسەردا بڕا.
بەڵام دواتر هەم ژیانی دایكی ریفراندۆمی تێكدا هەم ژیانی ریفراندۆمی ساوا.
چیرۆكی سەركەشیەكانی باوكی ریفراندۆم لە ژمارە نایەن،ئەمە نمونەیەكە لە كارەكانی.
دابان لەساڵی 2021 بەرێگەیەكی ساختە و بەناوی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی عێراقەوە بڕی 50 ملیۆن دۆلاری لە بازرگانێكی دیاری كوردستان سەند،دوای ئاشكرابونی فێڵەكەی هەڵهات بۆ توركیا،بەڵام لەسەر فەرمانی مستەفا كازمی،سەرۆك وەزیرانی عێراق پۆلیسی ئینتەر پوڵ دەستگیری كردوو گەڕاندیەوە كوردستان و بەشێكی زۆری پارەكەیان لێ سەندەوە و هەندێكیشی فەوتا، هەرچەندە دواتر ئازاد كرا،بەڵام هێشتا نازانرێت دابان چۆن و بۆچی لەو كەیسە رزگاری بووە.
دوای ماوەیەك دابان دەستیكردووە بە ژیانی ئاسایی و هاوسەرگیریی دووەمی لەگەڵ كچە مۆدێلێكی هەولێر پێكهێنا.
لەدوای ئەوەش دابان وازی نەهێنا لە كارە سەركەشیەكانی و لەڤیدۆیەكدا لەگەڵ كوڕێكی منداڵكار دەركەوت رایگەیاند ئەمە منداڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق سودانیەوە بۆ میوانی ئەو هاتۆتە هەولێر،كەچی راوێژكارێكی سودانی وەڵامی دایەوە و رایگەیاند نە كوڕی سودانی هاتۆتە هەولێر نە ئەوەش كوڕی سودانییە،بۆیە داوای لەسەر تۆمار دەكەین.