باڵیۆزی ئەمریكا لەسەر یاسای حەشدی شەعبی بەفەرمی،هەرەشەكانی گەیاندە موحسین مەندەلاوی

2025-08-04
ستیڤن ڤەیگن،باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق بەفەرمی نامەی توڕەی و نیگەرانی ئەمریكای گەیاندە موحسین مەندەلاوی،جێگری یەكەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی.

لەكاتێكدا مەحمود مەشهەدانی سەرۆكە سونەكەی پەڕلەمان و شاخەوان عەبدوڵای جێگرە كوزردەكەی خۆیان دەدزنەوە لە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی و نایەنەوێت بیخەنە بەرنامەی كارەوە بۆ دەنگدان لەسەری،موحسین مەندەلاوی،جێگرە شیعەكەی سەرۆكی پەڕلەمان سورە لەسەر ئەوەی ئەگەر بەتەنهاش بووە، پرۆژە یاساكە بخاتە دەنگدانەوە و تێیپەڕێنێت.ئەمەش بەتەواوەتی ئەمریكیەكانی نیگەران كردووە.

هەرچەندە پێشتر ئەمریكا لەرێگەی وەزارەتی دەرەوە توڕەیی و نارازیبونی خۆی لەسەر یاساكە گەیاندۆتە بەرپرسانی عێراق،بەڵام وادیارە شیعەكان گوێیان بە نیگەرانیەكانی ئەمریكا نەداوە.

هەر بۆیە دوێنێ‌ باڵیۆزی ئەمریكا خۆی گەیاندە لای موحسین مەندەلاوی كە عەرابی تێپەراندنی پرۆژە یاساكەیە و رووبەڕوو هەرەشە و نیگەرانیەكانی ئەمریكای پێ‌ وتووە و لێكەوتەكانی دوای پەسەندكردنی پرۆژە یاساكەشی بۆ خستۆتە ڕوو.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بەوەکردووە: ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری كارەكانی باڵیۆزخانەكە لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تاوتوێی ئەم بابەتەی کردووەو، نیگەرانی بەردەوامی ئەمریکای سەبارەت بە یاساکە دەربڕیوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: فەیگن جارێكی تر قسەكانی مارکۆ رۆبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتکردەوە، کە یاسای حەشدی شەعبی، هەژمونی ئێران بە دامەزراوەیی دەكات و گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکان بەهێزتر دەکات، ئەوەش هەڕەشە لە سەروەری عێراق دەکات.