رێكەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا گەڕایەوە خاڵی سفر

2025-08-09
هەموو ئەو نزیكبونەوانەی هەفتەی پێشوو لەنێوان بەغدا و هەرێم رویدا لەسەر رادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتی گەڕایەوە خاڵی سفر و لەئێستادا هەردوو بابەتەكە ناكۆكی تێكەوتووە.

لە كۆتا رۆژەكانی هەفتەی رابردوو،وەفدی هەرێم بەبێ‌ هیچ رێكەوتنێك لەگەڵ بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی گەرانەوە هەولێر.

هەرێم پەشیمانبۆتەوە لەسەر ناردنی 120 ملیار دیناری مانگانە بۆ بەغدا و دەڵێن بەپێی دەستور تەنها نیوەی داهاتە فیدراڵیەكان دەدەین.لەكاتێكدا بەغدا داوای تەواوی داهاتی نانەوتی هەرێم دەكات.

هەرێمی كوردستان دەیەوێت داهاتی ئەو رسوماتانە نەداتە بەغدا كە خۆی لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم دایناوە و نزیكەی 70 جۆر رسوماتە.

لەلایەكی دیكەوە،هەرچەندە  وەزیری نەوتی  عێراق هەفتەی رابردوو لە كەركوكەوە رایگەیاند لە دوو رۆژی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكات،بەڵام چەندین رۆژی بەسەردا رۆشت نەوت هەناردە نەكرا.
بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك لەئێستادا كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم رێگرن لە رادەستكردنی نەوت و دەڵێن هێشتا حكومەتی عێراق لەگەڵ ئێمە رێك نەكەوتووە،تا نەوتی رادەست بكەین.

بڕیاریشە سبەی ئەنجومەنی وەزیران كۆببێتەوە و راپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی لەسەر كێشەكان بخرێتە بەردەست سودانی بۆ بڕیاردان لەسەریان.