-
- سیاسی
ئەو مەلا کوردەی دەسەڵاتی هەژاندبوو بۆ هەتا هەتایە بێدەنگ کرا..
دەوڵەتێکی گەورەی هێنابووە لەرزە و بە ١١ ساڵ زیندانی وەڵامدرایەوە..
2025-09-02
ئەو لەپاڵ گەیاندنی پەیامی ئیسلام و خودا پەرستی، بەرگرییەکی گەورەی لە کورد دەکرد و دژی دەسەڵآتی ئێران دەوەستایەوە..
مامۆستا لوقمان ئەمینی، کەسایەتیی ئایینیی خەڵکی شاری سنەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێکە لەو مامۆستا ئاینییە کوردانەی بەردەوام داکۆکی لو مافەکانی کورد دەکرد و بەردەوام لەسەر میمبەرەوە دەنگی ناڕەزایەتی هەڵدەبڕی و داوای برایەتی کوردی دەکرد.
مامۆستا لوقمان پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی "چواریاری نەبی"بوو لە شاری سنە، لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەردەستبەسەر کرا و لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان، بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی دەمانچە"، سزای ٥ ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای ١ ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەگێڕی و پشتیوانی لە خۆپیشاندەران" سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی یاسای کۆی سزاکان، قورسترین سزا کەبەسەریدا جێبەجێ دەکرێت، بەندکردنیەتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ..
هاوکات دادگا سزای داماڵینی جلوبەرگی ئایینی بۆ هەمیشە بەسەردا سەپاند و وتاردانی لێ قەدەغەکرا و لە زێدی خۆی دەگوازرێتەوە بۆ شاری ئەردەبیل تاوەکو ماوەی سزاکەی تەواو دەبێت.
مامۆستا لوقمان یەکێک بوو لەو مەلایەنەی لەسەر میبەرەوە بەردەوام داوای برایەتی کوردی دەکرد و دەیوت، تاوەکو برایەتی لە نێوان خۆماندا بەدی نەیەت، برایەتی ئیمە لەگەڵ گەلانی دیکە ڕو نادات.
ئەو بەردەوام دەنگی زوڵاڵی نیشتمانپەروەری بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ هیچ شتێک وازی لە کوردایەتییەکەی نەدەهێنا..