بڕیارێكی سەیر لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە

بەغدا نەوتی كۆمپانیا بیانیەكانی هەرێمی ناوێت
2025-09-11
لە هەنگاوێكی چاوەروانەكراودا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا نەوتی كۆمپانیا بیانیەكانی هەرێم وەرنەگرێت و تەنها نەوتی كۆمپانیا خۆماڵیەكان وەربگرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا، پرسی داهاتی ناوخۆ ڕەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکرێت ، لەبارەی نەوتیشەوە بڕیاریدا ئەو نەوتەی کۆمپانیاکانی ناوخۆ بەرهەمی دەهێنن، ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت.

ئەمڕۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دوای سێ كاتژمێر كۆتایی هات و تێیدا بڕیاردرا ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتی نانەوتیی (داهاتە فیدراڵییەكان) ڕەوانەی بەردەم (ئەنجومەنی دەوڵەت) بكرێت بۆ یەكلاییكردنەوەی.

لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە حكومەتی هەرێم دەستبكات بەڕادەستكردنی نەوتی كۆمپانیا ناوخۆیەكانی وەك كۆمپانیای كار بەكۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق،دوای گلدانەوە بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم.