تەنورەكە داغ بووە ... سودانی و حەشدی شەعبی خۆیان لە ئاگرەكە لا دەدەن

2025-09-11
رۆژی سێ‌ شەممە سەرۆك وەزیرانی عێراق هەواڵی ئازادكردنی كچە رۆژنامەوانی رۆسی بە رەچەڵەك جوو ئەلیزابێپ تسوركوفی بڵاوكردەوە و بەدوای ئەویشدا دۆناڵد ترەمپ هەواڵی ئازادكردن و گواستنەوەی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریكا بڵاوكردەوە.
رۆژی چوارشەممە تسوركوف لەرێگەی قوبرسەوە گەیشتە تەلئەبیب و بۆ نەخۆشخانەیەكی تایبەت گواسترایەوە.

تسوركوف كە توێژەرێكی روسی جولەكگەیە و خوێندكاری دكتوارابووە لە زانكۆی بۆستنی ئەمریكی ساڵی 2023 لە عێراق لەلایەن كەتیبەكانی حیزبوڵاوە رفێنرا.

هەرچەندە ماوەی 2 ساڵە ئیدارەی ئەمریكی بە هەموو شێوەیەك فشار لە سودانی دەكەن بۆ ئازادكردنی ئەو كچە جولەكەیە،بەڵام سودانی نەیتوانیوە بە خۆشی یان هەرەشە گروپە میلیشیاكان رازی بكات بە ئازاد كردنی.تا ئەو رادەیەی ئەمریكیەكان بەتەواوی لە سودانی تورەبوون و رایانگەیاند كەسێكی بودەڵە و هیچ لەباردا نەبووە؟

كەواتە چی رویدا كە وایكرد ئەوەی 2 ساڵ زیاترە میلیشیاكانی سەر بەحەشد پێی رازی نەبوون،لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا بێنە ژێر بار؟

هەرچەندە حكومەتی عێراق رایگەیاند كە تسوركوف لەلایەن چەند كەسێكی لەیاسا دەرچوو رفێندراوە  و توانیویانە لە 9ی ئەم مانگە شوێنەكەی ئاشكرا بكەن و رزگاری بكەن،بەڵام سەرچاوەكانی سەر بە حەشد دەڵێن تسوركوف بەپێی رێكەوتن بەردراوە نەك ئازاد كرابێت.

بەپێی ئەو رێكەوتنەی میلیشیاكان باسی دەكەن بەردانی ئەو بارمتە ئیسرائیلییە لە بەرامبەر لێنەدانی سەركردەكانی حەشد و هێرشنەكردنە سەریان بووە لە لایەن ئەمریكاو ئیسرائیلەوە.واتە ئازادكردنی گیانی تسوركوف لە بەرامبەر پاراستنی گیانی سەركردەكانی حەشدی شەعبی.

وادیارە سودانی و حەشدی شەعبی بەتەواوی هەستیان بە مەترسی دۆخەكە كردبێت ئەوەتا دوای 2 ساڵ رازیبون كە بارمتەكە ئازاد بكەن،هەر  دوینێش حكومەتی عێراقی هەستا بەلابردنی وێنەیەكی گەورەی ئەبو مەهدی موهەندیس لەبەردەم دەروازەی فرۆكەخانەی بەغدا و گۆڕی بە نەخشەیەكی عێراق.

ئەمەنا دەریدەخەن ئاگری تەنورەكەی ئەمریكا خەریكە داغ دەبێت و سودانی و سەركردەكانی حەشدیش بەتەواوی هەستیان بە مەترسی دۆخەكە كردووە و دەیانەوێت خۆیان بپارێزن تا ئەوكاتەی كورەی تەنورەكە سارد دەبێتەوە