کچەکەی کیم جۆنگ ئون   ئایا دەکرێت ئەم کچە جێنشینی ئەو بێت؟

2025-09-14
کۆریای باکوور لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە، هەرگیز لەلایەن ژنێکەوە سەرۆکایەتی نەكراوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا (کیم جو ئی)  سەردەکەوێت بۆ لوتکەی دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیەی کە لەسەر بنەمای پیاوسالاری دەمەزراوە؟.

 سەیركردنی كیم جو ئی وەك شازادەی داهاتوو كاتێك وروژێنرا  کە باوکی بۆ یەکەمجار بردی بۆ چین، لەوێ بەشدارییان لە نمایشێکی سەربازیدا کرد، ئەمەش قسە و باسی لەسەر ئەگەری جێنشینی لێکەوتەوە. 

یانگ موو جین، كە سەرۆکی زانکۆی توژینەوەی کۆریای باکوورە لە سیئۆل، بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ڕاگەیاندووە، "ئەمە قۆناغی کۆتایی پرۆسەی دیاریکردنی جێنشینە".

راپۆرت و توژینەوەکان ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە ناسنامەی ئەم کچە بە نهێنی ماوەتەوە. 

پڕوپاگەندەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەو کچە لە ساڵی ٢٠١٢ لەدایک بووە و ڕەنگە کچی کیم جۆنگ ئون و ڕی سۆل جوی هاوسەری بێت. بەڵام تا ئێستا زانیاری لەسەری کەمە و ئەوەشی هەیە سەرەتا یاریزانی باسکەی ئەمریکی دێنیس ڕۆدمان لە ساڵی ٢٠١٣ ئاشکرای کردووە و لەو بارەوە وتوویەتی کیم کچێکی بە ناوی جو  ئی هەیە،  دواتر بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕاگەیاندووە: "من کۆرپەکەیانم  (جو ئی) گرتووەتە باوەش  و لەگەڵ ژنەکەی کیم قسەم کردووە". 

ڕاپۆرتی جیاواز هەیە سەبارەت بە تەمەن  و ساڵی لەدایکبوونی؛ بە شێوەیەکی گشتی مەزەندە دەکرێت کە ئەو لە تەمەنی پێش هەرزەکاری یان سەرەتای هەرزەکاریدا بێت، هەرچەندە ئەمە تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای ئیفادەکەی ڕۆدمانە. بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئەو کچە تەمەنی چەند بووە کاتێک ئەو خێزانەکەیانی ناسیوە.



لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ەوە کیم جو ئای لە چەندین بۆنەی گشتییدا دەرکەوتووە، لەوانە سەردانی شوێنە سەربازییەکان و  پشکنینی کارگەکان و  ئاهەنگی فەرمی و ئاهەنگە دەریاییەکان.

سەرەتا وێنەکانی وەکو کچێکی گەنج نیشان دەدران بەڵام وردە وردە گەشەیان سەندووە و لە ئێستادا وەکو خانمێکی رەسەن و فەرمی کە جلوبەرگێکی کەشخەی پۆشیبێت زۆر بەئارامی دەردەکەوێت و شانبەشانی باوکی دەڕوات. شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەم دەرکەوتنە بەردەوامانە بەشێکن لە ستراتیژێک کە بە باشی بیری لێکراوەتەوە و کیم جۆنگ ئون پەیڕەوی دەکات.

سەرۆکی کۆریای باکوور بە نیشاندانی کچەکەی بە شێوەیەکی فەرمی و زەردەخەنە لەسەر لێوان، هەوڵدەدات وێنەکەی نوێ بکاتەوە و ڕەهەندێکی خێزانی بخاتە ناو دەسەڵاتەکەیەوە و شانشینی کیم لە چوارچێوەی دنیای مۆدێرندا جێگیر بکات. ئەمەش جیاوازە لەگەڵ وێنە توندەکانی سەرکردەکانی پێشوو. 

هەرئەوەندە نا، بەڵکو هەندێک لە چاودێران ئەمە وەک پێشەکییەک بۆ ئەگەری یەک لە دوای یەک دەبینن. چونکە چین کە هاوپەیمانێکی مێژووییە، زۆرجار ڕۆڵی هەیە لە شەرعیەتدان بە میراتگران. ڕەنگە کیم جو ئی بە سەردانی پەکین هەنگاوێکی ڕەمزی گرنگی نابێت. بەڵام پسپۆڕانی دیکە ئەم قسە و باسانە رەتدەکەنەوە...لە ئێستادا هیچ پۆستێکی فەرمی نییە و باوکی سەرەڕای کێشە تەندروستییەکانی،هێشتا تاڕادەیەک گەنجە.

لە کۆتاییدا ئەگەری سەرکردایەتیکردنی ژنێک لە کۆریای باکور لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو ڕژێمەوە بێ وێنەیە.
 ئەگەر کیم جو ئی شوێنی باوکی بگرێتەوە، ئەوا دەبێتە یەکەم ژن کە ئەو پۆستە وەربگرێت. بەڵام دەنگۆکان ئاماژە بە بوونی برایەکی گەورەتریش دەکەن، کە ڕەنگە گومان لەسەر ئەم ئەگەرە دروست بکات.
میدیاکانی کۆریای باکوور چەندین جار بە "خۆشەویسترین" یان "رێزدارترین" کچ ناوییان بردووە و سەرکردە باڵاکانی سەربازیش کڕنۆشیان بۆ بردووە، ئەمەش ئەو قسە و باسانە بەهێزتر دەکات کە دەڵێن کچەکە بۆ سەرکردایەتیکردنی داهاتوو ئامادە دەکرێت.