چارەنوسی مووچەی هەرێم كەوتۆتە قوڕگی شێرەوە

بەغدا و هەرێم جدی نین لە یكلاكردنەوەی مووچە
2025-09-17
هەرچەندە هەموو چاوەكان لەسەر كۆبونەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت بوو،بۆ یكلاكردنەوەی پرسی داهاتە نانەوتیەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا،بەڵام ئەنجومەنەكە بڕیاری نەدا و یكلاكردنەوەی پرسەكە بۆ سبەی چوار شەممە دواخرا..
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ تەنها کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بووە لەگەڵ نوێنەری هەرێم و بەغداد سبەی کۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە ئەنجام دەدات و بڕیار لەسەر پرسەكە دەدات.

لەلایەكی دیكەشەوە لەسەر پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت،هەرچەندە بەرپرسانی هەردولا دەڵێن نزیكبونەوەی زۆر هەیە بەڵام هێشتا ئەو پرسەش یەكلا نەبۆتەوە.

هەرچەندە بەغدا و هەرێم ماوەی چەند مانگێكە لە گفتوگۆدان لەسەر پرسی نەوت و داهاتی نانەوتی هەرێم و ناردنی مووچە،بەڵام هەتائێستا ئەو كێشەیە یەكلا نەبۆتەوە و بەهۆیەوە تائێستا 3 مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم داواكەتووە.

بەغدا و هەرێم هەریەكەیان بە شێوازی خۆی سودمەندی گەورەن لە نەناردنی مووچە و نەگەیشتنە رێكەوتن،بۆیە گومانی ئەوە دەكرێت كەسیان پەلەیان نەبێت و رێكەوتنی رانەگەیەندراو هەبێت لەنێوانیان بۆ مانەوەی بارودۆخەكە وەكو خۆی.

دارا سێكانیانی،ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە لیستی یەكگرتوو دەڵێت:مەگەر هەموو 18 رۆژێك مووچەیەك دابەشبكرێت ئەگینا چەند مووچەیەكی فەرمانبەرانی هەرێم دەفەوتێت.