کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
سیاسی
ئەمریكا دەیەوێت سوپای نیشتیمانی بۆ كوردستان دروست بكات كورد خۆی شەقی تێهەڵدەدات
2025-09-18
راپۆرتی شیكاری:هێمن باقر
حكومەتی ئەمریكا،لەڕێگەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكاوە بەشێوەیەكی جدی و لێبڕاوانە هاتۆتە سەرخەت بۆ دروستكردنی سوپایەكی نیشتیمانی یەكگرتوو بۆ هەرێمی كوردستان،بەڵام بیركردنەوەی شوانكارەیی و بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی خەریكە ئەم هەوڵە لەبار دەبات و یەكێك لە گەورەترین هەڵە ستراتیژیەكانی مێژوی خۆی ئەنجام دەدات.
هەرچەندە لە تەواوی مێژوی كوردا بەدەگمەن دەرفەتی وا هەڵدەكەوێت،كە گەورەترین وڵاتی دونیا لە كورد بپاڕێتەوە و ئامادەش بێت هاوكاری بكات بۆ ئەوەی سوپایەكی تۆكمەی نیشتیمانی بۆ دروست بكات و بەشێكی گەورەی چەك و جبەخانە و خەرجی و راهێنانیشی بگرێتە ئەستۆ،كەچی پارتی و یەكێتی بەعەقڵی دواكەوتووی حوكمڕانی و بە چاوچنۆكی شەخسی و حیزبی خەریكن ئەم هەوڵە لەباردەبەن و هەرجارەی كێشەیەك و رێگریەكی نوێ بۆ ئەو پرۆسەیە دروست دەكەن بە بەهانەی ئەوەی كە بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبیەكانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ئەیلوولی ساڵی 2016 یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، دواتر لە سەرەتای 2022 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد کە 35 خاڵ لەخۆ دەگرێت و ئامانج لێی یەکخستنەوەی هێزەکانە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و دوورخستنەوەیانە لە هەژموونی حیزب.
سڵێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاساییشی نێودەوڵەتی بۆخۆی هاتە هەولێر و رێكەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژوو كرد.ئەمەش نیشانی دەدات كە ستراتیژی دەوڵەتی ئەمریكا چاوی لە یارمەتیدان و بەهێزكردنی پێگەی كوردە لەناوچەكەدا ئەگەر كوردەكان خۆیان ئامادەبن و بیانەوێت.
یاداشتنامەکە نەخشەڕێی یەکخستنەوە و دروستكردنی سوپایەكی نیشتیمانی سەردەمیانە و پیشەیی لەخۆ گرتووە.
خاڵی جەوهەریی لە نەخشە رێگاكەدا بریتییە لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و گواستنەوەی هێزەکان لە یەکەکانی 70ی سەر بە یەکێتی و 80ی سەر بە پارتی بۆ ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
بەپێی نەخشە رێگاكە سوپای پێشمەرگەی كوردستان لە 11 یەکەی پیادە رێكدەخرێن،لەژێر فەرمانی دوو فەرماندەیی ناوچەیی باكور و باشور لەگەڵ دوو هێزی پشتیوانی، کە هەموویان لە کاتی تەواوبوونی جێبەجێکردنی پلانەکەدا، 138 هەزار پێشمەرگە لەخۆدەگرن.
لە سەرەتای ساڵی 2025 باڵیۆزخانەی ئەمریكا بەفەرمی نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سستی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و جدی نەبونی پارتی و یەكێتی لەوكارەدا.
هەروەها شۆرش ئیسماعیل،وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم نەیشاردەوە كە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە،بەر بەرژەوەندیەكانی هەندێك كەسی ناو حیزبەكان دەكەوێت بۆیە بەهەموو شێوەیەك دژایەتی دەكەن.
لە راپۆرتێكدا كە لەمانگی ئایاری ئەمساڵ نوسراوە،پشكنەری گشتی لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رەخنەی جدی هەبووە لە كارەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە.
راپۆرتەكەی پشکنەری گشتیی ئەمریکا روونی دەکاتەوە کە چوار لەو 11 یەکەیەی كەبڕیاربوو دروستبكرێن "بە تەواوی یان بە نیمچەیی" دروستكراون و دووی دیکەش سەرقاڵی وەرگرتنی ئەندامن.
بەڵام ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا بە پشکنەرانی گشتیی راگەیاندووە، "لە قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە کە نیگەرانی هەیە لەسەر ئەوەی تەنانەت لە دوای گواستنەوەی هێزەکان لە یەکە حیزبییەکانی حەفتا و هەشتاوە، هێشتا حیزبایەتی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە."
هەرچەندە وەزارەتی پێشمەرگە بە پشكنەری گشتی ئەمریكایان وتووە پێشبینی دەكەن تاوەکو ئەیلوولی ساڵی 2026، ئامانجەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی بەدەستبهێنێت وەكو ئەوەی لە رێكەوتنەكەی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵََََ وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بڕیاری لەسەر دراوە،بەڵام پێ ناچێت بتوانن لەوماوەیەدا كارەكان تەوا بكەن.
پشکنەری گشتیی ئەمریکا دەڵێت: "حیزبایەتیی لەنێو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا ماوە، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ دروستکردنی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی ناوچەیی بەردەوامن."
هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "وێڕای هەوڵەکانی چاکسازی و دامەزراندنی هێزی سەربازیی ناحیزبی لە ژێر فەرماندەییەکی یەکخراودا، لیواکان هێشتا فەرماندەی حیزبییان هەیە و لەو ناوچەیەدا کاردەکەن کە سەر بە حیزبەکانن.
بەپێی راپۆرتەكەی پشکنەری گشتی ئەمریكا "بە گوێرەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی ئەندامانی هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، 138 هەزار کەس دەبێت.بەڵام تاوەکو کۆتایی ئایار، وەزارەتی پێشمەرگە 72 هەزار پێشمەرگەی لەژێر دەسەڵاتدا بووە و هێشتا ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدان و لەژێر فەرمانڕەوایی یەکە حیزبییەکانی حەفتا و هەشتادان."
بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك لەئێستادا نزیكەی 63-65 هەزار پێشمەرگە لەژێر دەستی یەكەی هەشتای پارتیدان و 40-45 هەزار پێشمەرگەش لەژێر دەستی یەكەی حەفتای پارتین.
هەرچەندە وەزارەتی پێشمەرگە باس لەیەكخستنەوەی 7 یەكەی سەربازی دەكات لەكۆی 11 یەكەی سەربازی،بەڵام پشكنەری گشتی ئەمریكا دەڵێت تەنها چوار یەكە دروستكراوە و ئەویش بەدنیایەك كەموكوڕی و تێبینییەوە.
سەرە رای هاوكاری و پاڵپشتییە بەردەوامەكانی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان هێشتا لەبایەخ و ئامانجی ئەو هەوڵەی ئەمریكا نەگەیشتوون بۆ دروستكردنی سوپایەكی نیشتیمانی بۆ هەرێمی كوردستان.لەكاتێكدا ئەمریكا بەدوای دروستكردنی سوپایەكی نیشتیمانییە بۆ كوردستان،بەرپرسانی كورد لەبەر خۆخۆری و چاوچنۆكی شەق لەم دەرفەتە مێژوییە هەڵدەدەن.
بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا تا ساڵی ٢٠١٦ ئەنجامدرا و لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٢ بۆ چوار ساڵ نوێکراوەتەوە، بەپێی لێکتێگەشتنەکە پێنتاگۆن مانگانە ٢٠ ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و ئامێری جەنگی و مەشق و ڕاھێنان پێشکەش بە ھێزە ھاوبەشەکانی پێشمەرگە دەکات. ئەم رێكەوتنە بۆ ماوەی 4 ساڵە و ساڵانە 25% ی كەم دەبێتەوە و تا ساڵی 2026 دەخایەنێت
لە بودجەی ئەم ساڵی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، بڕی 61.014 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردن و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە تەرخان کراوە. ئەم بڕەش بەراورد بە تەرخانکراوی ساڵی 2025، 4.7 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.
لەو ژمارەیەش 11 ملیۆن و 80 هەزار دۆلاری بۆ چەک، 5 ملیۆن و 321 هەزار دۆلاری بۆ تەقەمەنی، 27 ملیۆن و 507 هەزار دۆلاری بۆ ئۆتۆمبێلی سەربازی، 17 ملیۆن و 106 هەزار دۆلاری دیکەشی بۆ جلوبەرگ و کەرەستەی دیکەیە.
بەپێی هەواڵیكی دەنگی ئەمریكا لەساڵی 202 حكومەتی هەرێم داوای كردبوو ئەمەریكا سیستەمی پاتریۆت یان سیستەمی بەرگری بداتە هەرێمی كوردستان، بۆ وەستانەوە دژی ئەو مووشەكانەی لە هەرێمی كوردستان دەدرێت، دیارە ئەو داواكاریە تاوتوێ كرا و درا بە پنتاگۆن ئینجا درا بە كۆنگرێس بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات، ئێستا بڕیاری لێدراوە و پڕۆژەكە قبوڵكراوە، بەڵام سیستەمەكە نەگەشتۆتە هەرێمی كوردستان
هەروەها گۆڤاری فۆربس بڵاویكردەوە" ئەمەریكا تۆپخانەی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دابینكردوە، بەشێوەیەك لە6ی مانگی هەشتدا پێشمەرگە تۆپی هاوەرتزی 105 ملمی ئەمریكی وەرگرتوە، و ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی 36 تۆپخانەی ئێم 119 بۆ تەیاركردنی دوو كەتیبەی تۆپخانەی هێزەكانی پێشمەرگە لەساڵی 2017وە، هەروەك سوپای ئەمریكاش ئۆتۆمبێلی سەربازیی بۆ پێشمەرگە گواستوەتەوە كە بریتین لە هامڤی و بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلی دژە مین."
زۆرترین سەردان
1
چۆن لە وەرزی هاوین بە ئاسانترین شێوە کێشی لەشت دادەبەزێنی؟
2
سیناریۆی جەنگی ساردی نێوان ئەردۆگان و ناتانیاهۆ
زیاتر بخوێنەرەوە
سیناریۆی جەنگی ساردی نێوان ئەردۆگان و ناتانیاهۆ
گۆڕان لە دەرکەوتن تا کەوتن
پێش حیزبسازی، مرۆڤسازی؛ تراژیدیای بزوتنەوەی گۆڕان و جینی تێکچووی حیزب لە کوردستان!
عەجاج تکریتی، وەک سیمبولی ستەمکاریی لەبەردەم قانوندا
چەکە درۆیینەکانی ترەمپ و گەمژەیی کورد
پێشمەرگە موسڵمان؛ لە خەونی "موفتیزادە"وە بۆ قەڵغانی "پاسداران"
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2026 Diplomatic Magazine