کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
سیاسی
دەوڵەتی فەلەستین; خەون یان وڕێنە
2025-09-24
ئیسرائیل و فەلەستینییەکان ئەوپەڕی تووندوتیژییان بەکارهێنا، بەبێ ئەوەی کەسیان سەرکەوتنی تەواوەتی بەدەستبهێنن. ئەی چارەسەر؟
وریا حەمە تاهیر
بڕیارە دوو سبەی فەرەنسا و بەریتانیا هەشت وڵاتی دیکەی ڕۆژئاوایی، دان بە دەسەڵاتی فەلەستین وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بنێن. پشتریش چەند وڵاتی تری یەکێتی ئەورووپا، لەوناویاندا ئیسپانیا هەنگاوێکی ئاوایان نا. بەڵام ئەم دانپیانانە زیاتر هەنگاوێکی سیمبوولین تا کردەیی.
بەتایبەت و لە ئێستادا کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندی شاری غەززە، وەک دوا مۆڵگەی حەماس چڕتربووەتەوە. ئیسرائیل نەک باڵادەستی تەواوی نەک بەسەر فەلەستین هەیە، بەڵکو بووە بە یاریکەری یەکەمی تەواوی ناوچەکە. بۆیە ڕەنگە وا لێکبدرێتەوە، کە پرسی دەوڵەتی فەلەستین حەواڵەی نەوەکانی داهاتوو کراوە. دانپیانانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی هاوپەیمانی ئیسرائیل، زادەی بێدەسەڵاتیانە بەرامبەر ملهوڕییەکانی ناتیاناهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ وەستانی لە هێرشەکانی لە غەززە.
ئەو ڕەفتارە سەرەڕۆییانەی ئیسرائیل، بەتایبەتیش هی ناتیاناهۆ، وای کردووە هەرچی زیاتر وڵاتانی ڕۆژئاوا کە دۆست و هاوسۆزی ئیسرائیل بوون، هەڵوێستی نەرێنیان هەبێ و کار بگاتە ئەوەی کە ئێستا بە پەیوەندییەکانیاندا دەچنەوە بەرامبەر ئەم وڵاتە.
لە دواین پێشهاتدا، یەکێتی ئەورووپا بڕیاری دا بەشێک لە ڕێککەوتن و هاریکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرێت. ژمارەی ئەو پارتانەی لە وڵاتە ئەورووپییەکان کە حەوسەڵەیان بەرامبەر ملهوڕییەکانی ناتیاناهۆ کەمبووەتەوە، تادێت زیاتر دەبێت، ئیتر تەنیا پارتە چەپە پەڕگیرەکان نین کە هاوسۆزی فەلەستینییەکان و دژی ئیسرائیلن، بەڵکو بەرەکە فراوانتر بووە. زۆر وڵاتیش بە ئاشکرا ڕەخنەی توند ئاراستەی حکومەتی ئیسرائیل دەکەن.
اێستا داوا دەکرێت یەکێتی ئەورووپا هەموو جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو وڵاتە ببڕێت و وەک شەڕەنگێز مامەڵەی لەگەڵ بکات، وەک چۆن ڕووسیا ئاوا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەوە زیاتر لە داواکانی وەک ڕێگەنەدان بە ئیسرائیل لە بەشداریکردنی لە پێشبڕکێی مۆسیقی یورۆڤیشن، هەروەها کۆتایی هێنان بە هەماهەنگی لە بواری فیلم و کاری سینەمایی و دەرکردنیان لە چالاکییە وەرزشییەکان.
ئەمەش ئەو ترسەیە، کەزۆرێک لە سیاسیی و پارتەکانی تری ئیسرائیلی نیگەران کردووە، کە ملهوڕییەکانی ناتیاناهۆ، وا بکات سەرکەوتنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل بە شکستی دیپلۆماسی بشکێتەوە بۆ ئیسرائیل، وەک یەهود باراک و یەهود ئۆلمەرت سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووتری ئیسرائیل زوو زوو باسی دەکەن.
جیاوازی تێڕوانینی ناتیاناهۆ و پارتەکانی تری ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل ڕوونە لەمەڕ پرسی ئیدارەدان و چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین، کە زۆرینەیان ئاسایشی ئیسرائیل دەبەستنەوە بە ئاشتی بۆ فەلەستین تا ڕێگەدان بە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ. وەک دواجار لە ساڵی ٢٠٠٨دا یەهود ئۆڵمەرت لە کاتی سەرۆکوەزیرانی خۆیدا لە سەرەتای دووهەزارەکاندا نزیکەی ٩٣٪ی کەناری ڕۆژئاواو غەززەی دا بە فەلەستینییەکان، وەک قەرەبوو بڕێک لە خاکی ئیسرائیلیشی خستەسەر. تەنانەت ئەوەشی قبووڵ بوو کە رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم پایتەختی دەوڵەتە فەلەستینییەکە بێت.
ئەگەرچی پێدانی ٩٥٪ی کەناری ڕۆژئاوا لەم سەردەمەدا ڕەنگە وا ئاسان نەبێت، بەلەبەرچاوگرتنی گەشەسەندن و زۆربوونی ژمارەی کۆمەڵگا جوولەکە نشینەکان لەو ناوچەیە. بەڵام بیرۆکەی ڕازیبوون بە دەوڵەتی فەلەستینی، دووبارە بەکردەوە کارکردن لەسەر بیرۆکەکە، تەنها هەڵبژاردنێک دوورە. گەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، بنیامین ناتیانناهۆ دۆڕا، ئەوا دەرفەتەکە دێتە ئاراوە دووبارە.
وەک زۆرێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیلی دەیڵێن، ناتیاناهۆ درێژە بە جەنگەکە دەدات، تا خۆی لە دەسەڵات بمێنێتەوە وبەربەست بۆ دادگا درووست بکات، کە ناوبراو دادگایی بکات لەسەر تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات کە دراوەتە پاڵی.
لەولاشەوە هەر زوو لەگەڵ هەنگاوی ئەورووپییەکان بۆ داننان بە فەلەستیندا، مەحموود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، ڕایگەیاند کە ئیدارەکە نوێدەکاتەوە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکات کە لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە ئەنجام نەدراوە.
وەک نیازپاکیش و پیشاندانی پابەندێتی بە ڕێسا نێودەوڵەتییەکانەوە، دەسەڵاتی فەلەستین، ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی ئەیلول، تۆمەتباری تەقینەوەیەکی ساڵی ١٩٨٢ی پاریسی دەستگیر کرد و بڕیارە لەڕێی ئینتەرپولەوە ڕەوانەی فەڕەنسای بکات. تۆمەتبارەکەش ناوی مەحموود خزر عەبد عەدرە, ناسراوە بە هیشام حەرب.
ژان نۆیڵ بارۆی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی، بڕیاری سەرۆک ماکرۆن بۆ دانپیانان بە دەوڵەتی فەلەستیندا، ئەو دەرفەتی ڕەخساندا کە داوای ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسە بکەین.
جێی باسە تەقینەوەکە لە چێشتخانەیەکی پاریس بوو لە ناوجەرگەی گەڕەکی جوونشینی پاریس، شەش کەس کوژران و ٢٠ دیکەش برینداربوون. ئەوەش تا ئەوکات گەورەترین پەلاماربوو بۆ سەر جووەکانی فەرەنسا لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
ماکرۆن پێشوازی لە هاریکاری لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین کردووە، لە ئێکس نووسیویەتی، "پێکەوە کاردەکەین بۆ ڕادەستکردنەوەکە بە خێرایی بکرێت".
هەرچی حەماسیشە دوای شەڕە ماڵوێرانکەرەکە، جیاوازی سەرکردەکانی ڕوونتر دەرکەوتووە. ئەگەرچی جیاوازی نێوان سەرکردە مەیدانییەکان لە غەززە و سەرکردە سیاسییەکان لە تاراوگە لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی پەلامارەکەی ٦ ی ئۆکتۆبەر هەبووە، بۆ نموونە موسا ئەبو مەرزووق، هەر لەسەرەتاوە ناکۆک بوو لە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی مەدەنی ئیسرائیلدا. ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە گەر ووردەکاری هێرشەکەی پێشوەختە بزانیبایە، ئەوا پشتیوانی لێ نەدەکرد.
بەتازەییش، سەرچاوەیەک لە دەوحە بە پەیامنێری ڕادیۆی سویدی وتووە، کە درزەکە وا قوڵتربووەتەوە، بەجۆرێک کە لە ئایندەدا ڕەنگە زۆرکەش تووشی سەرسوڕمان بکات.
ناکۆکییەکەش لەسەر ئەوەیە، کە باڵێکی حەماس پێیانوایە کە نەدەبوو لە ٧ی ئۆکتۆبەردا ڕێگە بدرێت خەڵکی مەدەنی بکوژرێت و بەبارمتە بگیرێت، یان ڕێگە بەهەندێک گرووپی تاوانکاری بدرێت بچنە ئیسرائیلەوە شەلم کوێرم خەڵک بکوژن. وەک یەحیا سینوار پلاندانەر و جێبەجێکەری پەلامارەکە ڕێگەی پێ داوە، کە پێی وابوو کووشتنی خەڵکی مەدەنی کۆمەڵگای ئیسرائیلی دەهەژێنێت. ئەم باڵە دەڵێن ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژی بوو، وایکرد هەموو دنیا گلۆپی سەوز بۆ ئیسرائیل هەڵبکات کە چی دەوێت بیکات.
باڵێکی تری حەماس پێیانوایە ئەوانە تەنها بیانوون، ئەوە هیچ لە مەسەلە ناگۆڕێت، ئەو واقیعە تاڵە هەر بەردەوام دەبوو. ئیسرائیل هەروا مامەڵەی دەکرد.
سەرچاوەکە بە پەیامنێری ڕادیۆی سویدی وتووە، لە ئێستا هەردوو باڵەکە هەوڵ دەدەن ناکۆکییەکان بخەنە لاوە تا شەڕەکە کۆتایی دێت. بەڵام دزەکە هێندە گەورەیە، کە حەماس لە بنەڕەتەوە دەگۆڕێت بە جۆرێک مایەی سەرسوڕمان دەبێت بۆ زۆر کەس.
ئەم ناکۆییە و گۆڕانی حەماسیش دەرگا بەڕووی ئەوەدا دەکاتەوە، کە کۆڵبدەن لەو داوایەیە کە دەبێ ئیسرائیل لەناو بدرێت، بەڵکو بە چارەسەری دوو دەوڵەت ڕازی بن. کە جێبەجێکردنی پرسێکی واش، بێگومان هەڵوەشانەوەی بەلای کەمەوە باڵی چەکداری حەماس پێشمەرج دەبێت.
ئەوەی وا دەکات کە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لە واقیع نزیک بێتەوە، پەناگیرکەوتنی ئیسرائیلە.
بۆنموونەم تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بەوەی خەریکی قڕکردنی خەڵکی غەززەیە، چیتر لە هەندێک هەڵوێستی توند و زیادەڕەوی چەپە پەڕگیرەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو خەڵکانی پسپۆڕ و توێژرانی بواری قڕکردنیشی "جینۆساید" گرتووەتەوە.
ماوەکانی پێشوو ژمارەیەک توێژەری بوارەکە ڕایانگەیاند کە گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامە کە ئەوەی ڕوودەدات لە غەززە قڕکردنە. هاوکات ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بۆ نموونە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لێبووردن "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" هەمان هەڵوێستی هەبووە.
دۆخەکە قورستر بوو، کاتێک لیژنەی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە لە پرسەکە، کە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕای سپارد بوو، لە ڕاپۆرتەکەیدا گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەوەی ئیسرائیل لە دووساڵی ڕابردوودا لە غەززە کردوویەتی قڕکردنە.
ئەم هەڵوێستانە ئەگەرچی کاریگەری ڕاستەوخۆ و بەپەلەیان لەسەر ڕەوتی جەنگە نییە. بەڵام زیاتر ئیسرائیل پەناگیر و لاکەوتە و بێزراو دەکەن لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی. لە دوور مەوداشدا ئەمانە هەموو دەکرێت ببنە بنەمای لێکۆڵینەوە و سزادانی ئیسرائیل بەرپرسانی بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە لەماوەی جەنگەکەدا کراون و نەتوانن وەک بەرزەکی بابان بۆی دەرچن.
لەسەرووی هەمووشیانەوە، ئەو ڕایە زیاتر پاڵپشتی بۆ درووست دەبێت، کە تەنیا چارەسەر بۆ کێشەکە، دوو دەوڵەتی سەربەخۆیە، ئیسرائیل بۆ جووەکان و فەڵەستین بۆ عەرەبەکان. ئەم ڕایە ئێستا دیسانەوە لەناو سیاسییەکانی ئیسرائیل کە لە دەرەوەی حکومەتەکەی ناتیاناهۆن پشتیوانی بۆ درووست بووەتەوە.
ئەگەرچی بەرپرسانی ئیسرائیل هەر لە نەوەدەکانەوە ووردە ووردە ئەم ڕایەیان بۆ درووست بوو بوو، کە ئاسایشی ئیسرائیل بەندە بە ئاشتی بۆ فەلەستینییەکان. بەڵام لە دوای ساڵانی دوو هەزارەکانەوە بە تایبەتیش ناتیاناهۆ و هاوڕاکانی دۆخێکیان درووست کرد، کە تاڕادەیەک ئاسایشی بۆ ئیسرائیلییەکان دابین کردبوو، ئەوەش لەڕێی گەمارۆدانی کەتی ڕۆژئاوا و غەززە بە دیوای بەرز و دابڕینی لە ئیسرائیل، هەروەها دەستکردن بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، کە پێشتر ئەم وڵاتانە داننان بە ئیسرائیلیان بەستبووەوە بەوەی ئیسرائیل ڕێگە بە دامەرزاندنی دەوڵەتی فەلەستین بدات و لەسەر خاکە داگیرکراوەکانی ١٩٦٧ بکشێتەوە.
بەڵام ئێستا، نەک وڵاتە عەرەبی و موسڵمانەکان، بەڵکو ئەورووپییەکان و تەنانەت بەشێک لە سیاسییەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە کێشەکە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە مێژووییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەتایبەت هەر دوولا، تێگەیشتوون کە بەهێز یەکتریان بۆ ناسڕێتەوە. حەماس لەوپەڕی بەهێزی و گەورەترین هێرشیدا، توانی نزیکەی هەزار سەد جوویەک بکوژێت. ئیسرائیلیش لە نزیکەی دوو ساڵدا لەوپەڕی بێدەربەستی و “بە دەربەستیشەوە” لە جەنگەکەدا، ٦٥ هەزار کەسی کووشتووە. لەو حەوت ملیۆن و نیو فەلەستینیەی لەگەڵیاندا دەژی. هەر دوولا بە بەکارهێنانی ئەوپەڕی تووندوتیژی، نەیانتوانیوە کۆتایی بە کێشەکە بهێنن لەڕێی هێزەوە.
لە ئێستادا نزیکەی ١٥ ملیۆن کەس "لە نێوان ڕووبار بۆ دەریا" دا دەژین، وەک ئاماژەیەک بۆ خاکی ئیسرائیل و فەلەستین، لەوەش نیوەیان عەرەب و نیوەکەی تر جوو، یەک دەوڵەت بۆ ئەم دوو پێکهاتەیە ئاستەمە، چونکە ئیسرائیلییەکان دەترسن عەرەبەکان لەڕێێ زاوزێی زۆرەوە ببن بە زۆرینە و دەوڵەتەکە بکەنەوە بە عەرەبی و دیسانەوە جووەکان تووشی چارەنووسێکی ڕەش ببنەوە، خۆ ئەگەر هەموو فەلەستینییەکان لە دەوڵەتەکەی خۆیان وەربگرن بەبێ ئەوەی مافی هاوڵاتیبوونی تەواویان پێ بدەن، ئەوا دەوڵەتەکەیان دەبێت بە ئاپارتاید، کە بەشێک لە هاوڵاتیانی پلە دوو بن.
بۆ عەرەبەکانیش چارەسەری یەک دەوڵەت باش نابێت، چونکە دامودەزگاکانی ئەم دەوڵەتە دەمێکە ڕەگی داکوتاوە لە کۆمەڵگای جوودا و ئاسان نییە بە ئاسانی هاوسەنگییە تەواو بەدەست بهێنن. ئەوە جگە لە ناکۆکی لەسەر ئەوەی دەوڵەتەکە ناوی چی بێت، بەپێی ئەو پاشخانە مێژوویەی کە ئەوان بڕوایان پێیەتی، پێیانوایە کە ئەوان لەسەر حەقن و دەبێت دەوڵەتەکە مۆرکی عەرەبی پێوە بێت.
جگە لەوەش زەحمەتە ئاکتەرێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بدۆزیتەوە کە پشتگیری لەم جۆرە چارەسەر بکات. زۆرینە پێیانوایە کە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
زۆرترین سەردان
1
چۆن لە وەرزی هاوین بە ئاسانترین شێوە کێشی لەشت دادەبەزێنی؟
2
سیناریۆی جەنگی ساردی نێوان ئەردۆگان و ناتانیاهۆ
زیاتر بخوێنەرەوە
سیناریۆی جەنگی ساردی نێوان ئەردۆگان و ناتانیاهۆ
گۆڕان لە دەرکەوتن تا کەوتن
پێش حیزبسازی، مرۆڤسازی؛ تراژیدیای بزوتنەوەی گۆڕان و جینی تێکچووی حیزب لە کوردستان!
عەجاج تکریتی، وەک سیمبولی ستەمکاریی لەبەردەم قانوندا
چەکە درۆیینەکانی ترەمپ و گەمژەیی کورد
پێشمەرگە موسڵمان؛ لە خەونی "موفتیزادە"وە بۆ قەڵغانی "پاسداران"
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2026 Diplomatic Magazine