جۆرەکانی دەنگدەران و ڕێژەی بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردندا

2025-11-03
نووسینی: سەعید کاکەیی 

بەپێی زۆربەی توێژینەوە زانستیەکان دەنگدەران دابەش دەبنە سەر چوار جۆر. جۆری یەکەم بریتین لە ئەندامان و لایەنگرانی حزبە سیاسیەکان و بەشێکی کەمی موچەخۆرانی دەوڵەت. ڕێژەی ئەم جۆرە دەنگدەرانە لەنێوان (٢٥٪‏ بۆ ٣٠٪‏) کۆی گشتی دەنگدەرانە.

جۆری دووەم بریتین لە دەنگدەرانی خۆڵەمێشی و زۆربەی ھەرە زۆریان کارمەندی حکومەت و کاسبکاری کەرتی گشتین و ڕێژەی (٢٥٪‏) دەنگدەران پێکدەھێنن و لە دوا ڕۆژەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردندا بڕیاری بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن دەدەن لە ھەڵبژاردنەکاندا.

جۆری سێیەم بریتین لە دەنگدەرانی بایکۆتکاری ھەڵبژاردنەکان و زۆربەیان بریتین لە چالاکوانی سیاسی و مەدەنی بەرھەڵستکارانی حزبە تەقلیدی و خۆسەپێنەکانن و ڕێژەکەیان لە (٢٠٪‏)ی کۆی دەنگدەران تێپەڕ ناکات.

ھەرچی جۆری چوارەمە، ئەوا بریتین لەو دەنگدەرە سست و ناچالاکانەی ناو گۆڕەپانە سیاسیەکان کە نە باوەڕیان بە ھەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دیموکراسی ھەیە، نەش دەیانەوێت بەشداری بکەن لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا. ڕێژەی ئەم دەنگدەرانەش لەنێوان (٢٥٪‏ بۆ ٣٠٪‏)ی کۆی گشتی دەنگدەراندایە.

بۆیە، بە حوکمی شارەزاییم لە زانست و ھونەر و پیشەی ھەڵبژاردنە سیاسیەکاندا، پێشبینی ئەوە دەکەم کە لە باشترین حاڵەتدا ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئاستی عێراقدا لە (٣٥٪‏ بۆ ٤٠٪‏) بێت و لە ئاستی ھەرێمی کوردستانیشدا لە باشترین حاڵەتدا لە (٣٥٪‏) تێپەڕ نەکات، ئەمەش بەھۆی  خراپی بارودۆخی ئابووری ھاوڵاتیان و گرژییە سیاسیەکانی ناوماڵی کورد و سەرکوتکردن و پەرتەوازەبوونی حزب و لایەنە ناڕازیەکان.

لێرەدا ئەرك و بەرپرسیاریەتێکی قورس دەکەوێتە سەر شانی دەنگدەرانی خۆڵەمێشی و دەنگدەرانی بایکۆتکار بۆ بەرزکردنەوەی تای تەرازووی باڵانسی ھێزی پەرلەمانتاری پەیوەست بە ھەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگای دەنگدان بەو کاندیدە دەستپاك و خۆنەویست و نیشتمانپەروەرانەی ناو حزبە بچووکەکان و کاندیدە سەربەخۆکان، لەبەر دوو ھۆی سەرەکی و  گرنگ: لەلایەك، بۆ ئاگادارکردنەوەی ھاونیشتمانیان لە سەودا و مامەڵە یاسایی و بڕیارە پەرلەمانیەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  دەربارەی  مافە ڕەواکانی ھاونیشتمانیانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان؛ لەلاکەی تریشەوە، بۆ چاودێریکردن کاروبارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێیەکانی ناوچە جێناکۆکەکان.