یەکگرتوو سەنەوی معارەزەی وەرگرتەوە..

2025-11-15
حەی مامۆستا سەڵاحەدین بڕوات..
ئەمە قسەی مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین ئەمنیداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە لە بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوکات هەمووان پێیان وابوو کە یەکگرتوو حیزبی پێنجەمی کوردستانە و لەناو ئۆپۆزسیۆندا دەبێتە هێزی سێیەم، بەڵام کاتێک ئەنجامی هەڵبژاردن دەرچوو، قسەکەی مامۆستا سەڵاحەدین هاتەدی..
لە رابردوودا یەکگرتوو، لەدوای پارتی و یەکێتی هێزی سێیەم بووە و بەهێزترین موعارەزە بووە، بەڵام سەردەمێک هات، شتەکان گۆڕان، بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو، بووە هێزی سێیەم و گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن و خاوەنی نیو ملیۆن دەنگ بوو، بەڵام زۆر بەرگەی نەگرت و کەوت، لەدوای ئەو نەوەی نوێ هات و بە ماوەیەکی کەم بووە گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن و ٩ کورسی پەرلەمانی عێراق و ١٥ کورسی پەرلەمانی کوردستانی بردەوە، کەچی ئەویش نەیتوانی بەردەوام بێت و ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەوە.
لەدوای نەوەی نوێ، چاو لەسەر رەوتی هەڵوێست بوو، کە ببێتە هێزی سێیەمی کوردستان و دەنگی یەکەمی موعارەزە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ١٧٠ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و بووەوە بە هێزی سێیەمی کوردستان.
مامۆستا سەڵاحەدین دەیوت، ٢٠ ساڵ پێش ئێستا ئێمە خوێنمان ڕژا، بارەگاکانمان سوتێنرا، سەرکردەمان لێ شەهیدکرا لەپێناو معارەزەبوونمان، ئێستاش جارێکی دیکە سەنەوی موعارەزە گەڕایەوە لای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان..