مەسروور بارزانی فریای پارتی كەوت

یەكەمجارە پارتی لەناو هەولێردا دەبێتە زۆرینە
2025-11-15
بەدرێژایی مێژووی هەڵبژاردن لە كوردستاندا پارتی نەیتوانیوە كۆنترۆڵی ناوشاری هەولێر بكات و هەمیشە كەمتر لەنیوەی دەنگی ناوشاری هەولێری لەلابووە.

پراتی دیموكراتی كوردستان تەنها لەناو سەنتەری شاری هەولێر 115هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و بۆ جاری یەكەمە دەچێتە سەروو هێڵی 50%ی دەنگی سەنتەری شاری هەولێر.

بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستی دیپلۆماتیكدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2024 پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو سەنتەری شاری هەولێر تەنها 115 هەزار دەنگ و 41% ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە،لە بەرامبەردا لایەنەكانی دیكە پێكەوە 59 %ی دەنگەكانی سەنتەری هەولێریان لابوە و بەهەمویان زیاتر لە 130 هەزار دەنگی ناوسەنتەری شاری هەولێریان بردۆتەوە.

لەماوەی رابردوودا هەمیشە تانەی ئەوە لە پارتی دەدرا كە بە كەمتر لەنیوەی دەنگی ناوشاری هەولێەوە حوكمی پایتەخت دەكات و بەهۆی دەنگی قەزاكانەوە هاوكێشەی دەنگەكانی راست دەكاتەوە و دەبێتە زۆرینە،بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا پارتی ئەو نەفرەتەی تێپەراند و تەلیسمەكەی شكاند و دەنگەكانی زیادی كردووە بۆ  115 هەزار دەنگ و رێژەی 50.1% ی دەنگەكانی سەنتەری هەولێری بەدەستهێناوە لەبەرامبەردا حیزبەكانی دەرەوەی پارتی پێكەوە نزیكەی 30 هەزار دەنگ كەمیان كردووە و پێكەوە  49.9%ی دەنگەكانی سەنتەری شاری هەولێریان لایە.

بەدرێژایی هەڵبژاردن لە كوردستاندا بۆ جاری یەكەمە پارتی لەناو سەنتەری شاری هەولێردا دەبێتە زۆرینە و دەنگی زۆرینەی دانیشتوانی هەولێر مسۆگەر دەكات.ئەمەش والێكدەدرایەوە كە خەڵكی ناو شاری هەولێر لەگەڵ پارتی نین و دەنگی پێ‌ نادەن.بەشێكی ئەو دەنگە نارازیانەی هەولێر دەنگی نەبوون یان كەموكوڕی خزمەتگوزاری بوون لەشارەكەدا،لە نەبونی ئاو كارەبا و سوتەمەنی.

بەڵام لەماوەی رابردوودا مەسروور بارزانی بۆ گێرانەوەی دەنگی نارازی خەڵكی هەولێر دەستیكرد بە پرۆژە خزمەتگوزاریەكان و گەشەپێدانی شاری هەولێر.
دەتوانین بڵێین بەشێكی زۆری زیادبونی دەنگەكانی پارتی لە ناو هەولێردا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرۆژانەی لەماوەی رابردوودا مەسروور بارزانی ئەنجامیدان لەشارەكە لە پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و كارەبای 24 كاتژمێریی و تەواوكردنی شەقامەكانی سەد و بیست مەتری و سەدو پەنجا مەتری و ئەو رێگایانەی هەولێر دەبەستێتەوە بە شارەكانی دیكەوە.
بەهۆی ئەم پرۆژانەوە كێشەی ئاو و كارەبای گەرەكە هەژار نشینەكان چارەسەر كران و تارادەیەك دەستكاری شەقام و رێگاوبانەكانی شارەكە كرا.

زیاتر لەمانەش  دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی هەولێر و پاركی زانست ئەو دوو پرۆژەیە بوون كە مەسروور بارزانی بەڵێنی بە هەولێریەكاندا لەداهاتوودا بۆیان ئەنجام بدات و لە ماوەی رابردوودا سەرنجێكی گەورەی میدیای كەوتە سەر.