یەک بازنەیی قازانجە بۆ کورد یان هەڵەی ستراتیژیە ؟

2025-11-19
کاوە عەلی

چەند جارێک گوێبیستی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی عێراق بووین و ئەمڕۆش جەختی لێ کرایەوە....

لە ڕاستیدا یاسای هەڵبژاردن پێویست بەهەموارکردنەوە دەکات ، بەڵام بە زیادکردنی کورسی بۆ پارێزگاکانی هەرێم و بە تایبەت دیاریکردنی پێنج کورسی بۆ پارێزگای هەڵەبجە بەدەر لە ژمارەی دانیشتوان ، دەبێتە جێگرەوەی ئەوەی باسی لێ دەکرێت کە بە یەک بازنەیی بەدەست بێت....

یەک بازنەیی لە هەموو عێراق بۆ ئەم هەڵبژاردنە ، بە پێی ئەو دەنگانەی بەدەست هاتوون دەیگەیەنێتە ٦٣ کورسی ، کە ئێستا کورد بە فرە بازنەیی ٦٣ کورسی بە کۆتاکان هەیە.....
بەڵام لە ئایندەدا یەک بازنەیی گورزێکی وا لە کورد دەدات ، زیانی گەورەی لێ دەکات...

کورد نابێت تەنها بیرکردنەوەی ئەمڕۆ ببینێت و ئایندە لە یاد بکات ، نابێت چاوی لە دەستکەوتی کاتی و حیزبی بێت و دەستکەوتی ستراتیژی و بەرژەوەندی گشتی لەبیر چێت!!!

نازانم ئەو هەوڵانە دوای دیراسە و تاوتوێی تەواو  هاتووە کە داکۆکی لە یەک بازنەیی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێت یان تەنها لێدوان بەبێ لێکۆڵینەوە...

ئەگەر ئێمە  بە تەنها و بە ڕووکەشی سەیری ژمارەکانی ئەم هەڵبژاردنە بکەین لەوانەیە بکەوینە هەڵەی ستراتیژی!!! و مەغرور ببین بە ئەو دەنگانەی هاتووە!!! بەڵام بە ووردی سەیری بکەین ، شتێکی ترە:

لەم هەڵبژاردنە کورد لەسەرتاسەری عێراق بە کەرکوک و موسڵ و دیالە و بەغدا و واست و بەدەنگی کۆتاکان کە پێیان دراوە دەرنەچوو و وە دەرچوو ، بەو دەنگانەشی کە بە کاندیدی کورد لە لیستی غەیرە کورد دراوە دەگاتە 2,357,000 دەنگ لە کۆی 12,009,453 دەنگ 
واتە  لە %19,6 بۆ 320 کورسی =62.8=63 کورسی....

بەڵام ئەبێت ئەوە بزانین کە لەم هەڵبژاردنە و لە  ڕابردوودا ، لە دەرەوەی هەرێم:

1-  ڕێژەی بایکۆتکردن و نوێ نەکردنەوەی کارتی دەنگدان زۆر زیاترە بەراورد بە هەرێم ، لە ئایندەدا مەرج نییە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و لەوانەیە  ڕێژەی بایکۆتکردن دابەزێت ئەو کات ژمارەی کورسیەکانی کورد زۆر دادەبەزێت ، و نموونەی موسڵ و کەرکوک لە ئێستادا زۆر ڕوونە.

2- ژمارەی دانیشتوانی دەرەوەی هەرێم بەشێوەیەکی خێرا زیاد دەکات و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر تەمەنی دەگاتە مافی دەنگدان و لە هەرێم زۆر خاوە...

3- وەک چۆن ئێستا کۆتاکان نوێنەرایەتی خۆیان ناکەن ، ئەو کات زۆرێک شار و بگرە پارێزگاش نوێنەری نابێت و لە پارێزگایەکی گەورەوە دەنگەکان ئاڕاستە دەکرێن، وەک چۆن  پێشتر لە چۆمان تورکمان نەبوو بەڵام کاندیدیان دەرچوو ، وە لە شارباژێڕ مەسیحی نەبوو بەڵام کاندیدیان دەرچوو ، وە لە هێزە ئەمینیەکان کاندیدی کۆتاکان دەنگی خەیاڵیان هێنا و تەنها لەم هەڵبژاردنە  شەش کۆتا   106000 دەنگی کوردیان مسۆگەر کرد، ئەو کات لە خوارووی عێراق کاندید لە هەرێمی کوردستان دەردەچێت...
 
لە هەموو عێراق مافی دەنگدان نزیکە لە 30 ملیۆن کەس  بەڵام  21 ملیۆن  تۆمار هەبووە و 9 ملیۆن   ئامادە نەبووە کارتی دەنگدانی هەبێت و 12 ملیۆن دەنگی داوە و پوچەڵ و سوتاو زۆر بووە ....ئایا بەو شێوەیە دەمێنێت ئەگەر یەک بازنە بێت ؟ نەخێر بە ڕێژەی بەشداری پێکهاتەکان لە کەرکووک و موسڵ دیارە کە پێکهاتەکانی تر زیاد دەکات ، 
کورد لە موسڵ و کەرکوک زمارەی کورسی  دابەزیوە ، لەگەڵ ئەوەی دەنگی زیادی کردووە بەڵام ڕێژەی بەشداری ئەوانی تر زۆر زیادی کردووە....

 لەوانەیە   بۆچوونی پێچەوانەی سەرەوە هەبێت و پێم خۆشە کێ بە بەڵگە ئەگەر یەک بازنەیی سوودی لە ئایندەدا هەبێت بیخاتە ڕوو سوپاسی دەکەم....