کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
سیاسی
عێراق پێوویستی بە ئاشتەواییەکی گەورە هەیە
2025-11-24
فازڵ میرانی
دوای یەکلاكردنەوەی تانەکان، تەنیا پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ماوەتەوە، ئەمەش لایەنە براوەکان پابەند دەكات ئەو بەڵێنانەی لەكاتی هەڵبژاردن داویانە جێبەجێی بكەن، ئەو بەڵێنانەی کە لە بەرژەوەندی عێراقدایە، ئەو وڵاتەی کۆمەڵگەکەی دەیان ساڵ لە تەمەنی خۆی کردۆتە قوربانیی سیاسەتی تاکلایەنە، کە زیانی بە پێكهاتەی کۆمەڵایەتی گەیاندووە و ئەژنۆی نەوەكانی لە زەویدا و لە ڕێگەی سەلامەتی لایدان و بەربەستیشی لەبەردەم ئەو پێشكەوتنانە دروستكرد، كە شایستەی بوون.
ئەگەرچی ئەزموونی دیموکراسی لە عێراقدا، تا ڕادەیەک نوێیە، بەڵام ئەو بەرپرسیارێتییەی دەکەوێتە سەرشانی عیراقییەکان لەپێناو وڵاتەکەیاندا، پێویستە بۆ هەمووان وریاکەرەوە بێت، تا بە واقیعییەتێکی قووڵەوە لەگەڵ خۆیان و ئەوانی دیکەدا ڕاشکاوبن، بە مەبەستی دروستکردنی پرۆسەیەكی نیشتمانیی گشتگیر، لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، کە ببێتە بەنداوێک پارێزەر بۆ ژیانێکی باشتر و ڕێگە لەو بەبیابانبوونەش بگرێت، كە خاکەكەی وشك و لەتلەت كردووە و زەمینەی هاووڵاتیبوون و نیشتیمانەكەی شێواندووە.
من هۆشداری لە ئاماژەكانی مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییە کەڵەکەبووەكان دەدەم، كە هەردووكیان بەهۆی سیاسەتی پەراوێزخستنەوە هاتوونەتە ئارا و ئەگەر ئەم لەتلەتبوونەش بەردەوام بێت، ئەم هۆشدارییە بەسە بۆ هەستکردن بەم مەترسییە و پێویست دەكات کە بانگەواز بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتمانیی ناوخۆیی بكرێت، كۆنگرەیەك، کە سەرکردە بڕیاربەدەستەکانی عیراق بۆ گەلەكەیان و بۆ داهاتوو و بۆ مێژوو، هەڵوێستێکی مەزنی تیادا تۆمار بکەن. پێش ئەوەیش، دەبێت ڕێکخستنێک بکرێت بۆ سفرکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوماڵی سیاسیی پێکهاتەکان، چ سوننە لەنێو خۆیاندا و چ شیعە و هاوپەیمانەکانیان و چ لایەنە کوردستانییەکانیش.
کێشەکانی ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوە و خوێندنەوەی ئاستی تێگەیشتنمان لەو دەستوورەوە دەست پێ دەکات، کە خۆمان نووسیومانەتەوە و ڕاپرسیشمان بۆ قبووڵکردنی کردووە، ئەگەریش ئازایانە و بە وریاییەوە پابەندی بووینایە، هەرگیز بارودۆخەکە لەنێوخۆدا بەم ئەم ئاراستەیە نەدەڕۆیشت و لەسەر ئاستی هەرێمایەتیشدا زەرەرمان نەدەکرد و پەراوێز نەدەخراین.
دواخستن و ڕووبەڕوونەبوونەوەی کێشەکان، شێواندنی ڕاستییەکان و زیادەڕۆیی دەسەڵاتەکان بۆ سەر یەکتری، هەروەهاش پەلکێشانی ئەم زیادەڕۆییە بۆ ئەوەی لە سەرەوە و خوارەوەی پلیکانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بدات، لەگەڵ ئەوەیشدا ناتەبایی نەتەوەیی و مەزهەبی، هەموو ئەمانە بوونە هۆی زیاتر بێ ئومێدبوونی کۆمەڵگە و لاوازبوونی متمانە بە زۆربەی هێزە سیاسییەکان. لەبەر ئەوە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو چوارگۆشەیەی، کە پەراوێز خراوە و هەموو ئەم كێشە گەورانەش لەسەر بناغەی ئەوەوە دروست بوون، ئەو کێشانەی کە ئازاری عیراقییەکان و عیراقیان داوە، چ لە ژیانیاندا و چ لە خاک و پێگە و سامانەکەیاندا. ئەو چوارگۆشەیەش دەستوورە، کە ئەگەر پابەندی دەقەکانی بین، ڕێگەی ڕاستمان نیشان دەدات و بەپێچەوانەشەوە ڕێگەمان لێ ون دەكات.
عیراقی شارستانییەتەکان، لانکەی پێغەمبەران، مەزاری چاكەكاران، یەکەمین شوێن کە نووسین و یاسای داناوە و لانكەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکان بووە، شایستەی ئەوە نییە بەشێک لە خەڵکەکەی زیان بە ناوبانگی بگەیەنن و لە پێگە مەزنەکەی دووری بخەنەوە.
مێژوو شایەدی بۆ دەستپاکی و ئەمانەت و ڕاستگۆیی عیراقییەكان دەدات، هەر مێژوو مرۆڤدۆستی و هاوسۆزی و جوامێرییانی سەلماندووە، چارەنووس ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی یارمەتیدەری ستەملێکراو و دوژمنی زوڵم بن، هەرگیز خراپەكاری و گەندەڵیی بەرفراوان نەناسراون، ملکەچیی و قبووڵکردنی ژێردەستەییان لێ نەبینراوە، بەڵکو هەمیشە پەلەمان لە دوورخستنەوەی زوڵم و ناحەقی كردووە، لێبووردە بووین و پەرۆشی ئەمانەت بووین، بێگومان بووین لەوەی قەڵەم و چاوی غەیب، هیچ شتێكی گەورە و بچووك لەبیر ناکەن.
کاتی ئەوە هاتووە هێزە نیشتمانییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی ببینن بۆ گێڕانەوەی ئەو متمانەیەی خەریکە نامێنێت، بە شێوەیەک کە ئەرکەکان بە کەسانی پسپۆڕ بسپێردرێن و متمانە بەوانە بکرێت کە دەستیان پاک و زمانیان ڕاست و خاوەنی بەڵێنی خۆیانن.
کاتی ئەوە هاتووە بیسەلمێنین کە عەقڵمان فراوانە و ئیرادەی تێگەیشتن و تێگەیاندنمان هەیە، کە وڵاتەکەمان ناونیشانێکی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و پێویستە ناوەڕۆکەکەشی لەگەڵ چەمکەکەیدا بگونجێت، ئەویش (کۆمارێکی فیدراڵی دیموکراتی)ـیە. ئەم ناونیشانەش چەندین ڕووی نییە، بەڵکو دەقێکی ڕوون و ڕەهایە.
عیراق بە عەرەب و کورد و تورکمان و کلدۆئاشووری و سابیئەی مەندائییەکانییەوە، بە هەموو هێزە فیکری و ئایدیۆلۆژییە ئەكتیڤەكانییەوە، کە بە ئاشکرا کار دەکەن، بە هەموو نەتەوەكانییەوە، ژیانێکی ئارام و سەقامگیریان دەوێت. پێویستە دەسەڵاتێکی دەستپاک و بەتوانا و هۆشیار و بەهێز پاڵپشتیان بێت، کە لە ناوبانگی خراپ بەدوور بێت و هیچ هێزێكی ژێرژەمینی و دەوڵەتێكی دیكە دەستتێوەردانی تیادا نەكەن.
ئاشتەوایی، ڕاشکاوی، لێبووردەیی، ناسنامەی نیشتیمانی، سەروەریی تەواو، یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و ناوبانگی درەوشاوە، هەموو ئەمانە بەرهەمی نزیکن و دەیانچنینەوە، ئەگەر ڕێز لە دەستوورەکەمان بگرین و بەڵێنەکانمان لەژێر چەتری ناسنامەیەکی نیشتیمانیی بێ جیاوازی و هەڵاواردكردندا جێبەجێ بکەین، بەردەوامبوون لەسەر ئەم یەکترشکاندن و دژایەتییە، پەلكێشكردنی ئاگرە بۆ سەر پارچە نانەکەی خۆت بەبێ ئەوی تر، كە جگە لە شێواندن و سەرمەستبوونێكی کاتیی، هیچی تر نییە و تاوانەکەی لە ویژداندا ناسڕێتەوە.
وڵاتەکەمان شایستەی ئەوەیە و مافی بەسەرمانەوە هەیە کە خزمەتی بکەین. ئێستا ئەرکی سەرشانی هەموومانە، پرۆژە هاوبەشەكەمان ڕزگار بکەین، كە ئەویش بریتییە لە وەفاداری بۆ عیراق و نەتەوەكانی، وەفادارییەکی ڕاستگۆیانە، دەستوورییانە، یاساییانە، حزبییانە، سیاسییانە، دادپەروەرانە، پەرلەمانییانە و جێبەجێکارانە. ئێمە نامانەوێت لەو کەسانە بین کە خودا نیعمەتی پێ بەخشیوون و سوپاسی نیعمەتەکەیان نەکردووە.
زۆرترین سەردان
1
چۆن لە وەرزی هاوین بە ئاسانترین شێوە کێشی لەشت دادەبەزێنی؟
2
سیناریۆی جەنگی ساردی نێوان ئەردۆگان و ناتانیاهۆ
زیاتر بخوێنەرەوە
سیناریۆی جەنگی ساردی نێوان ئەردۆگان و ناتانیاهۆ
گۆڕان لە دەرکەوتن تا کەوتن
پێش حیزبسازی، مرۆڤسازی؛ تراژیدیای بزوتنەوەی گۆڕان و جینی تێکچووی حیزب لە کوردستان!
عەجاج تکریتی، وەک سیمبولی ستەمکاریی لەبەردەم قانوندا
چەکە درۆیینەکانی ترەمپ و گەمژەیی کورد
پێشمەرگە موسڵمان؛ لە خەونی "موفتیزادە"وە بۆ قەڵغانی "پاسداران"
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2026 Diplomatic Magazine