بارەگای بارزانی توركیای توڕەكرد

"سەردانەكەی بارزانی بۆ شەرناخ، دۆخەكەی ئاڵۆز كرد"
2025-12-03

دیبلۆماتیك

سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ شەرناخ بارگرژی و لێدوانی توندی لە نێوان پارتی و توركیادا لێكەوتووەتەوەو ئەوەش بە گوێرەی پەیوەندی بەهێزی نێوان پارتی و توركیا جێگای سەرنج و تێڕامانە.

كاتێك مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، بۆ بەشداری لە دیداری شاعیری ناوداری كورد " مەلای جەزیری" چووە شاری شەرناخ لە باكوری كوردستان، لەوێ پاسەوانە تایبەتەكانی خۆی ڕۆڵی پارێزگاریكردنیان لە بارزانی بینی.

پاش سەردانەكەی بارزانی، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا، لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەركەوتنی سەربازانی بیانی بە چەكەوە لە نیشتیمانەكەماندا شەرمەزارییەو سەروەرییەكان و یاساكانی كۆماری توركیا لەو سەردانەدا پێشێلكران.

دەوڵەت باخچەلی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "تورك گون" وتی، ئەو سیمپۆزیۆمەی مەسعود بارزانی بەشداری تێداكرد لە شرناخ، بوو بە شانۆگەری، ئەوە شەرمەزارییە سەربازی بیانی ببینین لە نیشتمانەكەمان بە چەكەوە بێن و بچن "مەبەستی پاسەوانەكانی مەسعود بارزانی بوم".
ئەو لەو چاوپێكەوتنە دەشڵێت:" دەوڵەتەكەمان خاوەنی دەسەڵات و توانا و لێهاتوویی پێوویستە بۆ پاراستنی هەموو سەردانكەرێك و لەو سەردانەدا، مافە سەروەرییەكان و یاساكانی كۆماری توركیا پێشێلكران، ئەوە هێرشێكی بە ئەنقەستە بوو بۆسەر ناوبانگی كۆماری توركیا".

بارەگای بارزانی، بە توندی وەڵامی لێدوان و قسەكانی دەوڵەت باخچەلی دایەوەو وتی:" باخچەلی وازی لە ڕەگەزپەرستی نەهێناوەو هێشتا گورگە بۆرەكەی جارانە".
 لە بەیاننامەكەیدا بارەگای بارزانی ڕایگەیاند:" بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوەو لێدوانی داوە كە دوورە لە هەموو عورفێك و خزمەتی هیچ لایەك ناكات".

بەپێی ناوەرۆكی ڕاگەیەنراوەكەی بارەگای بارزانی، ڕێوشوێنی پاراستنی بارزانی بەپێی ڕێكەوتن بووە، " قسەكانی باخچەلی لەحاڵێكدایە كە هەموو ئەو وردەكارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی گیرابووەبەر بەپێی تەوافوقێكی پڕۆتۆكۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێم و توركیا، لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەكاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەكانی توركیاش بۆ هەرێم یەكە سەربازییە تایبەتەكانی توركیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێك ڕووینەداوە".

بارەگای بارزانی توندتر دەربارەی باخچەلی دواوەو دەڵێن:" سەردانەكەی سەرۆك بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پررۆسەی ئاشتی كە باخچەلی ئیدعا دەكات پشتیوانی لێ دەكات. ئێمە وامان دەزانی كە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت كردووە و  وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە كە هێشتا گورگە بۆرەكەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا".


 
عومەر چەلیك، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان، دەسەڵاتداری توركیا، بەرانبەر ڕاگەیەنراوەكەی بارەگای بارزانی ڕایگەیاند:" ڕاگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانی سوكایەتیە بە دەوڵەت باخچەلی و جێگەی قبوڵ نییە و دەبێت راستبكرێتەوە، چونكە باخچەلی هیچ شتێكی نەرێنی بە شەخسی بارزانی نەوتووەو دەبێت راستبكرێتەوە".

 لەگەڵ وەستانەوە دژ بە ڕاگەیەنراوەكەی بارزانی، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان، ستایشی ڕۆڵی مەسعود بارزانی لە پرۆسەی ئاشتی توركیادا كردو وتی:" پشتیوانی بارزانی بۆ پرۆسەكەی توركیا و دامەزراندنی ناوچەیەكی دور لە تیرۆر زۆر گرنگە، پەیوەندییەكی زۆر باش و دۆستانەی لەگەڵ توركیادا پاراستوە لە هەموو بابەتەكاندا جگە لە پرسێك، ئەویش ریفراندۆم بوو".

دەربارەی دەركەوتنی پاسەوانەكانی بارزانی بە ئاڵای كوردستانەوە لە شەرناخ، عومەر چەلیك، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان ڕایگەیاند:" بێگومان ئەو وێنانە سەرنجی ناخۆش و نەرێنییان لێكەوتەوە، وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچون بۆ ئەو بابەتە دەكات. لە ئەنجامدا بارزانی لە پێگەیەكی فەرمیدا نەماوە، دەبوو ئاسایشی ئەو مسۆگەر بكرێت، دەوڵەتی توركیاش توانیای ئەوەی هەیە كە ئەو كارە بكات".

وەزارەتی دەرەوەی توركیا، توندتر دەربارەی ڕاگەیەنراوەكەی بارەگای هاتووەتە دەنگ و دەڵێت:" ئەو بەیاننامەیەی لەلایەن وتەبێژی بارەگای بارزانیەوە لەسەر دەوڵەت باخچەلی نوسراوە هەم لە ناوەڕۆك و هەم لە زمانەكەیدا جێگای قبوڵ نییە".

وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ناوەرۆكی ڕاگەیەنراوەكەی بارەگای بارزانی بەبێڕێزیكردن ناو دەبات و داوا لە پارتی دەكات كە بەپەلە ڕوونكردنەوە بدات:" وەزارەتی دەرەوەی توركیا داوا لە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، سەبارەت بەم لێدوانە بێڕێزی و ئیستفزازییە، كە تۆمەتی بێ بنەمای تێدایە، رونكردنەوەی بخاتەڕوو، وە بەپەلە رێوشوێن لە بەرامبەر بەرپرسیارانی بگرێتەبەر".


 ئەمڕۆ، چوارشەممە، میدیای توركی بڵاویكردەوە كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی توركیاوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە، سەبارەت بە لایەنی پرۆتۆكۆڵیی سەردانەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بۆ شەرناخ و بە وتەی وەزارەتی ناوخۆ، هێنانی هێزی پاسەوانیی بارزانی بەوشێوەیە، پێشێلكاریی یاسا بەركارەكانی توركیایە".

هاوكات، ئۆكتای سارال، ڕاوێژكاری سەرۆكایەتی توركیا ڕایگەیاند ئەوەی ڕوویدا "لێدان بوو لە كەرامەتی دەوڵەتی توركیا" كە بەو شێوەیە پاسەوانەكانی بارزانی چوونەتە 
خاكی توركیاوە".

هەرچەندە، ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕاستەوخۆ ناوی بارزانی نەهێنا، بەڵام ئەویش لەسەر ڕاگەیەنراوەکەی بارەگای بارزانی هاتە دەنگ و وتی:" دەمەوێت ئەوە دەرببڕم کە ئەو لێدوانانەی هاوپەیمانەکەمان دەوڵەت باخچەلی دەکاتە ئامانج، قبوڵ ناکرێت".

ئەردۆغان وتیشی:" هەردوو وتەبێژی حزبەکەمان و وەزارەتی دەرەوە ناڕەحەتی خۆیان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕیوەو داوای ڕوونکردنەوەمان کردووە. پێویستە ئەم هەڵە گەورەیە بەزووترین کات چاک بکرێتەوە و ڕاست بکرێتەوە".