كورد و شیعە و سونە،پۆستەكانیان بۆ یەكلا ناكرێتەوە

چاوەڕوانی كەشفكردنی دەستی یەكتر دەكەن
2025-12-24
هەرسێ‌ لایەنی كورد و شیعە و سونە تائێستا نەیانتوانیوە كاندیدی خۆیان بۆ پۆستە سیادیەكان یەكلابكەنەوە.

كورد تائێستا نەیتوانیوە پۆستی سەرۆك كۆمار یكلابكاتەوە.
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لەدوای 2006 ئەو پۆستەی لابووە،تائێستا كاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە ئاشكرانەكردووە.

هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو كە بافڵ تاڵەبانی خواستی بۆ پۆستەكە هەیە،بەڵام هێشتا كاردانەوەی پارتی و شیعەكان بەرامبەر بەو هەنگاوە دیار نییە،ئەوەش وایكردووە بافڵ تاڵەبانی دودڵ بێت لەوەی بەفەرمی كاندیدكردنی خۆی رابگەیەنێت.
لە ئێستادا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیشدا جگە لە بافڵ تاڵەبانی ناوی نزار ئامێدی دیارترین كاندیدە كە بۆ ئەو پۆستە ناوی دەهێنرێت.

هاوكات پارتی بەفەرمی رایگەیاندووە كە ئەوان پۆستەكە بە بەركەوتەی كورد دەزانن نەك یەكێتی و دەیانەوێت كەسێك لەو پۆستەبێت كە هەڵبژاردەی پارتیش بێت نەك بەتەنها یەكێتی.

بەپێی سەرچاوەیەك لەناو پارتی سێ‌ كەسایەتی سیاسی داوایان لە بارزانی كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پشتگیریان بكات،كە بریتین لە هەریەكە لە لەتیف رەشید و مەلابەختیار و فەریدون عەبدولقادر.

ئەگەر یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم نەگەنە رێكەوتن ئەوا پێ‌ ناچێت لەسەر كانیدی سەرۆك كۆماریش رێك بكەون و بە دوو یان سێ‌ كاندیدی جیاوە دەچنە ناو پەڕلەمان.

هەرچی سونەیە تائێستا لەسەر سەرۆكی پەڕلەمان نەگەیشتونەتە رێكەوتن و پێ‌ناچێت تا دانیشتنی یەكەمی پەڕلەمان خۆیان بۆ یەكلایی بكرێتەوە.

شیعەكانیش كە یەكلاكردنەوەی ئاڵۆزترین پۆستیان لە ئەستۆیە دوای ئەوەی شكستیان هێنا لە یەكلاكردنەوەی پۆستەكە بریاریاندا یەكلاكردنەوەی ناوی سەرۆك وەزیران بخەنە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە.