بۆچی فڕۆكە لیبییەكە لە توركیا كەوتەخوارەوە؟

2025-12-24
دیپلۆماتیك

محەمەد عەلی حەداد، سەرۆك ئەركانی سوپای لیبیا لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەی  لە نزیك شاری ئەنقەرە گیانی لەدەستدا.
دوێنێ، ڕۆژی سێ شەممە، محەمەد عەلی حەداد، سەرۆكی ئەركانی سوپای لیبیا لە ئەنقەرە چاوی بە بەرپرسانی باڵای سەربازی توركیا كەوت و لەكاتی گەڕانەوە بۆ لیبیا فرۆكەكەی لە ئەنقەرە كەوتە خوارەوەو بەپێی زانیارییەكان، خۆیی‌و تیمی فڕۆكەوانی فڕۆكەكەو چوار بەرپرسی دیكەی حكومەتی نیشتیمانی لیبیا كە لەگەڵیدابوون گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا، دوێنێ، محەمەد عەلی حەداد، سەرۆك ئەركانی سوپای لیبیا، لە ئەنقەرە لەگەڵ یاشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا و سەلجوق بەیراكتارئۆغڵو سەرۆك ئەركانی سوپای توركیا كۆبووەتەوەو ئەوان گفتوگۆیان دەربارەی هاوكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ حكومەتی نیشتیمانی لیبیا كردووە.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكانی تایبەت بە ڕووداوەكە، شەوی ڕابردو، فڕۆكەكە دوای نزیكەی 40 خولەك لە فڕینی بەسەر ئاسمانی ناوچەی حەیمانە لە پارێزگای ئەنقەرە داوای نیشتنەوەی بەپەلەی كردووە، بەڵام پاش ئەوە پەیوەندی لەگەڵ فڕۆكەوانەكە دەپچڕێت‌و فڕۆكەكە لە ڕادار ون دەبێت.
شەوی ڕابردوو، تیمەكانی گەڕان و فریاگوزاری توركیا پاش ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوان لە ناوچەیەكی شاخاوی دەوروبەری ئەنقەرە پاشماوەی فڕۆكە تێكشكاوەكەیان دۆزیەوەو تا ئێستاش سەبارەت بە هۆكاری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە باس لە كێشەی  تەكنیكی‌و خراپی بارودۆخی كەشوهەوا، یان هۆكارەكانی دیكە نەكراوەو ئەمەش وایكردووە كە چاودێرانی سیاسی پێیانوابێت كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە نا ئاسایی‌و پیلان بۆ داڕێژراوبێت.



حكومەتی یەكێتی نیشتیمانی لیبیا ڕایگەیاند كە لەگەڵ لایەنی توركیا لیژنەیەكیان بۆ بەدواداچوونی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی سەرۆك ئەركانی سوپای لیبیا پێكهێناوەو ئەو لیژنەیەی كە ئەركی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی توركیا و لێكۆڵینەوە لە كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی پێسپێردراوە، بەرەو توركیا بەڕێكەوتوون‌و لیژنەكە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەو ڕووداوە دەكات كە بووەتە هۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا.
هاوكات، وەزیری دادی توركیا، یەڵماز تونچ ڕایگەیاند "نووسینگەی داواكاری گشتی ئەنقەرە لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە دەستپێكردووە. 

عەبدولحەمید دبیبە، سەرۆك وەزیرانی لیبیا، لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی سەرنشینانی فڕۆكە لیبییەكەوە ڕایگەیاند، سەرۆك ئەركانی سوپای لیبیا و ڕاوێژكارەكەی محەمەد ئەلعەسەوی دیاب و سەرۆكی ئەركانی هێزە وشكانییەكان و لیوا فیتۆری غەریبیل و بەڕێوەبەری دەزگای پیشەسازی سەربازی، عەمید مەحمود ئەلقەتیوی و، وێنەگر لە نووسینگەی سەرۆك ئەركانی لیبیا محەمەد عومەر ئەحمەد مەحجووب، لە كاتی گەڕانەوەیان لە ئەنقەرەوە بۆ تەرابلوس بەهۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەیانەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
ڕاپۆرتە میدیاییەكان ئاماژە بەوە دەدەن ئەو فڕۆكەیەی كە محەمە عەلی حەدادو بەرپرسانی دیكەی لیبیای هەڵگرتبوو، فڕۆكەیجۆری فالكۆن" بووە.
  ئاژانسی " سكای نیوز"ی عەرەبی بڵاویكردووەتەوە كە، ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە لیبیییەكە، هاتوچۆی ئاسمانی لە ئاسمانی ئەنقەرە تێكداوەو بەپێی هەواڵی ئاژانسەكە، زانیاری‌و داتاكانی بەدواداچوونی گەشتە ئاسمانییەكان دەریانخستووە كە دوای ئەو ڕووداوە، فڕۆكەكان ڕێڕەوی خۆیان دەگۆڕن و لە فڕۆكەخانەی ئەنقەرە دووردەكەونەوە. 

 توركیا بۆ تێپەڕاندنی ئەو گەمارۆیەی كە یۆنان و قوبرس بەرانبەر بە وەدەستهێنانی غازی سروشتی خستوویانەتە سەری، ڕێكەوتنی لەگەڵ لیبیادا واژۆكردووەو بەر لە كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە لیبییەكەش، هەردوو سەرۆكی یۆنان‌و قوبرس، سەردانی ئیسرائیلیان كردووەو دیداریان لەگەڵ ناتانیاهۆدا سازداو بەوپێیەش كە محەمەد عەلی حەداد، سەرۆكی ئەركانی سوپای لیبیا، ڕۆڵی گەورەی هەیە لە پەیوەندییە سیاسی و سەربازی‌و تەنانەت ئابورییەكانی نێوان توركیاو لیبیا، بۆیە لە كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە لیبییەكەدا گومان دەخرێتە سەر ئیسرائیل.