کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
سیاسی
پێنج هەزار گەنجی عێراقی بۆ ڕووسیا دەجەنگن
2025-12-28
دیپلۆماتیك
ماوەیەكە بوونی نزیك بە پێنج هەزار گەنجی عێراقی لە ڕیزی سوپای ڕووسیا بووەتە دەنگوباسی میدیا عێراقیو عەرەبییەكان و لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا، میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق تۆڕێكیان دەستگیركردووە كە گەنجانی عێراقییان دەگەیاندە ڕووسیا بۆ ئەوەی لە پاڵ سوپای ئەو وڵاتەدا دژی ئۆكرانیا بجەنگن.
پرسو بابەتی گەنجە عێراقییەكانی ڕیزی سوپای ڕووسیا، ئەوكاتە دەنگیدایەوەو وروژا، كە چەند گەنجێكی عێراقی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە جلی سەربازییەوە ڤیدیۆی خۆیان بڵاوكردەوەو دەیانووت لە ڕیزی سووپای ڕووسیادان.
هەواڵی كوژرانی گەنجێكی پارێزگای " واست"ی عێراق، بەناوی " عەبدوڵا جبوری" كە لە ڕیزی سووپای ڕووسیادا، هێندەیتر دەنگوباسەكەی گەرمكردو جۆشدا.
لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی حەدەسی عێراقی، " ئەلبروس كۆتراشێف" باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، باسی لەو گەنجە عێراقییەكانە كرد كە هاوشانی سوپای ڕووسیا دژی ئۆكرانیا دەجەنگن.
باڵیۆزی ڕووسیا نەیشاردەوە كە ژمارەیەكی زۆر گەنجی عێراقی لە ڕیزی سوپای ڕووسیادا دژی سوپای ئۆكرانیا دەجەنگن و شەڕ دەكەن، بەڵام لەو چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ ئاژانسە عێراقییەكە وتی، بەهۆی پرسی بەشداریكردنی گەنجانی عێراقی لە ڕیزی سوپای ڕووسیا، بە ئامانجی لەكەداركردنی ڕووسیا، وڵاتەكەی ڕووبەڕووی هەڵمەتێكی توندی میدیایی بووەتەوە.
حسێن عەللاوی، ڕاوێژكاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەیزرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی" ئەلعەرەبیە" ئاماژەی بەوەدا كە نزیكەی پێنج هەزار گەنجی عێراقی لە لایەن ڕووسیاوە وەرگیراون، تا لە ڕیزی سوپای سوپای ئەو وڵاتەدا دژی ئۆكرانیا بجەنگن.
ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە كەناڵی ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاندووە كە عێراق ڕێوشوێنی توند دەگرێتەبەر بۆ چوونی گەنجانی عێراقی بۆ ناو ڕیزی سوپای ڕووسیا.
حسێن عەللاوی، لەو چاوپێكەوتنە تەلەفیزیۆنییەدا باسیلەوەش كرد كە بەغداد بە وردی چاودێری ناونووسكردنی عێراقییەكان دەكات كە چوونەتە ڕیزی سوپای ڕووسیا، ئەو وتی:" ناتوانرێت ژمارەی عێراقییەكان لە سوپای ڕووسیادا بەدیاریكراوی بزانرێت، بەڵام مەزندە دەكرێت نزیكەی 5000 عێراقی لەو سوپایە ناونووس كرابن".
سەرباری بەرفراوانبوونی دەنگوباسی گەنجە عێراقییەكانی ناو سوپای ڕووسیا، ئێستا لە ناوخۆی عێراقدا، نیگەرانی ئەوە هەیە كە تۆڕە جیاوازە كۆمەڵایەتییەكان و ناوەندەكانی گەنجان، بە بەڵێنی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ڕووسیو مووچەی زۆرو ژیانی خۆش، گەنجانی عێراقی فریو دەدەنو دەیانخەنە ڕیزی سوپای ڕووسیاوەو دژ بە ئۆكرانیا شەڕیان پێدەكەن.
لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵنەوە لەو پرسە پێكهێناو، ڕاپۆرتەكانی لیژنەكە، بەشداری ڕاستەقینەی گەنجانی عێراقی لە شەڕەكەدا پشتڕاستكردەوەو دەریخست كە سەدان گەنجی عێراقی لە ڕیزی سوپای ڕووسیادانو دژ بە ئۆكرانیا دەجەنگن.
باسو خواسو مشتومڕی عێراقییەكانی ناو سوپای ڕووسیا، زیاتر بە لێدوانەكانی باڵیۆزی ئۆكرانیا لە بەغداد پەرەیسەند، كاتێك كە بەفەرمی داوایكرد ڕێگری لە گەنجە عێراقییەكان بكرێت تا لە جەنگەكەدا نەبنە بەشێك لە سوپای ڕووسیا.
باڵیۆزی ئۆكرانیا لە بەغداد باسیلەوە كرد كە بە بەڵێنی سەرنجڕاكێشو پێدانی ڕەگەزنامەو پارەی زۆر گەنجە عێراقییەكان فریو دەدرێنو لە كۆتاییدا دەكەونە بارودۆخی سەختی شەڕەوەو ڕەنگە بنێردرێن بۆ مەترسیدارترین هێڵەكانی پێشەوەی جەنگ.
سەرباری زانیاریو ڕاپۆرتە نێوخۆییو دەرەكییەكان، سەرچاوە فەرمییەكانی ڕووسیا، بوونی بەرفراوانی گەنجانی عێراقی لە ڕیزی سوپای وڵاتەكەیان ڕەتدەكەنەوەو جەخت لەوە دەكەنەوە ئەوەی هەیە، بە ئامانجی عێراقییەكان دەستپێبكەن و جەختیان لەوە كردەوە كە ئەوەی ڕوودەدات دەنگۆیەو ئەگەر ژمارەیەكی كەمیش هەبێت كاری خۆبەخشی سنووردارە.
پاش بەدیلگرتنی گەنجێكی عێراقی كە لە ڕیزی سوپای ڕووسیا دژی ئۆكرانیا جەنگاوە،" ئیڤان دۆفهانیچ" باڵیۆزی ئۆكرانیا لە عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی " سۆمەریە نیوز" ڕایگەیاند:" ڕووسیا هاووڵاتیانی عێراقی بۆ شەڕكردن لە دژی ئۆكرانیا وەرئەگرێت".
بە وتەی باڵیۆزی ئۆكرانیا لە عێراق،"حكومەتی ڕووسیا بە بەڵێنی درۆینەی قازانجی خێرا و پێدانی زەوی و ڕەگەزنامەو ژیانێكی باشتر گەنجانی عێراق ڕادەكێشێتو دواتر دەیاننێرن بۆ مەترسیدارترین بەرەكانی شەڕ".
دەربارەی چوونی گەنجانی عێراقی بۆ ڕیزی سوپای ڕووسیاو جەنگانیان لە دژی ئۆكرانیا، " فایەق زەیدان" سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ڕایگەیاند كە یاسای عێراق، سزای زیندانیكردنی هەر كەسێك دەدات كە بەبێ مۆڵەتی فەرمی حكومەت بچێتە ناو هێزە چەكدارەكانی وڵاتێكی ترەوە.
فایەق زەیدان، لەمیانی پێكهێنانی لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی " قاسم ئەعرەجی" ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەركردنی پرسی عێراقییەكانی ناو سوپای ڕووسیا، دووپاتیشی كردەوە كە یاسای سزادانی عێراقی بە ڕوونی سزای بۆ هەر كەسێك دیاریكردووە كە بەبێ ڕەزامەندی فەرمی بچێتە ناو هێزە چەكدارەكانی وڵاتێكی ترەوە، سزاكانیش لە هەندێك حاڵەتدا دەگاتە زیندانیكردن.
زۆرترین سەردان
1
چۆن لە وەرزی هاوین بە ئاسانترین شێوە کێشی لەشت دادەبەزێنی؟
2
سیناریۆی جەنگی ساردی نێوان ئەردۆگان و ناتانیاهۆ
زیاتر بخوێنەرەوە
سیناریۆی جەنگی ساردی نێوان ئەردۆگان و ناتانیاهۆ
گۆڕان لە دەرکەوتن تا کەوتن
پێش حیزبسازی، مرۆڤسازی؛ تراژیدیای بزوتنەوەی گۆڕان و جینی تێکچووی حیزب لە کوردستان!
عەجاج تکریتی، وەک سیمبولی ستەمکاریی لەبەردەم قانوندا
چەکە درۆیینەکانی ترەمپ و گەمژەیی کورد
پێشمەرگە موسڵمان؛ لە خەونی "موفتیزادە"وە بۆ قەڵغانی "پاسداران"
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2026 Diplomatic Magazine