ئایا دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزویلا لەلایەن ئەمریکاوە یاساییە؟

پاساوی یاسایی دەستگیرکردنەکە چی بووە؟ 
2026-01-04
ئایا کۆنگرێس ئاگاداربووە؟

نوسینی: بەهمەن ئەحمەد

ئەمریکا زیاتر لە مانگێکە هەوڵی دەستگیرکردنی مادۆرۆ دەدات و بۆ ئەوەش لەو ماوەیەدا هەوڵیداوە پاساوێکی یاسایی و تاڕادەیەک نێودەڵەتی پیشانی جیهان بدات. 
سەرەتا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا مادۆرۆی بە دیکتاتۆر و سەرۆکی ناشەرعی ڤەنزویلا لەقەڵەمدا و داوای لێکرد دەسەڵات جێبهێڵێت، بەڵام نە مادۆرۆ بەگوێی کرد و نە ئەو دوو خاڵەش بوونە بنەمایەک بۆ شەرعییەتدان بە دەستگیرکردنی لەسەر خاکی وڵاتەکەی خۆی. 
دواتر دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ مادۆرۆیان بە پشتیوانیکردنی کۆمەڵێک گروپی قاچاخچی ماددەی هۆشبەر تۆمەتبارکرد کە ئەمریکا خستبوونییە ناو بازنەی تیرۆرەوە و بەوە تۆمەتباری کردبوون کە بەرپرسیارن لە گیانلەدەستدانی هەزاران هاوڵاتی ئەمریکا بە گەیاندنی ماددەی هۆشبەری نایاسایی بۆ وڵاتەکەیان.  
بۆ ئەوەی بەکرداری پیشانی جیهانی بدات کە سەرۆکی ڤەنزویلا سەرقاڵی هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەرە و دژایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات، لەمانگی ئەیلولی رابردووەوە واشنتن دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر چەند کەشتییەک لە ئاوەکانی دەریای کاریبین و زەریای هێمن و وای بڵاوکردەوە ئەو کەشتییانە ماددەی هۆشبەر بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا دەگوازنەوە و شارەزایانی یاسایشی هێنایە سەرخەت و رایانگەیاند ئەوانە یاساکانی ئەمریکا و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشیان پێشێلکردووە،  بۆ ئەو مەبەستەش 30 هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا و زیاتر لە 100 کەسیشی کوشت. 
دواتر لە لایەن دادوەرێکی باڵای نیو یۆرکەوە  بەتۆمەتی پشتگیریکردنی تیرۆر، گواستەنەو و کڕینی چەکی نایاسایی و سەرپەرشتیکردنی باندێکی نێودەوڵەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، فەرمانی  دەستگیرکردن بۆ مادۆرۆ، هاوسەرەکەی، کوڕەکەی و دوو بەرپرسی سیاسی ڤەنزویلا دەرکراو و وەزارەتی دادی ئەمریکاش رایگەیاند، پێویستیان بە هاوکاری سەربازیی هەیە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکە.  
پاش کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان و ناردنی تیمێکی باڵای دەزگای هەواڵگریی CIA بۆ پایتەختی ڤەنزویلا و تەرخانکردنی 50 ملیۆن دۆلار بۆ ئاشکراکردنی شوێن پێی مادۆرۆ و دەستنیشانکردنی شوێنی مانەوەی، ئێوارەی رۆژی شەممە 3ی کانوونی دووەمی 2026  دەستگیرکردنی مادۆرۆ لەشوێنی حەوانەوەی خۆی لەکاتی نوستندا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیەنرا. 
دواتر پام بۆندی داواکاری گشتی ئەمریکا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاند، مادۆرۆ لەسەر خاکی ئەمریکا  رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە. 
میدیاکانی ئەمریکاش ئەوەیان بڵاوکردەوە، شەوی دەستگیرکردنەکەی، سەرۆکی ڤەنزویلا، لە کاراکاسی ڤەنزویلاوە لەسەر کەشتییەکی جەنگی گوازراوەتەوە بۆ نیو یۆرک و لە هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ناوەندی راگرتنی زیندانییانی میترۆپۆلیتن راگیراوە و دواتر لە دادگای مانهاتن دادگایی دەکرێت. 
بەگوێرەی یاساکانی ئەمریکا، راگەیاندنی جەنگ و هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی دیکە دەبێت بە رەزامەندی کۆنگرێس بێت، بەڵام مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئاشکرایکرد، کۆنگرێس لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیکردنەکەی مادۆرۆ ئاگادار نەکراوەتەوە و راشیگەیاند، مادۆرۆ کۆمپانیای ئێرانی بانگهێشت کردووە و گەمەی سیاسی لەگەڵ ترەمپ کردووە، بۆیە باجەکەی دەدات، هاوکات ترەمپیش راگەیاند، لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێسەوە زانیاریی دزە دەکات، لەبەر ئەوە ئاگاداریان نەکردوونەتەوە. جەختیشی کردەوە خۆیان ڤەنزویلا بەڕێوەدەبەن.
لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا، وەک عورفێکی سیاسی، سەرۆکانی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان بەو پێیەی سەرۆکی فەرماندی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکان و بە بیانووی پاراستنی بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی کورت مەودا و سنووردار نەگەڕاونەتەوە بۆ کۆنگرێس و ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەیان لە چەند وڵاتێک ئەنجامداوە کە دیارترینیان دەستگیرکردنی مانیۆل نۆریگای سەرۆکی پێشووتری پانامابوو لە ساڵی 1990 بەهەمان تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر. 
پرسی یاسایی هێرشەکەی سەر مادۆرۆ لەناوخۆی ئەمریکا و دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی توندی لێگیرا، جێرمی پاوڵ، پرۆفیسۆر و شارەزا لە یاسای دەستووری لە زانکۆی نۆرز ئیسترن لە ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە هیچ بیانوویەکی یاسایی نەبوو و زۆر بێ مانایە سەرۆکی وڵاتێک لەناو خاکی وڵاتەکەی دەستگیر بکەیت و بیشڵێی ئێمە بەڕێوەی دەبەین.
لەبارەی ئەوەی ئایا یاسای نێودەوڵەتی پشتیوانی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی مادۆرۆ دەکات، پسپۆڕان لەوبارەیەوە دەڵێن، یاسایی نێودەوڵەتی رێگری لە بەکارهێنانی هێزی وڵاتێک دەکات لە ناو وڵاتێکی دیکە تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە بە فەرمانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ ئۆپەراسیۆنێکی کورتخایەنی دیاریکراو ئەنجامدەدرێت، هەروەها دەشڵێن وڵاتێک بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆی دەتوانێت لەناو وڵاتێکی دیکەدا ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات. 
ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا و بەهۆی ئەوەی لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەست دەکەن بە بنیادنانەوەی ژێرخانی نەوتی ڤەنزوێلا، شارەزایانی سیاسی و لەنێویاندا کامالا هاریس رکابەری ترەمپ و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا پێیانوایە هەموو ئامانجی ئیدارەی ترەمپ لە دەستگیرکردنی مادۆرۆ داگیرکردنی نەوتی ڤەنزیلایە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ئاشکرایکرد ئەو ئۆپەراسیۆنە پەیامێکە بۆ جیهان کە ترەمپ گەمەی لەگەڵ ناکرێت و پیاوی هەنگاوە کردارییەکانە و ئەوەی بیەوێت بەبێ سڵەمینەوە دەیکات.