ڕووداوی گەورەتر چاوەڕێی ناوچەکە دەکات.. سەردانەکەی (مامۆستا سەلاحەدین) مایەی نیگەرانی نییە

2026-01-22
د.سەلام عەبدولکەریم

پێچەوانەی هەموو ئەو تێڕوانینە ئایدۆلۆجی و حزبی و هزرییە کورتبینانەی تەنها لەیەک گۆشەوە رووداوەکان دەبینێ، سەردانی بەڕێز (مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین) ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم کاتەدا بۆ تورکیاو بینینی (هاکان فیدان)ی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەو شێوەیە نابینم، کە پڕە لەتەخوین و تەشهیر، بەڵکو من بەم ئاراستەیەی تردا لێکی دەدەمەوەو پێموایە بۆ دوو مەبەست رۆیشتووە:
یەکەمیان- پەیگیری و زانین و بەدواداچوونی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازی و چەکدارییە نوێیانەیە، کە بەخێرایی هاتوونەتە ئاراوە لەدوای هێرشکردنەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەو کورد لەرۆژئاوای کوردستان، کە وا دەخوێنرێتەوە ئامانجە سەرەکییەکە بەتەنها کورد نییە، بەڵکو کورد کەوتۆتە سەر ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕەوتی رووداوە گەورەکەو بەشێک لەزیندانیانی داعش لەژێر دەستیدابوو، کە لەپرۆژە نوێیەکەی ئەمەریکا بۆگۆڕانکاری لەعێراق و دواتریش ئێران ئامرازن، بەڵکو لەگەڵیدا قارسکردن و کورتکردنەوەی دەسەڵات و شکۆو بوونی هێزە شیعەکانی عێراق بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئامادەی رادەستکردنی چەک نەبوون، دوای ئەمانیش ئامانجە سەرەکییە گەورەکە، کە ئێران و دووریش نییە گۆڕانکاری بێت لەسیستەمی حکومڕانی ئێران لەهەنگاوەکانی داهاتوودا، بۆیە یەکگرتووی ئیسلامیش بەمافی خۆی زانیوە یەکێک لەو وڵاتانە ببینێت، کە ڕۆڵی میحوەری لەگۆڕانکارییە نوێیەکانی ناوچەکەدا پێسپێردراوە، کە تورکیایەو یاریکەرە سەرەکییەکەشی، کە (هاکان فیدان)ە. 
دووەم- سەرباری راو بۆچوونی جیاوازم لەهەندێ پرس و بابەتی سیاسی و هزرییدا، بەڵام هەمیشە گەشبین بووم، کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و خودی (مامۆستا  سەلاحەدین)یش ڕۆڵی خێرو ئاشتەواییان گێڕاوە لەئاستی پرسی کورد لەپارچەکانی کوردستاندا، تا ئەم ساتەوەختەی قسەی تێدا دەکەین هیچ بەڵگەنامەیەکم بەرچاو نەکەوتووە خیانەت و ناپاکی ئەوان بخاتەڕوو بسەلمێنێت، پاڵپشت بەم بۆچوونەم تائێستا هیچ بەیاننامەیەکی نە خودی بەڕێز (عەبدوڵا ئۆجەلان) و نە پەکەکەو نە بەڕێز (مەزڵوم عەبدی) و پەیەدەو هەسەدەشم بینیوە گلەیی یا تەخوینی یەکگرتووی ئیسلامی و خودی ئەمیندارەکانیشی بکەن، بۆیە گومانم نییە قسەی خێر دەکات بەئاراستەی ئاشتی و ئاشتەوایی و پارێزگاری لەمافەکانی کورد بەرۆژئاوای کوردستانیشەوە، بەتایبەت لەم کاتەدا هەڕەشەو مەترسی جدی گەیشتۆتە سەر بوونی کورد لەرۆژئاوای کوردستان و ئەرکی هەمووانە هەریەکەو بەو شێوەیەی لەتواناو هەگبەکەیدا هەیە ئەنجامی بدات لەقوربانیدانەوە تا خۆپیشاندان و هەوڵی دیپلۆماسی بۆ تەشەنەنەسەندنی زیاتری شەڕو هێرش و پەلامار بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و هەوڵی جینۆسایدو کوشتوبڕ.  بۆیە لەرابردووشدا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و مامۆستا (سەلاحەدین و مامۆستا محەمەد فەرەج)یش لەپرۆسەی ئاشتیدا ڕۆڵی خۆیان گێڕاوەو دەبێت ئینساف لەلێکدانەوەی رووداوەکان و مێژووشدا هەبێت.
ڕاستە کورد کەوتۆتە بەردەم بەرداشی چەوساندنەوەو کوشتوبڕ لەرۆژئاوای کوردستان و ئەرکی هەموومانە پشتیوانی بکەین، بەڵام رووداوی گەورە روودەدەن و بەپێی وتەی ئەمڕۆی فەرماندەیی هێزی هاوپەیمانان لەناوچەکە (سینتکۆم) نزیکەی (٧٠٠٠) حەوت هەزاری چەکداری داعشی کەمپەکانی هۆڵ و شەدادی و ناو سوریا بۆ عێراق گوازراونەتەوەو دەستکاری و دەستوەردان لەناوخۆی عێراق و ناوچە سوننە نشینەکان دوور نییە، بەتایبەت ڕۆژانی رابردوو ئازادکردن و  دەرهێنانی بەشێکی زۆری چەکدارانی داعشمان لەژێر دەستی هەسەدەو کورد بینی، هەرچەندە بەپێی وتەی دوێنێی (تۆم باراک)ی نێردەی (ترەمپ و ئەمەریکا) بەشێکی ئەو چەکدارانە لەژێر دەستی کورد دەهێڵنەوە، ئەگەر تا دواییش وابێت، ئاماژەیەکی باشترە. سەرباری ئەوەش پارتی دیموکراتی کوردستان هێزی بردۆتە ناوچە سنوورییەکانی سوریاو رۆژئاواو لەحاڵەتی ئامادەباشیدان و هەر ئەمڕۆش بەڕێز (مەسعود بارزانی) سەردانی ئیتالیای کردووە تا هەمووان بزانن چی نوێ ڕوودەدات لەئاییندەی ناوچە بەگشتی و چارەنووسی کورد بەتایبەت.
بۆیە هەر هەوڵێک بەئاراستەی دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لەرۆژئاوای کوردستان و پاراستنی دۆخی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەر حزب و کەسایەتی و سەرکردەیەکی سیاسییەوە بێت جێگای دەستخۆشییە، چونکە دەرکەوتەوە ئێمەی کوردو دۆزە ڕەواکەمان چەند کاڵایەکی هەرزانی نێو مامەڵەو قەواڵەی سیاسی زلهێزەکانی جیهانین. 
دڵنیاشم مامۆستا سەلاحەدین، کە گەڕایەوە بەشی ئەوەندە دڵسۆزی و خەمخۆری و نیشتیمانپەروەری تێدایە، کە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە هەولێرو سلێمانی لەرووداوو پێشهاتەکان و کۆبوونەوەو سەردانەکەی تورکیای ئاگادار دەکاتەوە، چونکە ئاگرێکی گەورە هەڵگیرساوە ئەرکی هەمووان بەرگری لەنەتەوەو خاک و نیشتیمان بکەین و بشتوانین ئاگرەکە دوور بخەینەوەو ڕێگریش بکەین لەهێرش و پەلاماری زیاتر بۆسەر خوشک و براو هاوزمانمان لەرۆژئاوای کوردستان. بۆیە سەردانەکەی مامۆستا سەلاحەدین مایەی نیگەرانی نییە، ئەگەر بڕیارە نیگەران بین لەو سەردانە، دەبێ لەگەڵیشیدا نیگەران بین لەبێدەنگی بەڕێز (د.لەتیف ڕەشید)ی سەرۆک کۆماری عێراق و بەڕێز (د.بەرهەم ساڵەح)ی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆئەوەی تەرازووەکە بەیەک لاو بەیەک تا نەپێوین و لاسەنگ نەبین، چونکە ئەوانیش دەتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و دوو قسەی خێر بۆ ڕاوەستاندنی کوشتوبڕو هێرش و پەلاماری سەر رۆژئاوای کوردستان بکەن.