گۆڕانی گردەکە و رەوتی هەڵوێست دەبن بە یەک..

2026-02-25
عەلی حەمە ساڵح، بڕیار دەری رەوتی هەڵوێست، خۆی پێشتر یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بوە و لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیشدا هەمیشە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کوڕانی نەوشیروان مستەفا هەبوە.
لە دوای هاتنە دەرەوەی لە گۆڕان و دروستکردنی رەوتی هەڵوێست، پەیوەندییەکەی لەگەڵ چیا نەوشیروان مستەفا وەک خۆی بە بەهێزی ماوەتەوە و بەردەوام دانیشتن و پەیوەندی و دیداریان هەبوە.
کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان وایکرد حیزبەکە نەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بکات، بۆیە گۆڕانی گردەکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا پشتیوانیان لە رەوتی هەڵوێست کرد و داوایان لەو کەسانە کرد کە بە قسەیان دەکەن و گوێیان لیدەگرن دەنگ بە رەوتی هەڵوێست بدەن.
بەوەش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پرسی بون بە یەک لەنێوان رەوتی هەڵوێست و گۆڕانی گردەکە بابەتێکی گەرمی دانیشتنەکانی عەلی حەمە ساڵح و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی رەوتی هەڵوێست بوە لەگەڵ چیا نەوشیروان مستەفا و یەک دوو کەس لە سەرکردە دیارەکانی گۆڕانی گردەکە..
لە دوای ئەوەی لە کۆنفرانسەکەی گۆڕان لە کەرکوک حیزبەکە بۆ گۆڕانی کوردسات یەکلا بویەوە، ئێستا پرسی بون بە یەک لەگەڵ رەوتی هەڵوێست بوەتە بابەتێکی جدیتر.
بەپێی زانیارییەکانی دیپلۆماتیک، چاوەڕی دەکرێت لە ماوەی جەند هەفتەی داهاتوو، نزیکبونەوەکە زیاتر ببێت.
لە لایەنی رەوتی هەڵوێستەوە لاریان نیە لە یەکگرتنەکە بەڵام لەگەڵ ئەوە نین ناوی حیزبەکە بە هیچ شێوەیەک بگۆڕێت و دەبێت کەسی یەکەمیش هەر عەلی حەمە سسڵح بێت.
بەڵام بەرپرسانی رەوتی هەڵوێست لاریان نیە لەوەی کۆنفرانسێک ببەسترێت و تێیدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێستای گردەکە بچنە سەرکردایەتی رەوتی هەڵوێستەوە.
هەرچۆنێک بێت ئەوەی رویداوە زیاتر لە ژورەکەی چیا نەوشیروان مستەفا بوە و شۆڕ نەبۆتەوە بۆ ناو بەرپرسانی دیکەی گۆڕانی گردەکە..
بەڵام پێناچێت ئەگەر یەکگرتن روو بدات، ناڕەزاییەکی ئەوتۆ هەبێت، بەوپێیەی قسەی یەکەم و کۆتایی گردەکە چیا نەوشیروان مستەفا دەیکات.
سەبارەت بەو خاڵەش کە ئایا گردەکە دەبێتە بارەگایەکی نوێی حیزبە تازەکە، بەرپرسانی رەوتی هەڵوێست حەز بەوە ناکەن، پێدەچێت لای چیا نەوشیروان مستەفاش ئەوە پەسەند بێت، کە گردەکە چیتر بارەگایەکی حیزبی نەبێت.