خەنجەرە ژەهراویەكەی پشتی تاران

سیخوڕەكان لە موشەكەكان مەترسیدارترن
2026-03-10
لە کاتێکدا ململانێی نێوان تاران و تەلئەبیب وەک شەڕێکی تەکنەلۆژی و موشەکی دەردەکەوێت، بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگریەكان باس لە ڕاستییەکی تاڵتر دەکەن بۆ ئێران؛ ئەویش "جەنگی سیخوڕەكانە".لە ناو جەرگەی بڕیاردا. 

ئەوەی تارانی هەژاندووە،بەتەنها موشەكە بالستی و قەڵا شكێنەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل نین،بەڵكو تۆڕی فراوانی ئەو سیخوڕانەیە كە وەكو شێرپەنجە هەموو جومگەیەكی وڵاتی گرتۆتەوە.

ئاشکرابوونی تۆڕێکی ٧٠٠ کەسی کە بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل کار دەکەن،بووەتە هۆی دروستکردنی بوومەلەرزەیەکی ئەمنی لە ناوخۆی ئێراندا.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "گاردیان"، سیخوڕەکانی مۆساد تەنها لە ئاستی نزمدا نەبوون،بەڵکو دزەکردنەکە سێ کایەی ستراتیژی گرتووەتەوە:

یەكەم:بەرنامەی موشەکی: زانیاری ورد لەسەر شوێن و تەکنەلۆژیای موشەکە بالیستییەکان لەلایەن سیخوڕەكانەوە گەیشتۆتە دەست مۆساد و سی ئای ئەی.
دووەم:دامەزراوە ئەتۆمییەکان:دزەكردنی نەخشەی تەواوی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و پێگە هەستیارەكانی کە چەندین جار ڕووبەڕووی تەقینەوە و لەناوبردن بوونەتەوە.

سێیەم:ناوەندی بڕیار: دزەکردن بۆ ناو بازنە هەرە نزیکەکانی "ڕێبەر" و فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران.

یەکێک لە خاڵە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم دۆسیەیە، شانازی کردنی ئاشکرای دەزگای مۆسادە. ئەوان دەڵێن وردیی موشەکەکانیان و سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکانیان (وەک تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی) تەنها پەیوەندی بە مانگە دەستکردەکانەوە نەبێت،بەڵکو پەیوەندی بەو "چاوان"وە هەیە کە لە ناو جەرگەی دەسەڵاتی ئێراندایە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مۆساد توانیویەتی "هاوسەنگەرانی دوێنێ" بکاتە "خەنجەری ژەهراوی" ئەمڕۆ.


تاران لە ماوەی ڕابردوودا چەندین کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە داوە، بەڵام وەک لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژەی پێکراوە، ئەمە تەنها بڕینی لاسکەکانە و "شێرپەنجە ئەمنییەکە" لە ناو جەستەی سیستەمەکەدا بڵاوبووەتەوە. خوێنبەربوونە ئەمنییەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بووە، چونکە متمانە لە نێوان بەرپرساندا لەرزۆک بووە.

گەورەترین مەترسی کە ئێستا ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی بووەتەوە، گومانی "هەمووان لە هەمووان"ـە. کاتێک ڕاوێژکارێکی باڵا یان فەرماندەیەکی سەربازی دەبێتە سیخوڕ، ئەمە مانای وایە هیچ کۆبوونەوەیەکی نهێنی و هیچ پلانێکی سەربازی پارێزراو نییە. ئەمەش وا دەکات تاران لە ناوخۆدا تووشی ئیفلیجی بڕیاردان ببێت.

لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنەکانی مۆساد لە ئێراندا لە قۆناغی "کۆکردنەوەی زانیاری" تێپەڕیوە بۆ قۆناغی "دروستکردنی بڕیار و تێکدان لە ناوەوە". ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەو "گورگە" کێیە کە لە تەنیشت بڕیاردەرەکان دانیشتووە و چاوەڕێی ساتەوەختی ڕاوکردن دەکات؟