کاتێک ئیستفزاز دەبێتە چەک، نیشتیمان دەبێتە قوربانی

2026-04-06
فارس نەورۆڵی


باوەڕ ناکەم هیچ حیزب و کەسایەتییەکی حیزبی و سیاسیی میللەتێک هەبێت لە کاتی شەڕ و هەڕەشەی دەرەکیدا، لەبری یەکڕیزی هەر خەریکی ئیستفزازکردنی یەکدی بن؛ واتە بەردەوام زمان و میدیا و کردارەکانیان بۆ توڕەکردن و هەڵچواندنی هەست و سۆزی گرووپەکانی دیکە یان کەسانی بەرامبەر بێت.
ئەم جۆرە کەسانە یان حیزبانە لە دۆخی قەیراندا سەرقاڵی ئیستفزازکردن بن، ئەوە—بیەوێت یان نەیەوێت—خزمەت بە دوژمنانی وڵات دەکات. لە هەمان کاتدا، وەڵامدانەوەی ئیستفزاز بە هەمان زمان کارێکی ئەرێنی نییە، بەڵکو خۆخستنە ئاستی سەرلێشێوایی و بچوکی ئەوانە دایە؛ لێرەدا  ئیستفزای یەکتر لە ناوخۆدا، لە کاتی جەنگ و قەیراندا، دەبێتە هۆی ترازانی زیاتر ی  پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.
بە داخەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەک وتار و یەکانیگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکری هەیە، هەندێک حیزب و کەسانی بێفکر و نادڵسۆز بۆ نیشتیمان هێشتا لە بازنەی ئیستفزاز و دژایەتیی ناوخۆدا گیریان خواردووە. ئیتر نازانم ڕاسپێردراون یان هێزی بیرکردنەوەیان هەر ئەوەندەیە.
ئایا ئەوەندە بەس نییە کە لە مێژوودا، لەبەر ئەنجامی ئەم ئیستفزازە ناوخۆییانە، لە چەندین وێستگەدا شکستمان خواردووە؟ ئێستاش ئەم یەکدژی و ئیستفزازکردنەی یەکدی خاڵی لاوازی کوردە کە دەرفەتی گەورە بە دوژمنان بدات لەو ڕێگەیەوە یاریمان پێ بکەن.
ئەگەر ئەم نا وشیارییە بەردەوام بێت و ئیستفزاز چەکی دەستمان بێت بۆ یەکتر ئاڵۆزکردن و وروژاندنی نەرێنی، دور نییە هەرێم بەرەو لێکترازانی زیاتر بڕوات؛ نەک تەنها پرۆسەی سیاسیی هەرێم بەرەو لاوازی بنەڕەتی دەبات، بەڵکو پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتیش هەڵدەوەشێنێت.
ئەم  زمانی  ئیستفزازە بۆ سەر ئاستی عێراقیش ڕاستە؛ لە عێراق، ئیستفزازی مەزهەبی، ئاینی و نەتەوەیی لە ناو هەموو پێکهاتەکاندا دژی یەکدیی بەردەوامە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. چونکە کاتێک گوتاری ئیستفزازی زاڵ دەبێت، گوتاری ئەقڵانی پاشەکشە دەکات.
بەڵام هێشتا دەرفەت ماوە بۆ گەڕانەوە بۆ وشیاریی نیشتیمانی و مەدەنی، کە بتوانرێ زمان و پێدراوەکانی  ئەقڵ ببێتە وتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا. ئەگەرنا، کاتێک ئیستفزاز دەبێتە وتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەوە نیشتیمان دەبێتە قوربانی.