ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران: بوومەلەرزەیەک لە ئیسرائیل

2026-04-09
لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان واشنتۆن و تاران، ناوەندی سیاسی و ئەمنی لە ئیسرائیلدا تووشی شۆکێکی قووڵ بووە. ئەم ڕووداوە کە وەک گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلەتیکی گەورە لە ناوچەکەدا دەبینرێت، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی و هێرشی بێپێشینەی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەدوای خۆیدا هێناوە. نەیارانی نەتەنیاهۆ پێیان وایە ئەم ئاگربەستە تەنها شکستێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو "کارەساتێکی نەتەوەییە" کە ئاسایشی ئیسرائیل بۆ دەیان ساڵ دەخاتە مەترسییەوە.
یائیر لافید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، بە زمانێکی زۆر توند و بێپەردە هێرشی کردە سەر نەتەنیاهۆ و ڕایگەیاند: "لە تەواوی مێژووماندا کارەساتێکی سیاسیی لەم شێوەیە ڕووی نەداوە." لافید جەختی لەسەر خاڵێکی زۆر هەستیار کردەوە کە برینداریی هەستی نەتەوەیی ئیسرائیلی نیشان دەدات، ئەویش ئەوەیە کە "ئیسرائیل تەنانەت لەسەر مێزی گفتوگۆکانیش نەبووە کاتێک بڕیارەکان سەبارەت بە جەوهەری ئاسایشی نەتەوەییمان دەدرا."
بە بڕوای لافید، نەتەنیاهۆ نەک هەر لە ڕووی سیاسی، بەڵکو لە ڕووی ستراتیژیشەوە شکستی هێناوە. ئەو دەڵێت نەتەنیاهۆ نەیتوانیوە هیچ کام لەو ئامانجانەی کە خۆی بۆ خۆی دیاری کردبوون بەدەست بهێنێت. لافید هۆکاری ئەم هەرەسە ستراتیژییە بۆ سێ خاڵ دەگەڕێنێتەوە: لوتبەرزی، کەمتەرخەمی و نەبوونی پلانی ستراتیژی. هەروەها هۆشداری دەدات کە "ساڵانێکی زۆری دەوێت تا بتوانین ئەو زیانە سیاسی و ستراتیژییانە چاک بکەینەوە کە نەتەنیاهۆ دروستی کردوون."
هاوتەریب لەگەڵ لافید، ماتی تسرفاتی هورکابی، ئەندامی کنێسێت، پەردەی لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەم قەیرانە لادا. هورکابی بە ڕاشکاوی نەتەنیاهۆی بە "لاواز، ترسنۆک و درۆزن" وەسف کرد. 
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین خاڵەکانی هێرشەکەی هورکابی ئاماژەدان بوو بە دوو فاقیی گوتاری سەرۆک وەزیران؛ ئەو وتی: "نەتەنیاهۆ بە زمانی عیبری بێدەنگە، بەڵام بە زمانی ئینگلیزی پیرۆزبایی لە ترامپ دەکات بۆ ئاگربەستەکە."
ئەم بێدەنگییە بە زمانی عیبری لای چاودێران وا لێکدەدرێتەوە کە نەتەنیاهۆ توانای ڕووبەڕووبوونەوەی شەقامی ئیسرائیلی و هاوپەیمانە توندڕەوەکانی ناو حکومەتەکەی نییە. هورکابی پێی وایە ئەم ئاگربەستە نیشانەی ئەوەیە کە شکستی سیاسی نەتەنیاهۆ گەیشتووەتە " ئاسمان" و چیتر ناتوانرێت بە دروشمی باق و بریق دابپۆشرێت.
میدیا باڵادەستەکانی ئیسرائیل، لەوانە هاڕێتس و یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، لاپەڕەکانیان پڕ کردووە لە شیکاری سەبارەت بە "پەراوێزخستنی ئیسرائیل".
 شیکەرەوە سەربازییەکان دەڵێن کاتێک واشنتۆن و تاران دەگەنە ڕێککەوتن و ئیسرائیل تەنها وەک "بینەر" دەمێنێتەوە، ئەمە واتای ئەوەیە کە "کارتی ئێرانی" نەتەنیاهۆ سووتاوە.
ئەم میدیایانە ئاماژە بەوە دەکەن کە نەتەنیاهۆ ساڵانێکی زۆرە بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەنها ئەو دەتوانێت ڕێگری لە ئێران بکات و کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی کۆشکی سپی هەبێت، بەڵام واقیعی ئێستا دەیسەلمێنێت کە ئیسرائیل لە هاوکێشە ئەمنییە گەورەکانی ناوچەکەدا بۆ پلەی دووەم و سێیەم پاشەکشەی کردووە.
لە ئێستادا، شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە تەلەبیب و قودس تەنها لەسەر کێشە ناوخۆییەکان نییە، بەڵکو پرسی "شکستی ئەمنی" بووەتە دروشمی سەرەکی. 
ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت ئەم شکستە دیپلۆماسییە بکاتە سەکۆیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە. ترسەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم ئاگربەستە دەرفەت بە ئێران و بریکارەکانی دەدات بۆ خۆڕێکخستنەوە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە قەیرانێکی سیاسی قووڵدا دەچەقێت.
لە ئێستادا،کۆدەنگییەک لەنێوان سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەشێکی زۆری میدیای ئیسرائیلیدا هەیە کە نەتەنیاهۆ لە گەورەترین تاقیکردنەوەی ستراتیژی ژیانی سیاسی خۆیدا شکستی هێناوە. وەک لافید ئاماژەی پێدا، زیانەکان ئەوەندە قووڵن کە چاککردنەوەیان کاتی زۆری دەوێت.
 ئێستا نەتەنیاهۆ لەنێوان دوو بەرداشدایە: یان دەبێت بە فەرمی دژی هاوپەیمانە مێژووییەکەی (ئەمریکا) بوەستێتەوە، یان دەبێت دان بە شکستی تەواوەتی ستراتیژیەتەکەیدا بنێت لە بەرامبەر ئێراندا. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، پێگەی سیاسی ئەو لە ناوخۆی ئیسرائیل بەرەو لێژییەکی مەترسیدار دەچێت.